ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی ئێران لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا پڕۆژە پێشنیاری بانكی ناوەندی بۆ چاكسازی لە دراوی ئەو وڵاتەدا پەسەندكرد. بەپێی پڕۆژە پێشنیارەكەش بچوكترین یەكەی دراوی ئەو وڵاتە دەبێتە 1 تمەن كە بەرامبەر (10 ریاڵ)ی ئێستایە.
بانكی ناوەندی ئێران پێشتر لەبارەی پێویستی لابردنی سفرەكانی سەر دراوی نیشتمانی ئەو وڵاتەوە ئاماژەی بە هەڵئاوسانی ئابوری چوار دەیەی دوایی و دابەزینی توانای كڕینی یەكەی دراوی ئێستا دابو.
جێبەجێكردنی پڕۆژە پێشنیارەكە پێویستی بە رەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران و پەسەندكردنی ئەنجومەنی چاودێری ئەو وڵاتە هەیە.
ریال كە لە ساڵی 1929 و لە سەردەمی دەوڵەتی رەزا شای پەهلەوییەوە بوە یەكەی فەرمی دراوی ئێران، چەندین ساڵە لە ئاڵوگۆڕی رۆژانەدا كاری پێناكرێ و تەنیا لە حاڵەتی ژمێریاری و راگەیەندنە رەسمییەكاندا كاری پێدەكرا.
بەرپرسانی بانكی ناوەندی، بەكارهێنانی ئەو ژمارە گەورانە لە ئاڵوگۆڕی رۆژانەدا، دروستكردنی كێشە بۆ كاری ژمێریاری و خەزنەداری نوسینگەكان، نادڵنیایی بۆ هەڵگرتنی قەبارەیەكی زۆری پارە، دواكەوتن لە ریزی بانكەكان و كێشەی ژماردنی بڕێكی زۆرتر لە پارە، بە هۆكاری پێویستی ئەم گۆڕینە دەزانن.
مشتومڕی لابردنی سفرێكی دراوی نیشتمانی ئێران، پێشینەیەكی چەند ساڵەی هەیە و پێشنیاری گۆڕینیشی لە سەردەمی حكومەتەكەی ئەحمەدی نەژادەوە دەستی پێكرد.