ماڵدارى، چیرۆكێكى بێ بڕانه‌وه‌


ماڵدارى به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا له‌هه‌زاران ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه‌ روییدا، كاتێك ئیشوكار له‌نێوان ژن‌و پیاودا له‌سه‌ر بنه‌ماى هێزو بازوو دابه‌ش كرا، به‌ڵام له‌دواى شۆڕشى پیشه‌سازییه‌وه‌ مالأ له‌برى ئه‌وه‌ى شوێنى به‌رهه‌مهێنان بێت، بووه‌ شوێنێك بۆ مه‌سره‌ف كردن. 

ماڵدارى‌و كارى ماڵه‌وه‌ به‌درێژایى مێژوو له‌ڕووى ئابورییه‌وه‌ حسابى بۆ نه‌كراوه‌، ته‌نانه‌ت پێشكه‌وتنه‌كانى ته‌كنیك‌و ته‌كنه‌لۆژیاش نه‌بونه‌ هۆى دروستكردنى گۆڕانكارى له‌م كاره‌دا، به‌ڵكو هێشتا له‌زۆر شوێنى ئه‌م دنیایه‌دا ماڵدارى وه‌ك گرنگترین ئه‌ركى ژنان له‌ڕێگه‌ى پیرۆزكردنى رۆڵى دایكایه‌تى‌و هاوسه‌ریه‌تیه‌وه‌ ته‌نها جێى ستایش كردنه‌، نه‌ك كرێ‌و پاداشت.

ئه‌گه‌رچى ژنان ئه‌مڕۆ ئه‌و له‌و رابردووه‌یان دوركه‌وتونه‌ته‌وه‌‌و رۆڵێكى گرنگ له‌پێشخستنى كارو به‌رهه‌مهێنانى ئابورییدا ده‌بینن، به‌ڵام هێشتا هه‌لومه‌رجى كارو كاسپى بۆ ژنان له‌وڵاته‌ دواكه‌وتوه‌كان‌و تازه‌ گه‌شه‌پێكردوه‌كاندا له‌ئاستى پێویستدا نه‌ڕه‌خساوه‌. تۆژینه‌وه‌كان ده‌ریانخستووه‌ كه‌ به‌شدارى نه‌كردنى ژنان ئاسته‌نگى سه‌ره‌كى به‌رده‌م گه‌شه‌ى ئابورییه‌، كه‌ په‌یوه‌ندى به‌كلتورى كۆمه‌ڵگه‌كانه‌وه‌یه‌، ئه‌م تۆژینه‌وانه‌ ده‌ریانخستوه‌ كه‌ به‌هاو باوه‌ڕه‌ كلتورییه‌ باوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك، كاریگه‌ریى راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر رێژه‌ى كارى ژنان له‌بواره‌كانى به‌رهه‌مهێناندا هه‌بوه‌ هه‌بووه‌. 

كلتوره‌ كۆنزه‌رڤاتیڤ‌و كلاسیكییه‌كانى كۆمه‌ڵكه‌و ده‌سه‌ڵات هه‌میشه‌ بڕه‌وى به‌و باوه‌ڕه‌ ته‌قلیدیانه‌ داوه‌ كه‌ ئه‌ركى ژنان كورت بكه‌نه‌وه‌ بۆ ماڵدارى.