سلێمانی: پاره‌ی مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان دیاری كرا


به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی كاره‌بای سلێمانی پاره‌ی مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كانی بۆ مانگی یانزه‌ دیاری كرد و به‌پێی نرخی گازوایل بۆ یه‌ك ئه‌مپێر حه‌وت بۆ هه‌شت هه‌زار دینار ده‌بێت، هاوكات خشته‌ی مانگی دوانزه‌ش دانراوه‌.

سیروان محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی كاره‌بای سلێمانی ڕاگه‌یاند: له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا به‌ ئاماده‌بوونی قائیمقامی سلێمانی و به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌بای سلێمانی پاره‌ی مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان بۆ مانگی یانزه‌ دیاری كراوه‌، به‌پێی نرخی گازوایل بۆ یه‌ك سه‌عات 42 دینار و نیو دانراوه‌.

ئه‌وه‌شی وت: به‌پێی ئه‌و پاره‌ی كه‌ دانراوه‌ بۆ یه‌ك ئه‌مپێری له‌ نێوان 7 بۆ هه‌شت هه‌زار دینار ده‌بێت، هاوكات خشته‌ی مانگی دوانزه‌ی مۆلیده‌كانیش دیاری كراوه‌ كه‌ پێویسته‌ سه‌عات 1ی پاش نیوه‌ڕۆ بۆ یه‌كی شه‌و هه‌ركات كاره‌بای نیشتمانی بڕا، مۆلیده‌ هه‌ڵكه‌ن و نابێت له‌ 15 خوله‌كه‌ زیاتر دوابكه‌ون.

زیاتر ده‌ڵێ، پاره‌ی مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان بۆ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان به‌هه‌مان شێوه‌ی ناو شار ده‌بێت.

له‌ 20ی ئه‌م مانگه‌وه‌ به‌هۆی دروستبوونی كێشه‌ له‌ یه‌كه‌كانی به‌رهه‌م هێنانی كاره‌بای له‌ سلێمانی، پێدانی كاره‌با به‌ هاوڵاتیان زۆر كه‌مبووه‌وه‌ و ماوه‌ی زیاتر له‌ یه‌ك هه‌فته‌ كاره‌بای سلێمانی كه‌مترین كاره‌بای به‌ هاوڵاتیان درا.