(سەفین دزەیی) وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران بەردەوام دەبێتو ساڵی داهاتووش كاریگەری قەیرانی دارایی لەسەر هەرێمی كوردستان كەمتر دەبێتەوە.
لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی هەواڵی سلێمانی (سەفین دزەیی) تەئكیدی كردەوە، بەپێی ئەو داهاتەی هەیەو دەچێتەسەر حسابی وەزارەتی دارایی، دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران بەردەوام دەبێت، هەر كاتێكیش وەزارەتی دارایی داهاتی پێویستی بخرێتە بەردەست، ئەوان بەبێ دواكەوتن مووچە دابەش دەكەن، بەپێی خشتەكەش لەدوای مووچەی مانگی 9، مووچەی مانگی 10 دابەش دەكرێت.
وتەبێژی حكومەتی هەرێم لەبارەی چارەسەركردنی قەیرانی داراییو كێشەی مووچەی فەرمانبەرانیش وتویەتی، جێبەجێكردنی پلانی حكومەت بۆ نەهێشتنی قەیرانی دارایی لەسەر پێداویستیەكانی كوردستانو شەڕی داعشو نرخی نەوت وەستاوە، بۆیە هیچ كەسێك ناتوانێت پێشبینی بۆ دۆخی دارایی ساڵی 2017 بكات، بەڵام گەشبینین كە ساڵی داهاتوو كاریگەری قەیرانی دارایی لەسەر هەرێمی كوردستان كەمتر دەبێتەوەو لەڕووی داراییەوە بەراورد بە ئەمساڵ، باشتر دەبین.