هه‌ڵبه‌زو دابه‌زى نرخى خانوبه‌ره‌ له‌جیهان


ئاماره‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ساڵى رابردوودا، به‌رزترین نرخى خانوبه‌ره‌ له‌توركیا بووه‌ 14.32% گه‌شه‌ى كردوه‌، له‌دواى ئه‌ویشه‌وه‌ سوید به‌ 12.34%، قه‌ته‌ر 10.61%، چین 9.12%‌و رۆمانیا 7.74% به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى خانوبه‌ره‌یان به‌خۆیانه‌وه‌ بینیوه‌.

به‌پێى ئامارێك كه‌ سه‌نته‌رى globalpropertyguide بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، زۆرترین رێژه‌ى نزمبونه‌وه‌ى نرخى خانوبه‌ره‌ له‌ساڵى 2015دا له‌روسیا به‌رێژه‌ى 15.35% تۆمار كراوه‌، له‌دواى ئه‌و میسر، ئیمارات، پۆرتوریكۆ به‌پێى ریزبه‌ندى زۆرترین روبه‌رووى دابه‌زینى نرخ بونه‌ته‌وه‌‌و له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ نرخى خانوبه‌ره‌ له‌ئه‌مه‌ریكا‌و به‌رازیلیش ته‌واو دابه‌زیوه‌.

له‌دوبه‌ى، پاِش به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى خانوبه‌ر به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو له‌نێوان سلڵانى 2012 تا 2014، له‌سه‌ره‌تاى 2015دا نزمبونه‌وه‌یه‌كى به‌رچاوى به‌خۆیه‌وه‌ بینى. نرخى خانوبه‌ره‌ له‌ئاسیا به‌شێوه‌یه‌كى گشتى دابه‌زیوه‌، جگه‌ له‌ژاپۆن‌و هۆنگ كۆنگ. نرخى خانوبه‌ره‌ له‌هۆنگ كۆنگ له‌سێ مانگى یه‌كه‌مى ساڵى رابردودا 14.36% به‌رزبوه‌ته‌وه‌‌و بازاڕى خانوبه‌ره‌ له‌وڵاتانى چین، سه‌نگافوره‌، ڤێتنام‌و ئه‌نده‌نوسیا پێیناوه‌ته‌ قۆناغى دابه‌زینى نرخه‌وه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا، بازاڕى خانوبه‌ره‌ له‌ئه‌وروپا له‌بوژانه‌وه‌دایه‌، له‌پاش سویدو رۆمانیا، چه‌ندین وڵاتى دیكه‌ى كیشوه‌رى ئه‌ورپا به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى خانوبه‌ره‌یان به‌خۆیانه‌وه‌ بینیوه‌، له‌وانه‌ ئایسله‌ند (به‌ڕێژه‌ى 6.93%)، ئیرله‌ندا (به‌ڕێژه‌ى 6.53%)، ئیستوانیا (به‌ڕێژه‌ى 4.56%)، به‌ریتانیا (به‌ڕێژه‌ى 4.05%)، پرتوگال (به‌ڕێژه‌ى 3.99%)، هۆڵه‌ندا (به‌ڕێژه‌ى 3.95%)، كرواتیا (به‌ڕێژه‌ى 3.81%)، لیتوانیا (به‌ڕێژه‌ى 3.56) . هه‌روه‌ها وڵاتانى نه‌رویج‌و سویسراو سلۆڤاكیا‌و مه‌كدۆنیا‌و قوبرس‌و فنله‌نداش به‌ڕێژه‌یه‌كى كه‌متر به‌رزبونه‌وه‌ی نرخى خانوبه‌ره‌یان به‌خۆیانه‌وه‌ بینیوه‌.

توركیا، له‌نێو وڵاتانى ئه‌وروپادا یه‌كه‌مین وڵاته‌ كه‌ سه‌ربارى شه‌ڕ‌و گرژییه‌كانى ناوخۆو تێوه‌گلانى له‌جه‌نگى سوریا‌و عێراق‌و كوردستان، ناڕه‌زایى خه‌ڵكى له‌ده‌وڵه‌ت‌و دابه‌زینى نرخى دراوه‌كه‌ى، هێشتا نرخى خانوبه‌ره‌ روو له‌هه‌ڵكسانى به‌رده‌وامه‌. به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك كه‌ نرخى خانوبه‌ره‌ له‌م وڵاته‌دا 14% به‌رزبوه‌ته‌وه‌. توركیا له‌نێوان ساڵانى 2011 تا 2015 به‌رده‌وام له‌پله‌ى یه‌كه‌مى لیستى وڵاتانى ئه‌وروپادا بووه‌ له‌به‌رزبونه‌وه‌ى نرخى خانوبه‌ره‌دا. نرخى موڵك‌و خانوبه‌ره‌ى شوێنى نیشته‌جێبون له‌ماوه‌ى ئه‌م پێنج ساڵه‌ى دواییدا به‌ڕێژه‌ى 91% به‌رزبوه‌ته‌وه‌.

به‌ڵام له‌مساڵى 2016دا، هه‌ڵكشانى شه‌ڕى نێوان سوپاى توركیا‌و په‌كه‌كه‌، ته‌قینه‌وه‌و كاره‌ تیرۆریسته‌كان، بونى ئاواره‌یه‌كى زۆرى سوریاو هه‌وڵى كوده‌تاى سه‌رنه‌كه‌وتوانه‌ له‌دژى ئه‌ردۆغان، كاریگه‌رییان له‌سه‌ر وه‌به‌رهێنانى ده‌ره‌كى بوارى خانوبه‌ره‌ هه‌بوه‌، كه‌ رۆڵێكى گه‌وره‌یان له‌پێشخستنى بوارى بیناسازى‌و دروستكردنى ئاسمان روشێن‌و فرۆشتنى شوقه‌ له‌م وڵاته‌دا هه‌بوه‌. 
 
سوید، وڵاتێكى دیكه‌ى ئه‌ورپایه‌ كه‌ نرخى موڵكى نیشته‌جێبون  له‌ساڵى 2000ه‌وه‌ تا 2016 سه‌ربارى رودانى قه‌یرانى داراییش به‌رده‌وام له‌هه‌ڵكشاندا بووه‌. ئه‌ڵمانیا ته‌نها وڵاتى پیشه‌سازیى گه‌وره‌یه‌ كه‌ له‌ 10 ساڵى رابردودا نرخى خانوبه‌ره‌ به‌سه‌قامگیریى ماوه‌ته‌وه‌و له‌به‌رامبه‌ر شۆكى بازارَدا به‌هۆى ژێرخانى به‌هێزیه‌وه‌ نرخى جێگیره‌‌و ساڵانێكى زۆره‌ خواست له‌سه‌ر خانوبه‌ره‌ زۆره‌.
 
ئا:ڕێ – گۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی