زانایانی زانكۆی سێنتراڵ فلۆریدا UCF، توانیان گەشە بە نمونەی پاتریەك بدەن، كە توانایەكی بەرزی هەیە، بەشێوەیەك دوای 30 هەزار جار لە بارگاوی كردن، وەك پاتریەكی نوێ كار دەكات، یەكێك لە زاناكانیش رایدەگەیەنێت، كە دەتوانرێت پاتریەكە بۆ چەند چركەیەك شەحن بكرێتەوە، دواتریش بۆ ماوەی یەك هەفتە پێویستی بە شەحن كردنەوە نەبێت.
پاتریەكە بەجۆرێك بەرهەمهێنراوە ، كە كوالێتی و توانایەكی باشی هەیە، بەشێوەیەك ئەم پاتریە توانای كاركردنی بە رێژەی 20 هێندە زیاترە لە پاتریەكانی ئێستا ، كە لە خانەی لیتثیۆمی ئایۆن ـ ی كلاسیك دروستكراون، هاوكات دەتوانرێت زۆر بە خێراییش شەحن بكرێتەوە، چونكە وزەی كارەبا بەشێوەیەكی جێگیر لەسەر رووكاری مادەكە خەزن دەبێت، ئەمەش پێچەوانەی پاتریەكانی ئێستایە كە بەكارلێكی كیمیایی شەحن دەبنەوە.
بۆ ئەوەی ماوەی پاتریەكە زوو شەحن بكرێتەوەو بۆ ماوەی هەفتەیەكیش بەكاربهێنرێت، ئەوە پێویستە جەمسەری مادەكە بەریەك بكەوێت و روبەرێكی زیاتریشی هەبێت بۆ خەزنكردنی ئەلیكترۆنیاتی زیاتر، بۆ ئەم مەبەستەش زانایان لە ناویشیاندا هەنریك فەیسكەر دیزاینەری ئۆتۆمبێلی دانیماركی، ناچاربون پەنا بۆ مادەی گرافین بەرن، كە مادەیەكی دوانیەو دەتوانێت تەمەنی پاتریەكان درێژ بكاتەوە.
ئەم پاتریە نوێیە تایبەتمەندیەكی تریشی بۆ زیاد دەكرێت، كە بریتی یە لە رێگری كردن لە تێكچون و هەڵوەشانەوەی پاتریەكان، چونكە پاتریەكانی ئێستا دوای 18 مانگ هەڵدەوەشێن و تێكدەچن، هۆكاری ئەم تێكچونەش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی كە لەگەڵ هەموو شەحنكردنەوەیكدا رێژەیەكی كەم لە ووزە لە پاتریەكان دەروات و لە ئەنجامدا تێكدەچن.
ئەم شۆرشە لە جیهانی پاتریدا وا دەكات كە زاناكان تێگەیشتنی نوێ بە پاتری Supercapacitors ببەخشن، كە تەمەنی زیاتر بێت و بتوانرێت بۆ چەند هەفتەیەك بەكاربهێنرێت، هاوكات ئەم داهێنانە دەشبیێتە هاوكارێك بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە بە كارەبا كاردەكەن.