سندوقی دراوی نێودەوڵەتی رازی بوونی خۆی نیشاندا لەسەر پێدانی قەرز بە بڕی (٦١٧.٨ ) ملیۆن دۆلار بۆ عیراق، ئەوەش دوای تەواوکردنی یەکەمین پێداچوونەوە بۆ جێبەجێکردنی رێکەوتنی پلانی چاکسازی سێ ساڵی لەگەڵ عیراقدا.
لە ڕۆژانی ٦-١٠ ئەم مانگەدا لەواشنتۆن بەرپرسانی عیراق و ستافی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بەردەوامبوون لە گفتوگۆکانیان سەبارەت بە یەکەمین پێداچوونەوە بەو رێکەوتنە ٣٦ مانگەییەی نێوان عیراق و سندوقەکە بۆ پێدانی قەرز بە عیراق و رێکەوتنەکە لە ٧ی تەمووزی ئەمساڵدا لەلایەن بۆردی جێبەجێکاری سندوقی دراوی نێودەوڵەتییەوە پەسەندکرا.
بەپێی رێکەوتنەکە عیراق بڕی ٥.٣٤ ملیار دۆلار وەکو قەرز لە سندوقەکە وەردەگرێت. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٥ شدا عیراق بری ١.٢٤ میلیار دۆلاری وەکو یارمەتی خێرا وەرگرت.
سندوقەکە دوێنی لەبەیاننامەیەکدا لەسەر وێبسایتی فەرمی خۆی ڕایگەیاند “وەکو بەشێک لە تەواوکردنی یەکەمین پێداچوونەوەی خۆی بەرێکەوتنەکەدا، بۆردی جێبەجێکردنی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بەپێی رێکەوتنەکە پێداچوونەوەی خۆ تەواو کردووە بۆ دڵنیایی دارایی بە عیراق.”
ڕونیشیکردۆتەوە “ھەر لەو چوارچێوەیەدا بۆردەکە ڕازیبووە بە داوایەکی عیراق بۆ بەخشینی لە ڕاگەیاندنی پابەندنەبون بە کەمترین ئاستی بەردەوامی قەرزە دەرەکییە تازەکان و داواکردنی ھەموارکردنی پێوەرەکانی پێدانەوەی قەرزەکە”.
ھەروەھا بۆردەکە ڕازی بووە بە بەخشینی عیراق لەچەند مەرجێکی تایبەت بە جێبەجێکردنی کۆی یەدەگی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان و ڕەسیدی کۆی قەرزی گشتی سەر عیراق. لەگەڵ ڕازی بوون بە داوایەکی عیراق بۆ ھەموارکردنەوەی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی رێکەوتنەکە.
کریستیان یۆسز، سەرۆکی نێرەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ عیراق، رۆژی ١٢ ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ رایگەیاند “دەسەڵاتدارانی عیراقی پێشکەوتنی باشیان بەدەستھێناوە رووە و تەواوکردنی یەکەمین پێداچوونەوە بۆ رێکەوتنەکە”.
وتیشی “ھەرکاتێ لەسەر دابینکردنی زانیاری زیاتر و رێوشوێنەکانی تر -کە پێشتر لەسەر رێکەوتن کراوە- جێبەجێ کرا، ئەو کاتە بۆردی سندوقی دراوی نێودەڵەتی رەنگە لە مانگی تشرینی دووەم یان کانوونی یەکەمی داھاتوودا پێداچونەوەی یەکەم بەھەند وەردەگرێت”.
کریستیان یۆسز دەڵێت لەمیانی گفتوگۆکاندا، لەگەڵ عەلی ئەلعەلاق، بریکاری پارێزگای بانکی ناوەندی عیراق، فایل نەبی بریکاری وەزارەتی دارایی عیراق، مەزھەر سالح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عیراق و بەرپرسانی وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی عیراق و نوێنەرێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان. تیمەکە خۆشحاڵە سوپاسی دەسەڵاتدارانی عیراق بکات بۆ ھاوکارییان و ئەو گفتوگۆ کراوە و داھێنەرانەی ئەنجامدران.