جووتیارانی هەڵەبجەو شارەزوور دەڵێن: رۆژانە نزیكەی 150 تۆن هەنار دەخرێتە بازاڕەكانەوە، بەڵام ئەو داهاتەی لە فرۆشتنی هەنارەوە دەستیان دەكەوێت، بەشی تێچوونەكەی ناكات.
ساڵانە لە سەرەتای مانگی ئەیلولەوە، هەنار لە هەرێمی كوردستان پێدەگاتو تاوەكو كۆتایی وەرزی پایز بەردەوام دەبێت، بەوتەی جووتیارانی پارێزگای هەڵەبجەو قەزای شارەزووریش، كوردستان باشترین جۆری هەناری هەیەو ئەمساڵ پێداویستیەكانی ناوخۆی بەتەواوی پڕكردۆتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی حكومەتی هەرێم هاوكاریان ناكات، ناتوانن بەرهەمەكانیان هەناردەی دەرەوەی وڵات بكەن.
ئاماژە بەوەش دەكەن: كە رۆژانە 100 بۆ 150 تۆن هەنار لێدەكرێتەوەو دەخرێتە بازاڕەكانەوە، تەنانەت بۆ پارێزگاكانی دیكەی عیراقیش دەنێردرێت، بەڵام بەرهەمەكانیان پارەیەكی كەم دەكاتو داهاتەكەی ئەو خەرجیانە پڕناكاتەوە، كە جووتیاران لە بەرهەمهێنانی هەناردا خەرجی دەكەن.