لەگەڵ زیادبوونی زەوی داچێندراو بە برنج لە سنووری ناحیەی بجیلی ئاكرێ، ئەمساڵ بەرهەمەكەشی زیادی كردووەو رەوانەی شارەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێت، جۆرێكی برنجەكەش لە سلێمانی خواستی زۆری لەسەرە.
دوو هەزارو 800 دۆنم
سنووری قەزای ئاكرێی- سەر بە پارێزگای دهۆك، كەشوهەوایەكی لەباری هەیە بۆ كشتوكاڵكردن، ناحیەی بجیلی قەزاكە بە برنج بەناوبانگە، ساڵ بەساڵیش بەروبوومی برنجی كوردی زیاد دەكات.
قەیرانی بەردەوامی داراییش وایكردووە ژمارەی دۆنمەكانی داچێندراو بە مەرەزە روو لە زیادبوون بكەن، زەویی داچێندراو بە مەرەزە لە ناحیەی بجیل ئەمساڵ، دوو هەزارو 800 دۆنم بووە، لە كاتێكدا ساڵی رابردوو هەزارو 700 دۆنم بووە.
خەڵك گەڕاوەتەوە سەر پیشەی مەرەزە كردن
غەفور ئەسعەد، جووتیارێكە لە سنووری ناحیەی بجیلی سەر بە قەزای ئاكرێ لە پارێزگای دهۆك، چەندین ساڵە خەریكی مەرەزەكردنەو ساڵانە زیاتر لە سێ دۆنم زەوی بە برنج دەچێنێت.
ئەو جووتیارە بە ماڵپەڕی (ئاژانس)ی راگەیاندووە، ئەمساڵ زیاتر خەڵكی ناوچەكە بەم پیشەیەوە خۆیان خەریك كردووە، لەبەر بێكاریی زۆر خەڵك گەڕاوەتەوە سەر پیشەی داچاندنی برنج.
غەفوور ئەسعەد دەڵێ: «برنجی ناوچەی ئێمە بۆ هەموو ناوچە جیاوازەكانی سنووری هەرێمی كوردستان دەچێتو خواستی زۆری لەسەرە».
پێنج جۆر برنج
ئەو جووتیارە ساڵانە بەرهەمەكەی لە سەرووی تەنێكەوەیە، لە ئێستادا بەرهەمەكەی دروێنە كردووەو پێشتر نرخی یەك كیلۆ برنجی نمرە یەك چوار هەزار دیناری كردووە، بەڵام ئێستا بەهۆی پێگەیشتنی برنج لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان نرخەكەی بۆ دوو هەزارو 500 دینار دابەزیووە.
چەندین جۆری برنج لە ناحیەی بجیل بەرهەم دەهێنرێت، ئەوانیش برنجی (شەش مانگیو سێ مانگیو پێنج مانگیو سەدری، تەحالف)، لە هەموویان بەناوبانگتر برنجی شەش مانگییە لەسەر ئاستی كوردستان بەتایبەتی سلێمانی خواستی زۆری لەسەرە.
ئەمساڵ نرخەكەی دابەزیوە
ئەحمەد جەمیل بەڕێوەبەری كشتوكاڵی قەزای ئاكرێ بە ماڵپەڕی (ئاژانس)ی راگەیاندووە، بەرهەمی برنجی ئەمساڵ لە ناوچەكە دوو هەزارو 500 تەنەو لە چاو ساڵی رابردوو زیادی كردووە، ئەگەر ئەم قەیرانە داراییە بەردەوام بێت، ئەوە چاوەڕوان دەكرێت ساڵانی داهاتوو بەروبووم زۆر زیاد بكات.
برنجی شەش مانگی لە مانگی چواردا دەچێنرێت، لە ناوەڕاستی مانگی 10 پێدەگات، ئەوانی تریش دوای مانگی شەش دەچێنرێن لە كۆتایی مانگی 10ـوە دروێنە دەكرێن.
نرخی برنجی شەش مانگی، 19 كیلۆی جاران بە 65 هەزار دینار بووەو ئەمساڵ نرخەكەی دابەزیوە بۆ 45 هەزار دینار.
ئامێری سپیكردنی برنج
لەكوردستان برنجی كوردی خواستی زۆری لەسەرەو زۆربەی ئەو چێشخانانەی كە برنجەكەیان كوردییە، بەردەوام جمەیان دێت.
ئەحمەد جەمیل بەڕێوەبەری كشتوكاڵی قەزای ئاكرێ ئاماژەی بەوە كرد، ئەمساڵ چەندین ئامێری تایبەت بە سپیكردنی برنجیان داوەتە جووتیاران.
وتیشی: «هاووڵاتیانی سلێمانی بەتایبەت خاوەن چێشتخانەكان دێنە ئاكرێ بۆ كڕینی برنجی سنوورەكەمان».
کوردستانی نوێ