“باشترین كار بۆ به‌هێز كردنى كه‌رتى تایبه‌ت جیاكردنه‌وه‌ى بازرگانى ره‌سه‌نه‌ له‌بازرگانى ساخته‌”


د. ئاراس حسێن مامۆستاى ئابورى له‌زانكۆى سلێمانى‌و سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایى له‌خولى پێشووى په‌رله‌مانى كوردستان، له‌م گفتوگۆیه‌ى گۆڤارى بازرگانى‌و پیشه‌سازیدا ده‌ڵێت “70%ى بودجه‌ى كوردستان ده‌چێت بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، كه‌واته‌ كه‌رتى گشتى زۆر گه‌وره‌تره‌ له‌كه‌رتى تایبه‌ت”.

بازرگانى‌و پیشه‌سازى: وه‌ك ئاشكرایه‌ لاوازیى كه‌رتى تایبه‌ت هۆكارێكى سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌و قه‌یرانه‌ گه‌وره‌ ئابورییه‌یه‌ كه‌ له‌هه‌رێمى كوردستاندا سه‌ریهه‌ڵداوه‌، ئێوه‌ هه‌م مامۆستاى زانكۆو هه‌م سه‌رۆكى پێشوى لیژنه‌ى دارایى بوون له‌په‌رله‌مانى كوردستان، پێتانوایه‌ كه‌ به‌شێك له‌یاسا‌و رێنماییه‌كان رێگرن له‌به‌رده‌م گه‌شه‌و به‌هێز بونى كه‌رتى تایبه‌تدا؟ 
د.ئاراس: یاساى وه‌به‌رهێنانمان هه‌یه‌ كه‌ رێگه‌ى داوه‌ به‌هه‌موو وه‌به‌رهێنه‌ران بەكاركردن، به‌ڵام ئێمه‌ گرفتێكمان هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ره‌نگه‌ هه‌ندێك بازرگان رێى پێببدرێت هه‌ندێك رێى پێنه‌درێت، یاخود هه‌ندێك كۆمپانیا رێى پێبدرێت‌و هه‌ندێك كۆمپانیا پێى نه‌درێت، یان له‌وانه‌یه‌ بازرگان‌و كۆمپانیاكانى سلێمانى كه‌ له‌هه‌ولێر یان زاخۆ كار بكه‌ن گرفت بێته‌ به‌رده‌میان، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ هه‌ر وایه‌. به‌ڵام به‌گشتى له‌روى یاساییه‌وه‌ رێگه‌ به‌كه‌رتى تایبه‌ت دراوه‌ كه‌ ئیش بكات.

بازرگانى‌و پیشه‌سازى: ئیچوه‌ له‌په‌رله‌ماندا چ یاساییه‌كتان ده‌ركرد كه‌ له‌قازانجى كه‌رتى تایبه‌تدا بوبێت؟
د.ئاراس: چه‌ند یاسایه‌كمان ده‌ركرد هه‌موویان ده‌چونه‌ خانه‌ى خزمه‌تكردن به‌كه‌رتى تایبه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌ بوژانه‌وه‌ى سلفه‌كان كه‌ هه‌موویان له‌خزمه‌تى كه‌رتى تایبه‌تدان، سلفه‌ى خانووبه‌ره‌، سلفه‌ى كشتوكاڵى، سلفه‌ى پیشه‌سازى‌و سلفه‌كانى تر كه‌ ده‌دران به‌خه‌ڵك نه‌ك بازرگانان، یاخود سلفه‌ى هاوسه‌رگیریى كه‌ ده‌درا به‌هاوڵاتى بۆ كڕینى خانوو كه‌لوپه‌لى ناومال، هه‌رهه‌موویان سوودیا بۆ كه‌رتى تایبه‌ت هه‌بوو. 

بازرگانى‌و پیشه‌سازى: ئایا سیسته‌مى ئابورى عێراق‌و كوردستان سیسته‌مێكى سۆشیالیستییه‌ یان په‌یڕه‌وى له‌بازاڕى ئازادو كرانه‌وه‌ ده‌كات؟
د.ئاراس: هێشتا هه‌ردو شێوازه‌كه‌ى تێدا په‌یڕه‌و ده‌كرێت، كه‌رتى گشتى خه‌ڵك داده‌مه‌زرێنێت، زۆربه‌ى هه‌ره‌ زۆرى خه‌ڵك لاى كه‌رتى گشتى كار ده‌كات‌و لاى وه‌زاره‌ته‌كانن، ژماره‌یه‌كى زۆر كه‌م لاى كه‌رتى تایبه‌ت كار ده‌كه‌ن. ئه‌وانه‌شى لاى كه‌رتى تایبه‌ت كارى ده‌كه‌ن ژیانیان مسۆگه‌ر نییه‌، خانه‌نشینییان مسۆگه‌ر نییه‌، مه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ى لاى كۆمپانیا گه‌وره‌كانى وه‌ك كۆڕه‌ك‌و ئاسیا كار ده‌كه‌ن كه‌ خانه‌نشینیى ده‌ده‌ن‌و ژیانیان مسۆگه‌ره‌. كه‌ ده‌ڵێین 70%ى بودجه‌ ده‌چێت بۆ وه‌زاره‌ته‌كان‌و موچه‌و فه‌رمانبه‌ر، قسه‌یه‌كه‌ شیكارى هه‌ڵناگرێت، واته‌ تا ئێستا كه‌رتى گشتى زاڵه‌ به‌سه‌ر سه‌رف كردنى پاره‌دا نه‌ك چالاكى ئابوریی‌و وه‌به‌رهێنان، ته‌نها 30%ى بودجه‌ ده‌چێت بۆ وه‌به‌رهێنان.

بازرگانى‌و پیشه‌سازى: باشه‌ 70%ى بودجه‌ بڕوات بۆ موچه‌ چۆن كه‌رتێكى تایبه‌تى چالاكت ده‌بێت؟
د.ئاراس: سه‌باره‌ت به‌عێراق كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌شێكه‌ له‌م وڵاته‌، به‌شێوه‌یه‌كى مێژویى به‌میرات ئه‌مه‌ى بۆ ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ كه‌رتى جكومى زالأ بێت به‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنى كه‌رتى خزمه‌تگوزاریى له‌ڕێى به‌ڕێوه‌بردنى وه‌زاره‌ته‌كانه‌وه‌، واته‌ زۆربه‌ى زۆرى خه‌ڵك لاى حكومه‌ت كار ده‌كات، كه‌ لاى حكومه‌ت كار بكه‌یت‌و وه‌زاره‌ته‌كان ببه‌یت به‌ڕێوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ بودجه‌یه‌كى زۆر كه‌م كه‌ بودجه‌ى ته‌شغیلى پێده‌ڵێن ده‌مێنێته‌وه‌. له‌عێراق‌و ئه‌و وڵاتانه‌ى كه‌ كه‌رتى حكومى خه‌ڵك داده‌مه‌زرێنێت‌و هه‌میشه‌ به‌و شێوه‌یه‌یه‌ زۆربه‌ى بودجه‌ى وڵات ده‌ڕوات بۆ موچه‌ ئیتر ئه‌مه‌ خراپه‌ یان نا؟ ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كى تره‌. به‌شێوه‌یه‌كى مێژویى بۆت ماوه‌ته‌وه‌، واته‌ ئێستا تۆ ده‌توانى خه‌ڵك ده‌ربكه‌یت؟ ده‌توانى خه‌ڵك دابمه‌زرێنێیت؟

بازرگانى‌و پیشه‌سازى: به‌ڵام ئه‌مه‌ پێچه‌وانه‌ى گۆڕانكارییه‌كانى دنیا نییه‌ كه‌ حكومه‌ت به‌ره‌و حكومه‌تى بچوك ده‌چێت؟
د.ئاراس: به‌ڵێ پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ لاى ئێمه‌ بوه‌ به‌كلتور، حكومه‌ت دو سێ ساڵه‌ خه‌ڵك دانامه‌زرێنێت بزانه‌ چى پێده‌كه‌ن!

بازرگانى‌و پیشه‌سازى: به‌بڕواى تۆ باشترین كار له‌كوردستاندا بكرێت بۆ به‌هێز كردنى كه‌رتى تایبه‌ت چییه‌؟
د.ئاراس: باشترین كار بۆ به‌هێز كردنى كه‌رتى تایبه‌ت جیاكردنه‌وه‌ى بازرگانى ره‌سه‌نه‌ له‌بازرگانى ساخته‌، ئێمه‌ بازرگانى ساخته‌و بازرگانى ره‌سه‌نمان هه‌یه‌، به‌ڵێنده‌رى ره‌سه‌ن‌و به‌ڵێنده‌رى ساخته‌مان هه‌یه‌، ره‌سه‌نه‌كان كێن له‌كوردستاندا ئه‌وانه‌ كار بگرنه‌ ده‌ست، ده‌بێت ئاسانكارى بكرێت بۆ بازرگان، باشترین كاریش ئه‌وه‌یه‌ ئاسانكارى بكرێت بۆ هێنانى وه‌به‌رهێنى بیانى بۆ كوردستان.

بازرگانى‌و پیشه‌سازى: به‌ئاینده‌ى كه‌رتى تایبه‌ت گه‌شبینیت؟
د.ئاراس: مه‌سه‌له‌یه‌كه‌ په‌یوه‌ندى به‌وه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ نه‌وتمان هه‌یه‌و ئه‌مه‌ بوه‌ به‌نه‌ریت، عێراقیش وایه‌و له‌وڵاتانى هاوشێوه‌ى ئێمه‌ش خراپتره‌، جه‌زائیر له‌ئێمه‌ خراپتره‌.

بازرگانى‌و پیشه‌سازى: واته‌ نه‌وت بوه‌ به‌كاره‌سات؟
د.ئاراس: خۆى نه‌وت وه‌كو پێویست به‌كارنه‌هاتوه‌، ئێمه‌ له‌2013ه‌وه‌ ده‌ستمان كردوه‌ به‌ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ نه‌بوه‌ ژێرخانى ئابوریمان به‌هێز بكه‌ین.

لەرێگەی ئەم لینکەوە ژمارە ١٦ی گۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی داونلۆد بکە کەبەدەیان بابەتی ئابوری سەنجراکێش لەخۆدەگرێت