قه‌یرانی‌ دارایی بووته‌ هۆی زیادبوونی‌ ڕێژه‌ی تاوان و كوشتن

 
ده‌سته‌ی‌ سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت قه‌یرانی‌ دارایی بووته‌ هۆی زیادبوونی‌ ڕێژه‌ی تاوان و كوشتن و پێشێلكردنی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ.

 
به‌بۆنه‌ی ساڵڕۆژی جارنامه‌ی جیهانی مافه‌كانی مرۆڤه‌وه‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌ هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی بلاَوكرده‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت له‌كاتێكدا یادی جارنامه‌ی جیهانی مافه‌كانی مرۆڤ ده‌كه‌ینه‌وه‌ ڕه‌وشێكی قورسی ئابوری رووی له‌هه‌رێمی كوردستان كردوه‌ و موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان به‌رێژه‌یه‌ك كه‌مبۆته‌وه‌ و دواده‌كه‌وێت كه‌ كاریگه‌ری زۆری هه‌بووه‌ بۆ سه‌ر ژیانی هاووڵاتیان و چینی هه‌ژاران،  هه‌ر ئه‌وه‌ش بۆته‌ مایه‌ی هاتنه‌ پێشی ده‌یان رووداو و كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و زیادبونی تاوانه‌كانی كوشتن و خۆكوشتن و پێشیلكاری به‌رامبه‌ر مافه‌كانی ژنان و منداڵان و رۆژنامه‌نوسان وچین و توێژه‌كانی تری كۆمه‌ڵگا، هاوكات مه‌ترسی دواكه‌تن و فه‌وتانی پرۆسه‌ی خوێندن له‌ئارادیه‌.

ده‌سته‌ی‌ سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكردووه‌ كێشه‌و ململانێ سیاسه‌كان تا ئێستا به‌رده‌وامه‌ كه‌ به‌شێكه‌ له‌ كێشه‌ گشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و كاریگه‌ری بوه‌ له‌سه‌ر زۆر لایه‌نی ژیانی هاوڵاتیان و به‌تایبه‌ت نه‌بونی په‌رله‌مان كه‌ سه‌رچاوه‌ی ده‌ركردنی یاسایه‌ بۆ ریكخستنی ژیان و پرس و بابه‌ته‌ گرنگه‌كان و ده‌یان پرۆژه‌یاسا له‌ چاوه‌روانی رێك كه‌وتنی لایه‌نه‌ سیاسه‌كان و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ماونه‌ته‌وه‌و په‌سند نه‌كراون، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری نه‌رێنی هه‌بوه‌ له‌سه‌ر چین و توێژه‌ تایبه‌ته‌كان.