کوردستان ناوچەیەکی باش بۆ گوێز… گوێزی سەقز و هەورامان



 کەشی کوێستانی کوردستان بۆ دارگوێز باشە و لە ئێستادا پارێزگای کوردستانی ئێران، ٧هەزار و ٢٠٠ هیکتار باغی گوێزی هەیە. 

دارگوێزەکانی کوردستان کۆنن و لە گوندەکاندا بەردەوام گوێز هەبووە و گوێزی هەورامان هەمیشە بەناوبانگ بووە و سەرچاوەی دارایی گوندنشینان بووە. لەم ساڵانەدا پیشوازیەکی باش لە دارگوێز کراوە و باغەکان زیاد دەبن. گوێزەکانی گوندەکانی (باشماق و تەخت)ی سەقزیش بەناوبانگن و لەناو پارێزگاکەدا و دەرەوەی پارێزگاکەشدا داخوازیان لەسەرە.

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سەقز باس لەوە دەکات کە گوێزەکانی سەقز باشن و بەناوبانگن و دەڵێت: ٥١٥ هیکتار باغی گوێز لە سەقز هەیە و ساڵانە ١٦٠٠ تەن گوێز بەرهەم دێت کە بڕێ ٢٧٠میلیارد تمەنە.

محەمەد پیشداد، باس لەوە دەکات کە خولی ڕاهێنان باغداری گوێز و نەمام‌کردن لە بەرنامەی جیهادی کشتوکاڵی شارەکەیان دایە بۆ باغەوانان.
سەرمابردنی دارگوێزەکان

یەکێک لە باغەوانەکانی سەقز باس لەوە دەکات کە گوێزەکان تام و چێژیان نایابە و جیاوان لە گوێزەکانی ناوچەکانی دیکە.

عەلی مستەفایی باس لەوە دەکات کە لە سەرەتای وەرزی بەهار سەرما زیان بە بەرهەمەکانی گوێز دەگەیەنێ و داوا دەکات کارناسان خولی فێرکاری و ڕێنمایی بۆ باغەوانەکان دانێن کە چی بکەن سەرما کار لە دارگوێزەکان نەکات.

سەبارەت بەوەی کە بیمە کشتوکاڵی لە ئێراندا چەند قەرەبوویان دەکاتەوە کاتێک سەرما و تەرزە زیان بە باغەکان دەگەیەنێ؛ دەڵێت: بێمە بەو باغەوانانەی کە باغەکانی خۆیان بیمە دەکەن، پاش مەزەندەکردن لە لایەن کارناسی بیمەی ئەم بوارەوە، بڕێک خەسارەکەی دەدرێتەوە، بەڵام زۆر کەمترە لە داهاتی ساڵانەی باغەکە.

پشتگیری زیاتر بۆ گەشەپیدانی باغی گوێز
رئوف شەریفی، خاوەن باغی گوێزە، باس لەوە دەکات، گوێز زۆر چاکە و زەحمەتی زۆر ناوێ و داوا دەکات جیهادی کشاوەرزی زیاتر یارمەتیان بدات بۆ مۆدێڕنیزەکردنی باغەکان و سیستمی ئاودان؛ هەروەها بیمە و وام بە مەبەستی فراوان‌کردنی باغی گوێز.
شەریفی باس لەوە دەکات کە قازانجی زۆر دەچێتە گیرڤانی ئەو کەسانەی گوێز دەکڕن و دەیانفرۆشنەوە و پێشنیار دەکات سەندیکای گوندەکان بە گونجاو ئەم بەرهەمە بکڕن تا داهات بۆ باغەوانەکان بێت.
 
هاتنی گوێزی چینی بۆ بازاڕ
باغەوانێک گلەیی لە قاچاغی گوێزی چینی هەیە کە تام و چێژیان ناگاتە گوێزەکانی ئێران، تەنها لە ڕووی ڕەنگەوە جوانن و بە نرخی کەمتر دەفرۆشێن.
نادر کەریم زادە پێی وایە گەر پیش بە هاتنی گوێزی چینی نەگیرێت، ئەوە گوێزی چینی دەبنە هەڕەشە بۆ سەر باغەوانەکانی ناوخۆ و زۆر جار گوێزی چینی بە ناوی خۆماڵی دەفرۆشێ کە کاریگەری خراپی لەسەر بەرهەمی ناوخۆ دەبێت و سووکی دەکات.
 
بەبازاڕکردنی گوێز
فرۆشیارێکی گوێز بەبازاڕکردنی گوێز لە لایەن ڕێکخراوەکان هەناردە و سەندیکاکان بە پێویست دەزانێت و دەڵێت گوێزی ناوچەکانی کوردستان باشترین گوێزەکانی ئێرانن.
غەریب بەهرامی هەروەها باس لەوە دەکات کە پێویستە بڕێندی گوێزی سەقز هەبێت و بناسرێت و ئەم ساڵانە داخوازی زۆری لەسەر بووە. ئەمەش یارمەتیدەری ئابووری گوندنشینان بووە.

ناوبراو پێشنیار دەکات کە ڤێستیڤاڵی ساڵانە بۆ گوێز هەبێت لە ڕاگەیاندندا باسی بکرێت و لە پێشانگاکاندا نمایش بکرێت.

تایبەتمەندییەکانی گوێز
پسپۆڕێکی بواری دەرمانی گیایی لەبارەی تایبەتمەندییەکانی گوێز بۆ هەمشەهری کوردستان دواوە و دەڵێت کاکڵی گوێز پرۆتوئین و شەکری تێدایە و چەورە. ئەو فۆسفۆڕەی لە کاکڵی گوێز دایە بەراورد دەکرێت بە ماسی، هێلکە و برنج.

شەهرام میرزایی هەروەها دەڵێت: گەڵا و توێڵکی گوێز بۆ خاوێنکردنەوەی خوێن باشە. گەڵا و توێڵکەکەی زۆر تاڵە کە بۆ ئاوسانی ڕیخۆڵە و ئەستووربوونی پوکەکان و لەوزە باشە، هەروەها بۆ کەمخوێنی و پاراستنی ئێسکەکان. کاکڵی گوێز کاریگەری باشی لەسەر وریابوونی مێشکی مرۆڤ هەیە تایبەت لەسەر مێشگی منداڵان، بۆیە باشترە گوێز لە بەرنامەکانی خواردنماندا هەبێت.
 
جام کوردی