یەكێك لە گرنگترین دەرهاویشتەكانی دابەزینی نرخی لیرە بەرامبەر بە دۆلار، بریتییە لە بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە.
مورتا گتینكایا سەرۆكی بانكی ناوەندی توركیا ئاشكرای كرد، دابەزینی نرخی لیرە لە هەفتەی رابردوودا بێ وێنە بووە و ئەو دابەزینەش لە نرخی لیرە، كاریگەری بۆ سەر بەرزبوونەوەی هەڵاوسان لە سێ مانگی یەكەمی ساڵی ٢٠١٧ دەبێت.
نرخی لیرە گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمەریكی و ئەوەش هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ سەر ئابووریی توركیا. ئێستە هەر دۆلارێكی ئەمەریكی بە سێ لیرە و نیو دەفرۆشرێت.
سەرۆكی بانكی ناوەندی توركیا باسی لەوەش كرد كە زیان و كاریگەرییەكانی دابەزینی نرخی لیرە گرێ دراوە بەوەی چالاكییە ئابوورییەكان لە توركیا بەرەو چ ئاڕاستەكەیدا دەڕۆن.
ئەو پێشبینی كردووە رێژەی هەڵاوسان لە ساڵی داهاتوودا ٦.٥% بێت. سەرۆكی بانكەكە ئاماژەی بەوە نەكرد لە سێ مانگی یەكەمی ساڵەكەدا رێژەی هەڵاوسان چ بڕێك بەرز دەبێتەوە.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە نرخی لیرە بەرامبەر دۆلار بەرێژەی سەرووی ٢٠% شكاوە. بەو پێیە لیرەی توركیا لە دوای دراوی فەرمی مەكسیك، بە دووەم دراوی دنیا دێت كە لە بەرامبەر دۆلاردا دابەزینێكی زۆری تۆمار كردووە.
بازاڕی توركیا تەنیا لە دابەزینی بەهای لیرەدا زیانی بەرنەكەوتووە، بەڵكو بەهای كاغەزە دارایییەكانیش دابەزی و بەهای پشكی كۆمپانیاكانیش سەرووی ٢% دابەزیوە.
هەینی رابردوو ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بۆ پاڵپشتی لە دراوی وڵاتەكەی، داوای لە خەڵك كرد هەرچی دۆلاریان هەیە بە لیرە بیگۆڕنەوە.
پسپۆڕانی ئابووری پێیان وایە جگە لە رووداوە ئابوورییەكانی دنیا كە كاریگەری بۆ سەر ئابووریی ناوخۆی توركیا هەبووە، ئاڵۆزییەكانی ناوخۆی توركیا و ئەو سیاسەتانەی ئەردۆغان گرتوویەتە بەر، هۆكارێكی ترن لە دابەزینی نرخی لیرە و بەهای پشكەكان لە توركیا.