حەوتەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی دهۆك كرایەوە


لەژێر چاودێری فەرهاد ئەترووشی پارێزگاری دهۆك، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی دهۆك كرایەوە كە ٤٢ كۆمپانیا بەشدارییان كردووە و بڕیاریشە بو ماوەی چوار رۆژ بەردەوام بێت.

ئیسماعیل سەعید بەڕێوەبەری پێشانگەی نێودەوڵەتیی دهۆك ڕایگەیاند: زۆر خوشحاڵین بە كردنەوەی حەوتەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی دهۆك كە تایبەتە بە خستنەڕووی كەلوپەلی جۆراوجۆر، پێشانگەكە دەرفەتێكی باشە بۆ كۆمپانیاكان و شاری دهۆكیش چونكە كەرتی پێشەسازی و كشتوكاڵ و ئابووری دەبووژێنێتەوە.

ئەو وتی “ئەمساڵ 42 كۆمپانیای نێوخۆ و بیانی بەشدارییان لە حەوتەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی دهۆك كردووە، بەڵام بەشداری كۆمپانیا بیانییەكان زۆر كەمە و تەنیا چوار كۆمپانیای بیانی بەشدارن كە ئەوانیش كۆمپانیای ئێرانی و توركی بوون و كۆمپانیاكانی تر هەموویان هی ناوخۆی كوردستانن.

لەبارەی بەشدارینەكردنی كۆمپانیا بیانییەكان ئیسماعیل سەعید روونی كردەوە ماوەی سێ‌ ساڵە كۆمپانیا بیانییەكان پاشەكشەیان لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی دهۆك كردووە، چونكە پێشتر ژمارەیەكی بەرچاو لە كۆمپانیاكان بەشدارییان دەكرد. ئەوان بە پاساوی بوونی شەڕ و ئاڵۆزی لە ناوچەكە بەشدارییان نەكردووە. بەگوتەی ئەو بەرپرسە لە ساڵی ٢٠١٣ ژمارەی كۆمپانیا بەشداربووە بیانییەكان لە هی ناوخۆ زیاتر بوون.

بەڕێوەبەری پێشانگەی نێودەوڵەتیی دهۆك باسی لەوەش كرد كۆمپانیاكان كەرەستەی بواری بیناسازی، خۆراك، ئۆتۆمبێل، كەلوپەلی پزیشكی و كارەبایییان خستووەتە ڕوو. جگەلەمە لە پێشانگەی نێودەوڵەتی دهۆك، ژمارەیەكی زۆری بازرگان و وەبەرهێنەری ناوخۆ و بیانی وەك میوان بەشدارن. سەرەڕای ئەم دۆخە ئەو بەپێویستی دەزانێت هەموو ساڵێك پێشانگەی نێودەوڵەتیی دهۆك بكرێتەوە و تەنانەت پێشانگەكە بكرێتە پێشانگەی پسپۆڕیی، چونكە تا ئێستە پێشانگەی پسپۆڕیی لە دهۆك نەكراوەتەوە . هەروەها  پێشانگەی دهۆك بودجەی نییە و بە هاوكاری و سپۆنسەری هەندێك كۆمپانیا بەڕێوە دەچێت.

ساڵی رابردوو ژمارەی سەردانكەرانی پێشانگەی نێودەوڵەتیی دهۆك 14 هەزار 500 كەس بوون. بەپێی پێشبینییەكان ژمارەی سەردانكەرانی ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵی رابردوو دەبێت.

پێشانگەی نێودەوڵەتیی دهۆك دەكەوێتە سەنتەری شاری دهۆك – ئالوكا  و بۆ یەكەم جار لە ساڵی 2010 دەستی پێ‌ كردووە و بڕیار وایە ساڵی داهاتوو پێشانگەی دهۆك لە نزیك فاملی مۆل لە نێوان شاری دهۆك و شارۆكەی سێمێل بكرێتەوە.

پێویستە بگوترێت ماوی زیاتر لە دوو ساڵە هەرێمی كوردستان تووشی تەنگژەی دارایی بووە و شەڕی داعش و كێشەكانی نیوان هەرێمی كوردستان و بەغدا، وای كردووە هەرێمی كوردستان لە رووی ئابوورییەوە پاشەكشە بكات. پێش ساڵی ٢٠١٤ هەر پێشانگە و چالاكییەكی نێودەوڵەتی لە كوردستان بەڕێوە چووبایە، ئەوا لە لایەن كۆمپانیاكانی دنیاوە پێشوازی گەرمی لێ دەكرا، بەڵام ئێستە تەنیا كۆمپانیا ناوخۆیییەكان هەڵسووڕێنەری پێشانگەكانن و بەرهەمەكانیان دەخەنە ڕوو.