بەگوێرەی ئامارە ڕەسمیەكان، لەماوەی 5 ساڵی رابردوودا نرخی شمەكو خزمەتگوزاریەكان لە سوریا بەڕێژەی لەسەدا 521 بەرزبۆتەوەو بەرزترین ڕێژەی هەڵئاوسانیش لە نرخی چێشتخانەو هۆتێلەكاندا تۆماركراوە.
بەگوێرەی داتاكانی نوسینگەی ناوەندی سوریا بۆ ئامار، لەپێش دەستپێكردنی جەنگو سەرهەڵدانی قەیرانەكان لەساڵی 2010دا، ڕێژەی هەڵئاوسان لەسەدا 17 پۆینت 8 بووە، بەڵام لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕو قەیرانەكانی سوریاوە، ڕۆژ بەڕۆژ نرخی شمەكو خزمەتگوزاریەكان ڕووی لە هەڵكشان كردوەو تاوەكو مانگی ئایاری ساڵی 2015، ڕێژەی هەڵئاوسان گەیشتۆتە لەسەدا 521.
بەجۆرێك نرخی خۆراك لەسەر بنەمای ساڵانە لەسەدا 44 پۆینت 5 بەرزبۆتەوە، هەروەها ڕێژەی هەڵئاوسان لە كەرتەكانی خانووبەرەو ئاو و كارەباو غازو سوتەمەنیەكانی تر گەیشتۆتە لەسەدا 298.
ئامارەكان ئەوەش ڕووندەكەنەوە: كە ڕێژەی هەڵئاوسان لەبواری تەندروستیدا لە مانگی ئایاری 2010وە تاوەكو هەمان ماوەی ساڵی 2015، لەسەدا 374 بەرزبۆتەوەو ڕێژەی هەڵئاوسانیش بۆ كەرتی پەروەردە لەسەدا 200 بووە، هەروەها بەرزترین ڕێژەی هەڵئاوسان لەنرخی چێشتخانەو هۆتێلەكاندا تۆماركراوە، كە بەراورد بەنرخی بنەڕەتی گەیشتۆتە لەسەدا هەزارو 318.