داوا لە عەبادی دەکرێت دەست بەسەر نەوتی هەرێمدا بگرێت

پەرلەمانتارێكی عیراق رایدەگەیەنێت : ئەگەر حەیدەر عەبادی دەست بەسەر نەوتی هەرێمی كوردستاندا بگرێت ئەوا كێشەكانی عیراق و هەرێم چارەسەر دەبن.

 
لە بەیاننامەیەكدا حەنین قەدو پەرلەمانتاری عیراق لە كوتەلەی بەدر داوا لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكات دەست بەسەر نەوتی هەرێمی كوردستاندا بگرێت ، چونكە بە بڕوای ئەو ئەگەر عەبادی ئەو كارەبكات ئەوا سەرجەم كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر كۆتایی پێدێت. قەدو ئاماژەی بەوەشكردووە بە پێی مادەی 111ی دەستووری عیراق كە ئاماژە بەوەدەكات نەوت و غازی عیراق موڵكی سەرجەم عیراقییەكانە لە سەرجەم پارێزگا و هەرێمەكاندا عەبادی دەتوانێت ئەو كارە بكات .

لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا قەدوری رایگەیاندووە ئەگەر عیراق وەك سەرجەم پارێزگاكانی تر مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات ئەوا دەتوانێت مووچەی سەرجەم فەرمانبەران و هێزی پێشمەرگەش دابین بكات ئەوكاتە ئەو دەنگۆیانەش لە هەرێمی كوردستان نامێنێت كە باس لەوە دەكەن چەند كەسێك دەستیان بەسەر داهاتی نەوتدا گرتووە.