سلێمانی: دوای ناوچە سنورییەكان لە ناوشار نەوتی سپی دابەش دەكرێت


 دابەشكردنی نەوتی سپی لە ناوچە سنوریەكانی پارێزگای سلێمانی بەردەوامەو دواتریش لە ناوشار دابەش دەكرێت.

وشیار ئیسماعیل جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی راگەیاند: لەهەوڵی بەردەوامداین بۆ دابینكردنی بەشە سوتەمەنی پارێزگای سلێمانی و داواشمان لە بەغدا كردوە كە نەوتمان بۆ بنێرێت.

راشیگەیاند: لەئێستادا نەوتی سپی لە ناوچە سنوریەكانی پارێزگای سلێمانی دابەش دەكرێت، دوای تەوابوونی ئەو ناوچانەش، لەناوشار دەست دەكرێت بەدابەشكردنی نەوت.

جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشكرد، لەبەرئەوەی رۆژانە بڕێكی كەم نەوتی سپی دێتە سلێمانی، پرۆسەی دابەشكردنی نەوت خاوە، بەڵام پرۆسەكە نەوەستاوەو بەردەوامە، هەوڵیش دەدرێت بۆ ناوچە شاخاویەكان بكرێت بە دوو بەرمیل.

وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێم، ئەمساڵ بڕیاریدا كە نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش نەكات، بۆ ئەو مەبەستەش (د.ئاسۆ فەرەیدون) پارێزگاری پێشووی سلێمانی سەردانی بەغدای كرد‌و ڕەزامەندی حكومەتی عیراقی وەرگرت، بۆ ئەوەی نەوتی سپی بۆ پارێزگاكانی سلێمانی‌و هەڵەبجە‌و ئیدارەكانی گەرمیان‌و ڕاپەڕین دابین بكات.