وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق: فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم زیانی گه‌وره‌ی‌ به‌ داهاتی عێراق و هه‌رێم گه‌یاندووه‌


وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ڕایگه‌یاند: هه‌نارده‌و فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم و به‌شێك له‌ كێڵگه‌كانی كه‌ركوك به‌كه‌متر له‌ نرخی بازاڕ، زیانی گه‌وره‌ی‌ به‌ داهاتی عێراق و هه‌رێم گه‌یاندووه‌.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ڕایگه‌یاند: پێویسته‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم به‌پێی ڕێوشوێنه‌ یاساییه‌كانی كۆمپانیای سۆمۆ هه‌نارده‌ بكرێت و داهاته‌كه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندی. چونكه‌ ڕاده‌ستنه‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا بووه‌ته‌ هۆی كورتهێنانی بودجه‌ی گشتی عێراق.


هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران له‌چه‌ندین بۆنه‌دا ئاماده‌یی حكومه‌تی ناوه‌ندی‌ نیشانداوه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم خه‌رج بكات، ئه‌گه‌ر نه‌وتیان ڕاده‌ست بكرێت، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تا ئێستا ڕێوشوێنه‌كانی‌ جێبه‌جێ‌ نه‌كردووه‌، بۆیه‌ حكومه‌تی ناوه‌ند به‌رپرسیار نییه‌ له‌دواكه‌وتنی شایسته‌ دارییه‌كانی هه‌رێم و دواكه‌وتنی مووچه‌.


وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكردووه‌، هه‌نارده‌كردن و فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم و به‌شێك له‌ كێڵگه‌كانی كه‌ركوك به‌ كه‌متر له‌ نرخی بازاڕ، زیانی به‌ داهاتی عێراق و هه‌رێمیش گه‌یاندووه‌.

له‌ كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌شدا هاتووه‌، حكومه‌تی فیدڕاڵ و وه‌زاره‌ت سوورن له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ینه‌تیه‌كانی هاوڵاتیانی‌ هه‌رێمی كوردستان و هیوادارین له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر ڕێوشوێنێكی‌ نوێ ڕێبكه‌وین و هه‌ردوولا پابه‌ندبین به‌جێبه‌جێ‌ كردنیه‌وه‌.