حكومەتی ئێران بڕیاریدا بەشێوەیەكی رەسمی مەرزی نێودەوڵەتی كێلەشین لە سنووری برادۆستی ناحیەی سیدەكان بكاتەوە.
(كرمانج عزەت) قایمقامی سۆران رایگەیاند: دوای ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشنیازی كردنەوەی مەرزێكی نێودەوڵەتی ئاڕاستەی بەرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران كردبوو، پاش تاوتوێكردنی بابەتەكە لە نێوان هەردوولا، رێكەوتوون كە مەرزی نێودەوڵەتی كێلەشین لە سنووری برادۆست لە ناحیەی سیدەكانی سەر بەپارێزگای هەولێر بكرێتەوە.
وتیشی: كردنەوەی ئەم خاڵە سنوورییە گرنگییەكی تایبەتی بۆ هەرێمی كوردستان و ئێران دەبێت، چونكە پەیوەندی بازرگانی و گەشتیاری نێوان هەردوولا بەهێزتر دەكات. لای خۆشیەوە (محەمەد شێرزاد) بەرپرسی بەشی فەرهەنگی و كولتووری كونسوڵگەری ئێران لە هەولێر رایگەیاند، پەیوەندی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندییەكی مێژوویی و دێرینە، بۆیە بەپێویستمان زانیوە لەمەودوا بەكردنەوەی چەند مەرزێكی سنووریی، پەیوەندیەكان تۆكمەتر بكەین