• ئاشكرایه كه‌رتی وزه به‌گشتی پێكدێت له دوو سه‌رچاوه‌ی گرنگ كه بریتین له (نه‌وت‌و غازی سروشتی) له هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی خاوه‌ن نه‌وتن به‌كوردستانیشه‌وه گرنگییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه و ڕۆڵ و كاریگه‌ری گه‌وره‌ش ده‌بینێت له گه‌شه‌كردن‌و پێشخستن‌و بوژاندنه‌وه‌ی ژێرخان‌و سه‌رخانی سیاسه‌ت‌و ئابووری‌و ئه‌منی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی وڵات‌و كۆمه‌ڵگادا.
له هه‌مان كاتیش‌دا كه‌رتێكی زێده هه‌ستیاره‌و ده‌بێت ئیداره‌یه‌كی به‌هێزو شاره‌زاو خاوه‌ن ئه‌زموون بیبات به‌ڕێوه، سیاسه‌تێكی خۆماڵیانه‌و نیشتیمانیانه‌ی دڵسۆز‌و ده‌ستپاك‌و ئه‌مین سه‌رپه‌رشتی بكات دوور له گه‌نده‌ڵی‌و پاوانكردن‌و به‌تاڵانبردن و هه‌رزان فرۆشكردنی.
• ئاشكراشه له‌م سه‌رده‌م و قۆناغه‌ی جیهانی پێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، ئابووری‌و بازرگانی‌و بازاڕ‌و كۆمپانیا ئابوورییه زه‌به‌لاحه‌كان سیاسه‌ت كێش ده‌كه‌ن به دوای خۆیاندا‌و خاوه‌ن سه‌رمایه‌و كۆمپانیاكان دوا بڕیار ده‌ده‌ن ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر چاره‌نوسی ده‌سه‌ڵاتدارو سه‌رۆكی حكومه‌ت‌و وڵاتان‌و سیسته‌می حوكمڕانیه‌كانیشیان، بۆیه گرنگه ئیداره‌ی كه‌رتی نه‌وت‌و كه‌سه لێپرسراو و به‌ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌م كه‌رته شاره‌زاییه‌كی گه‌وره‌و زانیاری‌و زانستی باشیان هه‌بێت له سیاسه‌تی نه‌وتی دونیا‌و رێكخراوی ئۆپیك‌و كۆمپانیا ناودارو گه‌وره‌كانی بواری نه‌وت.
به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌كه‌ونه هه‌ڵه‌ی كوشنده‌و خراپ‌و به‌هه‌ڵه خوێندنه‌وه‌ی حسابات‌و هاوكێشه سیاسی‌و ئابوورییه‌كانه‌وه‌و دواتریش به زیانی گه‌وره ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌سه‌ر ئێستا‌و ئاینده‌ی وڵات‌و كۆمه‌ڵگادا.
• هه‌رێمی كوردستانی عیراق وه‌ك هه‌رێمێكی چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عیراقی فیدراڵی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خاوه‌ن سیاده‌و سه‌روه‌ری خۆی نییه‌و ناتوانێت وه‌ك وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ هاوبه‌شی بكات له كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه نێوده‌وڵه‌تی‌و دیدار‌و دانیشتنه‌كانی تایبه‌ت به وزه، هیچ كۆمپانیا‌و وڵاتێك به ره‌سمی نایناسن‌و مامه‌ڵه‌ی یاسایی و ئاسایی له‌گه‌ڵدا ناكه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی بوونی یه‌ده‌گێكی زۆر‌و زه‌وه‌ندی نه‌وت (50-70 ملیار به‌رمیل نه‌وت) و غازی سروشتی (7ر5 تریلیۆن مه‌تر سێجا) ی هه‌یه‌و هه‌رێمێكی ده‌وڵه‌مه‌نده‌و له‌سه‌ر ئاستی دونیا ڕێژه‌ی 5-8% وزه‌ی جیهان پێكدێنێت، كه ئه‌مه‌ش بۆخۆی سێ یه‌كی یه‌ده‌گی ده‌وڵه‌تی عیراق پێكدێنێت كه له بنچینه‌دا عیراق بۆ خۆی 4-5 ه‌م وڵاتی جیهانه له‌سه‌ر ئاستی بوونی یه‌ده‌گی نه‌وت‌و غازی سروشتی‌دا.
ده‌زگای پڕۆژه تایبه‌ته‌كان
• ئاشكرایه ده‌رهێنانی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ساڵی 2002وه ده‌ستی پێكردوه به‌شێوه‌یه‌كی بازرگانی، به‌ڵام له پێش ئه‌و بواره‌شدا له لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه له‌ساڵی 1994وه ده‌زگایه‌كی تایبه‌ت دامه‌زرا به‌ناوی (ده‌زگای پڕۆژه تایبه‌ته‌كان) كه سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵدانه‌وه‌ی بیره نه‌وته‌كانی ده‌كرد له ناوچه‌ی شیواشۆك له ته‌ق ته‌قی قه‌زای كۆیه‌و ده‌رهێنانی نه‌وته‌كه‌ی‌و فرۆشتنی به تانكه‌ر به ئێران‌و دواتر هه‌وڵدان بۆ دروستكردنی پاڵاوگه‌یه‌كی خۆماڵی له‌شاری سلێمانی‌و ئه‌وه‌بوو له 5/12/1997دا بۆ یه‌كه‌م جار نه‌وتی كوردی له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌ندازیاران و ته‌كنیككاران‌و كرێكارانی كورد خۆیه‌وه له پاڵاوگه‌یه‌كی كوردی بچوكه‌وه بپاڵێورێت و بۆ یه‌كه‌م جار له مێژوودا كورد نه‌وتی خۆی بۆخۆی‌و له ناوخۆی خۆیدا به‌كارهێنا كه ئه‌و كات عیراق‌و كوردستانیش له ژێر چه‌ندین گه‌مارۆی ئابووریدا بوون و ئه‌وه بۆ خۆی ده‌سكه‌وتێكی گه‌وره بوو بۆ ئه‌وكاته.
• دواتر‌و له دوای ڕزگاركردنی عیراقه‌وه له ساڵی 2003دا هه‌رێمی كوردستان كه‌وته خۆی بۆ هێنانی كۆمپانیای نه‌وتی جۆربه‌جۆر له‌گه‌وره‌و بچوك و مامناوه‌ندی دونیاوه بۆ هه‌رێم به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕان و پشكنین و دۆزینه‌وه و هه‌ڵكه‌ندنی بیری نه‌وت و گه‌شه و پێشخستنی به‌رهه‌م و دواتر فرۆشتنی‌و هه‌نارده‌كردنی بۆ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان‌و عیراق.
سه‌ره‌تا له ژێر چاودێری و به ئاگاداری كۆمپانیای فرۆشتنی نه‌وتی عیراقی (سۆمۆ) بوو و دواتریش له 15/6/2015وه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ نه‌وت ده‌رده‌هێنرا و ده‌فرۆشرا دوای ئه‌وه‌ی عیراق له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2014وه به‌شه پشكی هه‌رێمی 17% ی له بودجه‌ی گشتی عیراق بڕی و نه‌ینارد بۆ حكومه‌تی هه‌رێم.
هه‌رێم جیاواز له عیراق، سیسته‌می گرێبه‌ستی نه‌وتی به‌شێوه‌ی (هاوبه‌شی) پیاده‌كرد له كاتێكدا له عیراق سیسته‌می گرێبه‌سته نه‌وتیه‌كان به‌شێوه‌ی (خزمه‌تگوزاری) بوو. كه ئه‌مه‌ش لایه‌نی باش و خراپیان هه‌یه بۆ هه‌رێم وعیراقیش.
له سه‌ره‌تای هێنانی ئه‌م كۆمپانیایانه‌وه بۆ هه‌رێم له سه‌رده‌می دوو ئیداره‌یی (سلێمانی و هه‌ولێر)ه‌وه تاكو كابینه‌ی شه‌شه‌می حكومه‌تی هه‌رێم 42 گرێبه‌ستی نه‌وتی واژۆكراوه كه یه‌كه‌م گرێبه‌ست له‌به‌رواری 17/7/2002وه بووه له‌لایه‌ن به‌ڕێز د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح سه‌رۆكی حكومه‌تی ئیداره‌ی سلێمانییه‌وه. زیاد له 26 كۆمپانیای بواری نه‌وتی جیهانی هاتونه‌ته كوردستانه‌وه له كۆمپانیای (ئه‌مریكی و كه‌نه‌دی و توركی و نه‌رویجی و…هتد)
1. یه‌كه‌م گرێبه‌ستی نه‌وتی كه واژۆكراوه له لایه‌ن یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه بووه له سه‌رده‌می دوو ئیداره‌ییدا له سلێمانی له‌لایه‌ن د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د له 17/7/2002دا.
2. له قۆناغی یه‌كگرتنه‌وه‌ی دوو ئیداره‌یدا، پارتی گرێبه‌ستی 2 كێڵگه‌ی نه‌وتی كردوه له كێڵگه‌كانی (ئه‌ربیل و تاوكی) له 25/6/2004دا كه نێچرڤان بارزانی ئیمزای كردوون.
3. له كابینه‌ی 5ی حكومه‌تدا بۆ یه‌كه‌م جار وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان دامه‌زرا بۆ سه‌رپه‌رشتی ئیشوكاری نه‌وت و غازی سروشتی.
4. یاسای ژماره 22 ی ساڵی 2007 ی گاز و نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان په‌سه‌ندكرا.
5. حكومه‌تی هه‌رێم له‌ساڵی 2007 گرێبه‌ستی له‌سه‌ر 14 كێڵگه‌ی نه‌وتی كردوه (ئه‌ین سفنی، ئاكری– بجێل، ئه‌تروش، بازیان، هه‌ولێر، مه‌لائۆمه‌ر، میران، سه‌رسه‌نگ، ڕۆڤی، شێخان، باكوری سه‌نگاو، شۆڕش، سه‌رتا و سندی ، ئامێدی)
6. حكومه‌تی هه‌رێم له‌ساڵی 2008-2009دا گرێبه‌ستی له‌سه‌ر 12 كێڵگه‌ی نه‌وتی كردوه (به‌رده‌ڕه‌ش، دهۆك، قه‌ره‌داغ، قوشته‌په، تۆپخانه، باشوری سه‌نگاو، عه‌ربه‌ت، چیاسورخ، به‌رانان، به‌ربه‌هر، تازه، شێخ ئادی).
7. ئه‌م گرێبه‌ستانه له لایه‌ن هه‌ریه‌كه له ئاشتی هه‌ورامی یان نێچیرڤان بارزانی یان عومه‌ر فەتاح له جیاتی ئه‌نجومه‌نی نه‌وت و گازی هه‌رێمی واژۆیان له‌سه‌ر كراوه.
8. د. به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د له‌ماوه‌ی 2 ساڵی سه‌رۆكی كابینه‌ی 6دا واژۆی له‌سه‌ر 9 گرێبه‌ست كردوه له كێڵگه‌كانی(سولێڤانا، دینارته، ناوه‌ندی دهۆك، هه‌ریر، پیره‌مه‌گرون، سه‌فین، قه‌ڵادزی، شه‌كرۆك، گه‌رمیان).
9. له قۆناغی دوو ئیداره‌ییه‌وه تا كابینه‌ی 6ی یه‌كگرتوو له هه‌رێمی كوردستاندا 42 گرێبه‌ستی نه‌وتی واژۆیان له‌سه‌ر كراوه.
10. به‌و گرێبه‌ستانه‌ی كه واژۆی (د.به‌رهه‌م یان فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر یان عومه‌ر فه‌تاح)، یان دواتر له لایه‌ن د.به‌رهه‌مه‌وه هه‌موارو به‌سه‌رداچوونه‌وه‌یان بۆ كراوه‌ته‌وه و جارێكی تر واژۆی كردونه‌ته‌وه، یه‌كێتی واژۆی له‌سه‌ر 40 گرێبه‌ست كردوه له كۆی 42 گرێبه‌ست كه پارتی ئه‌و 2 ی واژۆكردوه.
• بۆ یه‌كه‌م جار له كابینه‌ی پێنجه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا وه‌زاره‌تێكی تایبه‌تمه‌ند دامه‌زرا بۆ سه‌رپه‌رشتی ئیشوكاری بواری نه‌وت به‌ناوی (وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كان) ئیدی له‌و كاته‌وه تاكو ئێستا له‌لایه‌ن ئاشتی هه‌ورامییە‌وه ده‌برێت به‌ڕێوه.
هه‌روه‌ها له‌ساڵی 2007دا یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌ناوی ((یاسای غاز و نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان)) به ژماره 22 ده‌رچوو بۆ ڕێكخستنی كه‌رتی نه‌وت و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌غدادا.
ئه‌م یاسایه بۆ خۆی گرنگی گه‌وره‌ی هه‌یه چونكه ده‌بوه هۆی شه‌فاف بوونی كه‌رتی نه‌وت و داهات و خه‌رجیه‌كانی چونكه ئه‌نجومه‌نێكی باڵای نه‌وت و غازی هه‌رێمی دروستكردبوو له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی 4 كۆمپانیا بۆ گه‌ڕان و پشكنین و ده‌رهێنان و فرۆشتن و سندوقێكیش بۆ كۆكردنه‌وه‌ی داهاته نه‌وتییه‌كان، به‌ڵام به‌داخه‌وه تاكو ئێستا ئه‌و یاسایه ئاكتیڤ و كارا نه‌كراوه و كاری پێناكرێت.
ئه‌و كات ئه‌و یاسایه بۆ ڕێگه‌گرتن بوو له به‌غدا بۆ ده‌ستخستنه ناو كاروباری نه‌وتی هه‌رێم و دیاریكردنی ئه‌و بیره نه‌وتانه‌ی كه له‌ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمدان و ئه‌وانه‌شی به‌هاوبه‌شی ده‌برێن به‌ڕێوه كه دیاریكرابوو به 15/8/2005 وه‌ك له ده‌ستووری عیراقی‌دا هاتبوو چونكه هه‌ندێك بیره نه‌وت ده‌كه‌وتنه ناوچه جێگه ناكۆكه‌كان و ده‌بوو به هاوبه‌شی ببرێن به‌ڕێوه.
سیاسه‌تی نه‌وتی هه‌رێم له نێوان شه‌فاف بوون و تاریكانداندا
هه‌ر له سه‌ره‌تاوه سیاسه‌تی نه‌وتی هه‌رێم به نه‌زانین‌و نه شاره‌زایی ده‌ستی پێكردو به‌رده‌وامیش بوو له تاریكاندن‌و دوورخستنه‌وه‌ی كه‌سانی پسپۆڕ‌و شاره‌زای بواره‌كه له ناوخۆداو تاریكاندنی سه‌رجه‌م جومگه‌و ئیشوكاره‌كانی له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌شداو وه‌زاره‌ته‌كه‌و وه‌زیره‌كه‌ش پاوان كرا بۆ حزبێكی سیاسی دیاریكراو. ئه‌وه‌تا ماوه‌ی 10 ساڵ زیاتره هیچ گۆڕانكارییه‌ك له‌و وه‌زاره‌ت و وه‌زیره‌دا نه‌كراوه.
ئه‌م وه‌زاره‌ته پیاده‌ی سیاسه‌تی حزبه‌كه‌ی خۆی پارتی دیموكراتی كوردستانی ده‌كرد، به‌هۆی نه‌زانینه‌وه بێت یان به ئه‌نقه‌ست ده‌یان گرێبه‌ستی نه‌وتی واژۆكراوه كه هیچیان به قازانجی كوردستان نه‌شكاونه‌ته‌وه‌و ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندی و سوودو قازانجی كۆمپانیا و وڵاتانی دراوسێی لێكه‌وتۆته‌وه.
ئه‌م وه‌زاره‌ته له هه‌نگاوی یه‌كه‌مه‌وه كه بریتییه له هێنانی كۆمپانیاكان و دواتر گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ كردنیان و گه‌ڕان و پشكنین و ده‌رهێنان و فرۆشتنی نه‌وته‌كه‌دا هه‌موو به نهێنی و ژێربه‌ژێر كردوه و تا ئێستاش داهاتی نه‌وتی كوردستان وه‌ك مه‌ته‌ڵێكی لێهاتوه و كه‌م كه‌س ده‌یزانێت و داهاته‌كه‌شی دیار نییه‌و حكومه‌تی هه‌رێم ته‌نانه‌ت ناتوانێت لانی كه‌می ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتیان و فه‌رمانبه‌ران و مووچه خۆران دابین بكات كه بریتیه له موچه‌ی مانگانه و له سه‌ره‌تای ساڵی 2016 شه‌وه بۆته چاره‌كه مووچه‌یه‌ك.
ئه‌م ناشه‌فافیه‌ت و ناڕوونییه له سیاسه‌ت و ئیداره‌ی نه‌وتدا ته‌نها و ته‌نها له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی حزب و سه‌ركرده و بنه‌ماڵه و وڵاتانی دراوسێ و كۆمپانیا نه‌وتییه‌كاندا شكاوه‌ته‌وه دوور له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و نیشتیمان كه ته‌نها برسیكردن و بڕی مووچه‌كردنیان بۆ ماوه‌ته‌وه.
• بڕی به‌رهه‌می نه‌وتی به‌رهه‌مهێنراو له ڕاپۆرتی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كانه‌وه له ماوه‌ی نێوانی مانگی 1/2015 تا مانگی 9/2016 :2 كه له لایه‌ن كۆمپانیاكانی نه‌وته‌وه كه كاریان كردوه له كێڵگه نه‌وتییه جیاوازه‌كان له هه‌رێمی كوردستاندا كه بریتین له:
1. له ماوه‌ی 12 مانگی ساڵی 2015 دا هه‌رێمی كوردستان رۆژانه بڕی 6919380 به‌رمیل نه‌وتی به‌رهه‌مهێناوه كه له ساڵه‌كه‌دا ده‌كاته 207581400 به‌رمیل نه‌وت.
2. له ماوه‌ی 12 مانگی ساڵی 2015 دا هه‌رێمی كوردستان رۆژانه بڕی 4797765 به‌رمیل نه‌وتی فرۆشتوه كه له ساڵه‌كه‌دا ده‌كاته 143932950 به‌رمیل نه‌وت.
3. له ماوه‌ی 12 مانگی ساڵی 2015 دا هه‌رێمی كوردستان ڕۆژانه بڕی 1205327 به‌رمیل نه‌وتی ناردوه بۆ پاڵاوگه‌كانی ناوخۆ كه له ساڵه‌كه‌دا ده‌كاته 36159810 به‌رمیل نه‌وت.
4. له‌ماوه‌ی 12 مانگی ساڵی 2015 دا هه‌رێمی كوردستان ڕۆژانه بڕی 916288 به‌رمیل نه‌وتی به بازرگانی ناوخۆ فرۆشتوه كه له ساڵه‌كه‌دا ده‌كاته 27488640 به‌رمیل نه‌وت.
5. له ماوه‌ی 9 مانگی ساڵی 2016 دا هه‌رێمی كوردستان ڕۆژانه بڕی 4749096 به‌رمیل نه‌وتی به‌رهه‌م هێناوه كه له ساڵه‌كه‌دا ده‌كاته 207581400 به‌رمیل نه‌وت.
6. له ماوه‌ی 9 مانگی ساڵی 2016 دا هه‌رێمی كوردستان ڕۆژانه بڕی 4029700 به‌رمیل نه‌وتی فرۆشتوه كه له ساڵه‌كه‌دا ده‌كاته 142472880 به‌رمیل نه‌وت.
7. له ماوه‌ی 9 مانگی ساڵی 2016 دا هه‌رێمی كوردستان ڕۆژانه بڕی 554046 به‌رمیل نه‌وتی ناردوه بۆ پاڵاوگه‌كانی ناوخۆ كه له ساڵه‌كه‌دا ده‌كاته 16621380 به‌رمیل نه‌وت.
8. له ماوه‌ی 9 مانگی ساڵی 2016دا هه‌رێمی كوردستان ڕۆژانه بڕی 165348 به‌رمیل نه‌وتی به بازرگانی ناوخۆ فرۆشتوه كه له ساڵه‌كه‌دا ده‌كاته 4960440 به‌رمیل نه‌وت.
9. به پێی ڕاپۆرتی كۆمپانیا نه‌وتییه به‌رهه‌مهێنه‌كان …كۆی بڕی نه‌وتی به‌رهه‌م هاتووی ڕۆژانه له 9 مانگی 2016دا بریتیه له ((4749104)) به‌رمیل نه‌وت كه له مانگێكدا ده‌كاته ((142473120)) به‌رمیل نه‌وت، به‌ڵام كۆی بڕه نه‌وتی (هه‌نارده‌كراو+ بۆ پاڵاوگه‌كان+ بازرگانی ناوخۆیی) بریتییه له ((153412410)) به‌رمیل نه‌وت، واته بڕی نه‌وتی فرۆشراو زیاتره له بڕی نه‌وتی به‌رهه‌مهاتوو، كه ئه‌مه جێگه‌ی پرسیاره؟
له هه‌مان كاتدا ئاماژه به راپۆرتی مانگانه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان بۆ هه‌مان 9 مانگی 2016 كۆی بڕه نه‌وتی هه‌نارده‌كراو بریتییه له ((131122179)) به‌رمیل نه‌وت.. لێره‌شدا جیاوازی له نێوان ژماره‌كانی كۆمپانیاكان و وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كاندا هه‌یه كه كۆمپانیاكان بڕی نه‌وتی فرۆشراویان زیاتره له راپۆرته‌كانی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان به بڕی ((22290231)) به‌رمیل نه‌وت.
پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئه‌و بڕه نه‌وته‌ی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان ده‌ری نه‌خستوه بۆ كوێ چوه؟ بۆ حسابی كێ چوه؟ گه‌ر نرخی 1 به‌رمیل به 31 دۆلار دابنێین ئه‌وا ده‌كاته ((690997161)) دۆلار كه به‌شی 1 مووچه‌ی ته‌واوی فه‌رمانبه‌ران ده‌كات.
10. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج و تێبینییه ئه‌وه‌یه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له 9 مانگی ساڵی 2016دا بڕی 142472880 به‌رمیل نه‌وتی فرۆشتوه كه ناوه‌نجی نرخی یه‌ك به‌رمیل به پێی داهاتی ئه‌و بڕه نه‌وته بریتییه له 31 دۆلار، كه‌واته ئه‌و بڕه نه‌وته پاره‌كه‌ی ده‌كاته 4416659280 دۆلار، وه‌ك ڕاگه‌یه‌نراوه بۆ مووچه‌ی ته‌واوی مانگانه بڕی 650 ملیۆن دۆلار پێویسته، كه‌واته ئه‌و بڕه داهاته‌ی ئه‌و 9 مانگه به‌شی 6 مووچه و نیوی ته‌واو ده‌كات، به‌ڵام حكومه‌ت ته‌نها له‌ساڵی 2016دا 9 چاره‌كه مووچه دابه‌ش ده‌كات كه له ئێستادا له‌كۆتایی ساڵ نزیك بوینه‌ته‌وه‌و ته‌نها مانگی 12 ماوه له ساڵی 2016 دا، كه‌واته ئه‌و 9 چاره‌ك مووچه‌یه ده‌كاته 1462500000 دۆلار.
هه‌ر بۆیه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ساڵی 2016دا 3 چاره‌كه مووچه‌ی مانگه‌كانی 10 و 11 و 12 /2016ی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ و ناتوانێت بیداته مووچه‌خۆران.
به‌م شێوه‌یه بێت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌نها 2 مووچه و نیوی ته‌واوی فه‌رمانبه‌رانی پێده‌درێت. كه‌واته حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕی 5850000000 دۆلاری مافی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانی له‌لایه‌و نه‌یداوه له ساڵی 2016 دا. ئه‌مه بۆخۆی جێگه‌ی پرسیاره و گومانه‌كان له سه‌ر شه‌فافیه‌ت و روونی سیاسه‌تی فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان به سه‌ربه‌خۆیی زیاد ده‌كات.
• لێره‌دا پرسیارێك دروست ده‌بێت، ئایا نه‌وتی هه‌رێم و فرۆشتنی و داهاته‌كه‌ی به‌شی پێداویستی ژیانی كۆمه‌ڵگای كوردستان ناكات؟ ئایا هه‌رێم ناتوانێت به‌و بڕه نه‌وته‌ی ده‌ریده‌هێنێت مووچه‌ی ته‌واو بدات؟ یان داهاتی نه‌وته‌كه زۆرینه‌ی ده‌ڕوات به قازانجی لایه‌نی تر؟
به‌دڵنیایی ئه‌و بڕه نه‌وته‌ی ده‌رده‌هێنرێت به پێی ئامار و ڕاپۆرته‌كانی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم زۆر به سانایی به‌شی مووچه و خه‌رجیه‌كانی حكومه‌تیش ده‌كات سه‌ره‌ڕای (قه‌یرانی دارایی و بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره 1550000 و به‌رده‌وامی شه‌ڕی داعش‌یش)، گه‌ر به ئه‌مانه‌ت و دڵسۆزی و نه‌زیهیه‌وه ئیداره‌ی بدرێت و گه‌نده‌ڵی و شاردنه‌وه و بردنی به‌نایاسایی نه‌بێت. هه‌روه‌ها ده‌توانرێت نه‌ك چاره‌كه مووچه به‌ڵكو مووچه‌ی ته‌واوی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانیش بدات، ئه‌مه‌ی لای خواره‌وه خشته‌یه‌كه به‌داهاتی نه‌وتی هه‌رێم و بڕی فرۆشتنی و بڕی قه‌رزی دراوه به كۆمپانیاكان، مانگانه له‌سه‌ره‌تای مانگی 1/2016 وه تا مانگی 10/2016: 3
به‌م شێوه‌یه ده‌بینین وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كان له ساڵی 2016دا بڕی ((150158409)) به‌رمیل نه‌وتی فرۆشتوه كه پاره‌كه‌ی ده‌كاته ((4784350889)) ملیار دۆلار. بڕی ((976865046)) دۆلاری داوه‌ته‌وه به قه‌رزی كۆمپانیاكاندا. كه به‌شی ((یه‌ك مانگ و نیو)) مووچه‌ی ته‌واوی فه‌رمانبه‌رانی ده‌كرد كه وه‌كو خۆیان ڕایانگه‌یاندوه كه بڕی 650 ملیۆن دۆلار پێویسته بۆ مووچه‌ی ته‌واوی یه‌ك مانگ.
سیاسه‌تی فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم به سه‌ربه‌خۆ بۆچی؟ له پێناوی چیدا؟ سه‌ركه‌وتوو بوو یان فه‌شه‌لی هێنا؟
ئاشكرایه له ئه‌نجامی قه‌یرانی دارایی كه به‌رۆكی دونیا به گشتی‌و ناوچه‌كه‌و عیراق‌و كوردستانیش به تایبه‌تی گرتۆته‌وه، له‌به‌رامبه‌ر بڕیاری فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێمیش به‌بێ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی داهاته‌كانی بۆ حكومه‌تی به‌غدا، له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2014وه حكومه‌تی به‌غدا به‌شی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕی كه ڕێژه‌ی 17% بوو و مانگانه ده‌یكرده 1 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار، به زیادیشه‌وه به‌شی مووچه‌و هه‌موو خه‌رجییه‌كانی هه‌رێمی ده‌كرد، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵی‌و مووچه‌خۆره بندیوار‌و ناوی دووباره‌و وه‌همی و ..هتد. هه‌ر ئه‌م كاره‌ی حكومه‌تی به‌غدا وایكرد حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ست بداته قه‌رز وه‌رگرتن له كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان و نه‌وت به پێشه‌كی بفرۆشێت‌و پاره‌كه‌ی وه‌ربگرێت بۆ ئه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بدات و ده‌ست ببات بۆ پاره‌ی كۆمپانیا ناوخۆییه ئه‌هلیه‌كان‌و لێبڕینی فه‌رمانبه‌ران بۆ خانه‌نشینی‌و پاره‌ی كۆكراوه‌ی كۆمه‌ك‌و هاوكاری بۆ نه‌خۆشخانه‌ی هیوای تایبه‌ت به نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌و.. هتد.
هه‌روه‌ها له پێناوی به‌رده‌وامبوونی كه‌رته‌كانی سووته‌مه‌نی‌و كاره‌باو كارگه‌كان‌و ته‌ندروستی‌و …هتد. قه‌رزی زۆری له وڵاتانی توركیا‌و ئێران‌و كۆمپانیاكانی ده‌رمان و… هتد كردوه كه وه‌ك له ڕاپۆرتی وه‌زیری دارایی و ئابووری هه‌رێمی كوردستانی له‌كارخراودا ((ڕێباز حه‌ملان)) له 15/12/2015دا بڵاویكردۆته‌وه تا ئه‌و كاته هه‌رێم بڕی 20 ملیار دۆلار قه‌رزی ناوخۆیی‌و ده‌ره‌كی له‌سه‌ر بووه‌و له ئێستادا به دڵنیاییه‌وه گه‌یشتۆته 30 ملیار دۆلار‌و زیاتریش به‌بێ سووده‌كانی. 4
• وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاشكرا كراوه له لایه‌ن وه‌زیری دارایی و ئابووری هه‌رێمی كوردستانه‌وه (رێباز حه‌ملان) له راپۆرتێكدا كه له به‌رواری 15/12/2015دا بڵاویكردۆته‌وه كۆی بڕی قه‌رزی ده‌ره‌كی‌و ناوخۆیی سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بریتییه له 18 ملیار دۆلار به‌م شێوه‌یه‌ی لای خواره‌وه:
1. مووچه‌ی 3 مانگی فه‌رمانبه‌ران كه 2 تریلیۆن و 600 ملیار دیناره .((له ئێستادا زۆر زیادی كردوه چونكه 4 مانگ مووچه‌ی ته‌واو نه‌دراوه‌و له مانگی 1/2016 شه‌وه چاره‌كه مووچه دراوه).
2. قه‌رزی به‌ڵێنده‌ران 800 ملیار دینار.
3. قه‌رزی كۆمپانیاكانی ده‌رمان‌و سازدانه‌وه‌ی ئامێره پزیشكییه‌كان 100 ملیار دینار.
4. قه‌رزی وێسگه‌ی كاره‌با 1 تریلیۆن دینار.
5. حكومه‌تی هه‌رێم 1 تریلیۆن و 200 ملیار دینار قه‌رزاری حكومه‌تی توركیایه.
6. قه‌رزی كۆمپانیاكانی نه‌وت 4 تریلۆین دینار.
7. قه‌رزی كۆمپانیا ناوخۆییه‌كان 2 تریلیۆن دیناره.
8. دادگای نێوده‌وڵه‌تی، حكومه‌تی هه‌رێمی پابه‌ند كردوه له مانگی 10/2014دا به پێدانی 100 ملیۆن دۆلار به كۆمپانیای دانه غاز.
9. هه‌ر هه‌مان دادگا له 28/4/2015دا بڕیاریدا حكومه‌تی هه‌رێم بڕی 1 ملیار و 981 ملیۆن دۆلار بداته كۆمپانیای دانه غاز.
10. له مانگی 8/ 2016شدا دادگای ناوبراو داده‌نیشتێته‌وه بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ی سكاڵایه‌كی تری كۆمپانیای دانه غاز له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم و داوای 11 ملیار دۆلاری تر ده‌كات.
• بۆیه كۆی بڕی قه‌رزی سه‌ر حكومه‌ت به‌م شێوه‌یه ده‌بێته زیاد له 30 ملیار دۆلار كه ئه‌مه‌ش بڕێكی ئێجگار گه‌وره‌یه و وڵاتانی خاوه‌ن سه‌روه‌ری و به‌ده‌سه‌ڵاتیش ته‌حه‌مولی بارگرانی ئه‌و بڕه قه‌رزه ناكه‌ن. ئه‌مه بێجگه له بڕی سووده‌كانیان.
• به‌و پێیه‌ی گه‌ر كۆی ژماره‌ی دانیشتوانی هه‌رێمی كوردستان بریتی بێت له 5 ملیۆن كه‌س ئه‌وا هه‌ر تاكێك بڕی 6000 دۆلار قه‌رزی دێته سه‌رو به‌به‌رده‌وامیش ڕوو له زیادبونه.
• به‌م شێوه‌یه، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی هاووڵاتیانی ئه‌م هه‌رێمه له ئه‌نجامی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی نه‌وتی و خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات و نه‌بونی شه‌فافیه‌ت له گرێبه‌ست و فرشتن و داهاتی نه‌وتدا، وڵاتیان توشی ئه‌م قه‌یرانی داراییه كردوه.
به‌م شێوه‌یه هه‌رێم له ئه‌نجامی سیاسه‌تێكی هه‌ڵه‌ی دارایی و ئابووری و به‌بێ ڕاوێژ به كه‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زا ئیداره‌یه‌كی سه‌رنه‌كه‌وتووی كه‌رتی نه‌وتی ده‌دا كه هه‌رێمی خسته ژێر ئه‌و بڕه قه‌رزه زۆره‌وه كه لانی كه‌م گه‌ر ساڵانه 1 ملیار دۆرلایش قه‌رز بداته‌وه ئه‌وا 30 ساڵمان پێویسته، له‌ڕاستیدا به‌م نرخه نزمانه‌ی نه‌وته‌وه هیچ كات ناتوانین ساڵانه بڕی 1 ملیار دۆلار قه‌رز بداته‌وه هه‌ر بۆیه ماوه‌ی دانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزانه به به‌رده‌وامی ڕوو له هه‌ڵكشانه.
• ئه‌م قه‌یرانه داراییه بۆته هۆی:
1. هه‌ڵته‌كاندنی ژێرخانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واری.
2. نه‌بونی خزمه‌تگوزاریه‌كان له ((ئاو و ئاوه‌ڕۆو كاره‌باو سووته‌مه‌نی و ڕێگاوبان و پرد و جێگه‌ی نیشته‌جێبوون و ته‌ندروستی و خوێندنگه‌و بازاڕ‌و بازگانی و …هتد).
3. گه‌ڕانه‌وه بۆ دواوه و نه‌بونی هیچ پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنێك له وڵاتدا‌و وڵات به‌ره‌و وێرانبون و دواكه‌وتوی هه‌نگاو ده‌نێت.