كۆمپانیای دیلۆیت دەستیكرد بە وردبینیكردنی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستانو وەزیری شارەوانیش دەڵێت، بەبڕی 100 ملیار دینار خەرجیەكانمان كەمكردۆتەوە، هاوكات وەزارەتی داراییش خشتەیەكی نوێی دابەشكردنی مووچەی بڵاوكردەوە.
دوێنێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەسەرۆكایەتی سەرۆكو جێگیری سەرۆكی حكومەت كۆبوەوەو تیایدا ڕابەر سدیق بریكاری وەزارەتی دارایی بەوەكالەت، ڕاپۆرتێكی لەبارەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران خستەڕوو، بەگوێرەی خشتەیەكی نوێی مووچەش كە وەزارەتی دارایی بڵاویكردۆتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە مووچەی مانگی ئەیلولی پەروەردەكانی دەرەوەی شارو رۆژی پێنج شەممەش مووچەی پەروەردەكانی سەنتەری شارەكان دابەش دەكرێت. لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا، باس لە كارەكانی كۆمپانیای (دیلۆیت) كرا، كە لەهەفتەی رابردوودا یەكەم كاری پێ سپێردراوەو دەستیكردوە بە وردبینیكردنی پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردنو داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان.
هاوكات (نەورۆز مەولود) وەزیری شارەوانیو گەشتوگوزار ڕاپۆرتێكی لەبارەی پاڵپشتیكردنی پرۆسەی چاكسازی پێشكەش كردو تیایدا باسی لە زیادكردنی داهاتو كەمكردنەوەی خەرجیەكان كردو ئاماژەی بەوەدا، كە توانیویانە لە ساڵانی 2015 تا 2016 بەبڕی 100 ملیار دینار خەرجی وەزارەتەكەیان كەم بكەنەوە، لە هەوڵی بەردەوامیشدان بۆ هاوسەنگ كردنی خەرجی و داهات، بەشێوەیەك كە بتوانن لە داهاتوودا بەو داهاتەی دەستیان دەكەوێت، خەرجی خۆیان دابین بكەن.