بەرپرسانی كارەبا و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، مانەوەی كارەبای ناوچە كوردستانییەكان و تەواوی دیالە لەسەر ئێران بە گونجاو نازانن، چونكە لەكاتی كردەوە تیرۆریستییەكاندا، ئێران چارەسەری پچڕانی كارەبا ناكات و حكوومەتی ناوەندیش كەمتەرخەمە لە چارەسەری خێرای كێشەكە.
ئەحمەد محەمەد بەرپرسی فەرمانگەی كارەبای شارەدێی قەرەتەپەی سەر بە شارۆكەی خانەقین، راگەیاند: كارەبای پچڕاوی سنووری شارەدێی “قەرەتەپە” و شارەدێی “جەبارە” و 100 گوندی ئەم سنوورە كە ماوەی هەفتەیەكە بڕاوە، بووەتە هۆكاری بێزاری و گلەیی هاووڵاتییان، داواكارین حكوومەتی ناوەند و بەرپرسانی دیالە بودجەی پێویست بۆ چارەسەری پچڕانی كارەبا دابین بكەن.
روونی كردەوە، بەهۆكاری ئەوەی كارەبای ناوچەكەمان لەلایەن حكوومەتی ناوەندەوە لە ئێرانەوە ڕاكێشاوە، دەبێ حكوومەتی ناوەند پەلە بكات لە چارەسەركردنی كێشەكە.
بەرپرسی فەرمانگەی كارەبا نیگەرانی خۆشی پیشان دا بەمانەوەی كارەبای ناوچەكەیان لەسەر ئێران، نەیشاردەوە كە بەرپرسانی عێراقی بۆ ئەو داوایە گوێیان لێ ناگرن.
ئەسما كەمبش ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، لەسەر لیستی عێراقیەی دیالە، راگەیاند: ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە بە بڕەپارەیەكی خەیاڵی كە ساڵانە دەگاتە ملیارێك دۆلار، كارەبای بەشێكی بەرچاوی پارێزگای دیالە بە ناوچە كوردستانییەكانی ئەو پارێزگایە لە ئێرانەوە دابین كراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش دا، وەك لیستی عێراقیەی دیالە، لە ئاستی ئەنجوومەن و لە ئاستی پەرلەمانیش زۆر جار داوامان كردوە، كارەبای هاوردەكراوی ئێران ببڕدرێت، بەهۆكاری ئەوەی ساڵانە پارە نەدرێت بەئێران.
ئەمە لە كاتێكدایە، ئێستە كارەبای ئەو ناوچانەی گەرمیان بڕاوە و دەبێ حكوومەتی عێراقیش بەردەوام پارەی كارەباكەش بۆ ئێران بنێرێ، چونكە كۆماری ئیسلامی خۆ بە بەرپرسیار نازانێ لە بڕینەكەی، لەبەر ئەوەی هۆكاری ناوخۆیی پچڕاندویەتی.
لای خۆشیەوە، سیامەند محەمەد بەرپرسی راگەیاندنی كارەبای گەرمیان بەوشەی راگەیاند: ماوەی شەش رۆژە تیمەكانی كارەبای گەرمیان، لە هەوڵی گەڕانەوەی كارەبای بڕاوی شارەدێكانی خانەقیندان، بەهۆی گەورەیی قەبارەی زیانی تەقینەوەی تاوەرە كارەبایەكانەوە، پێ ناچێ بەم نزیكانە ئەو كێشەیە چارەسەر بێت.
بەر لە هەفتەیەك، چەكدارانی داعش لە گوندەكانی شارەدێكانی قەرەتەپە و جەبارە، دوو تاوەری كارەبایان تەقاندەوە و بەو هۆیەوە دوو شارەدێی و 100 گوندیان بێ كارەبا كردووە.