سلێمانی: ره‌وشی كاره‌با به‌ خراپترین دۆخ له‌ ماوه‌ی ده‌ ساڵی رابردوو تێپه‌ڕ ده‌بێت

 
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی فه‌رمانگه‌ی كاره‌بای سلێمانی رایگه‌یاند، ره‌وشی كاره‌با به‌ خراپترین دۆخ له‌ ماوه‌ی ده‌ ساڵی رابردوو تێپه‌ڕ ده‌بێت و، ته‌نها ده‌توانن 6 بۆ 7 سه‌عات كاره‌با به‌ هاووڵاتیان بده‌ن. 

سه‌باره‌ت به‌ دۆخی‌ بێكاره‌بایی‌ له‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، سالار حیسامه‌دین به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی كاره‌بای پارێزگاكه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ راگه‌یاند “ره‌وشی كاره‌با به‌ خراپترین دۆخ له‌ ماوه‌ی ده‌ ساڵی رابردوو تێپه‌ڕ ده‌بێت و، به‌كارهێنانی كاره‌با و خواستی كاره‌با له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌ به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو زیادی كردووه‌”.

 به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كاره‌بای سلێمانی‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد “بڕی ئه‌و مێگاواته‌ی ئێستا پێیان ده‌گات زۆر كه‌می كردووه‌، له‌ كاتێكدا پێشتر سێ هه‌زار مێگاوات كاره‌با له‌ هه‌رێم به‌رهه‌م ده‌هات، به‌ڵام ئێستا بۆ دوو هه‌زار و 500 مێگاوات كه‌می كردووه‌”. 

وتیشی‌ “له‌و بڕه‌ ته‌نها 550 تا 600 مێگاوات ده‌گاته‌ سلێمانی، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌راورد به‌ خواست و داواكاریی هاووڵاتیان زۆر كه‌مه‌”. به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كاره‌بای سلێمانی‌ رایشیگه‌یاند “له‌ رۆژانی رابردوو توانیویانه‌ 6 تا 7 سه‌عات كاره‌با بده‌نه‌ هاووڵاتیان، كه‌ ئه‌وه‌ش پێداویستییه‌كانیان پڕناكاته‌وه‌”. ساڵانه‌ و له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزه‌كانی گه‌رما و سه‌رمادا، به‌هۆی زۆر به‌كارهێنانی كاره‌با بۆ گه‌رمكردنه‌وه‌ و فێنككردنه‌وه‌، دۆخی كاره‌بای نیشتمانی له‌ هه‌رێمی كوردستان خراپ ده‌بێت، به‌هۆی‌ دابیننه‌كردنی‌ بودجه‌ش بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و چاكردنه‌وه‌ی وێستگه‌ و تۆڕِه‌كانی كاره‌با، پێشبینی‌ ده‌كرێت زستانی‌ ئه‌مساڵ كه‌مترین بڕی‌ كاره‌با به‌ هاووڵاتیان بدرێت.