كەمی دەستی كرێكاری پسپۆڕ مەترسی لای گەورە كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا دروستكردوەو كۆمپانیاكانی ئەڵمانیاش سەرقاڵی پلان داڕشتنن بۆ پڕكردنەوی ئەو كەموكوڕیانەو ئەنگێلامێركلی راوێژكاری ئەڵمانیاش كۆمپانیاكان رادەسپێرێ تا هەلی كار بۆ پەنابەران بڕەخسێنن.
نێوەندە ئابورییەكانی ئەڵمانیا دوای ئەوەی كە بازاڕی كاری ئەڵمانی توشی كەمی كرێكاری پسپۆڕ بووە سەرقاڵی داڕشتنی پلانی ساڵی نوێن تابتوانن ئەو بۆشیایە پڕكەنەوە.
لەراسپرییەكدا كەژووری بازرگانی و پیشەسازی ئەڵمانی پێی هەستاوە دەركەوتووە كە كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا لەساڵی 2017 دا دەیانەوێ 450 هەزار كەس لەسەركار دامەزرێنن، بەمەش دەتوانن ئەو كەموكوڕیانەی بواری كاروپێداویستی كۆمپانیاكان پڕكەنەوە كە لەدوانزە ساڵی رابردودا بەردەوام بەو شێوەیە هەوڵیانداوە بەسەر ئەو دیاردەیەدا زاڵبن و بوار بڕەخسێنن بۆ بەگەڕخستنی دەستی كرێكاری نوێ و بەردەوامی بەرهەمهێنان و دابینكردنی پێویستیەكانی بازاڕ.
بەمجۆرە بەتەنیا بوارەكانی تەندروستی و پەرستیاری و فێربون و پەروەردە خوازیارن 150 هەزار كەسی تازە دامەزرێنن، لەبواری بازرگانی و ئوتێلەكانیشدا 100 هەزارو كرێكاری نوێ و لەبواری كەرتی پیشەسازیشدا پێویستیان بە 30 هەزار كریكاری نوێ هەیە.
بەڕێوەبەری ژووری پیشەسازی و بازرگانی ئەڵمانیا بەڕۆژنامەی (بیلد)ی راگەیاندوە: زیادكردنی دەستی كرێكار لەئیشەكاندا پێدەنێتە دوازدەهەمین ساڵەوە ئاماژە بەوەش دەكات كەمی دەستی كرێكاری پسپۆڕ مەترسییەكی گەورەی بۆ كۆمپانیاو دامەزراوە پیشەسازییەكان دروستكردووە هەر بۆیە ئەو كۆمپانیایانە دەستیانكردوە بەخەڵك وەرگرتن، لەهەمان كاتیشدا خۆیان هەوڵ دەدەن بۆ داهاتوو دەستی كرێكاری پسپۆڕ ئامادەبكەن لەڕێی كردنەوەی خولی خوێندنی كارو پسپۆڕی.