بەمەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی هاوردەكردنی گۆشتی سور و ئاژەڵی زیندوو رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم چەند بریارێك دەردەكات. بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی هەرێم كە لە 20 تشرینی دووەمدا بڵاوكراوەتەوە، مۆڵەتی هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو تەنیا بەو كەسانە دەدرێت كە خاوەن پڕۆژەی بەخێوكردن و قەڵەوكردنی ئاژەڵن و پڕۆژەكانیان مۆڵەتی یاساییان هەیە و پێویستە كاری بەخێوكردنەكەش بەچاودێری و سەرپەرشتیی بەشی ئاژەڵ و بەڕێوەبەرایەتیی ڤێ تێرنەری پارێزگاكان بێت.
ئاماژەی بەشكردوە مۆڵەتی هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو بۆ سەربڕین لە كوشتارگەكان تەنیا بەو كەسانە دەدرێت كە خاوەن كۆمپانیای تایبەتی هاوردەی ئاژەڵن و لەكاتی هاوردەكردنیشدا رەچاوی كێشی ئاژەڵ و تەمەنیان دەكرێت و دەبێت هاوردەكار پابەندبێت بەو ماوەی كە بۆ هاوردەكردنەكە دیاریكراوە.
هەروەها وەزارەتی كشتوكاڵ داوای لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و گواستنەوەو گەیاندن كردوە لە رێگەی كەرتی تایبەتەوە شوێنی كەڕەن تینی ئاژەڵان لە دەروازە نێودەوڵەتییەكان و فڕۆكەخانەكان بۆ ئاژەڵی هاوردە درووستبكرێت.
لە كۆتایی نوسراوەكەشدا هاتووە ئەگەر مۆڵەتپێدراو پابەند نەبوو بەبڕیارەكانی هاوردەكردنی ئاژەڵەوە دەخرێتە لیستی رەشەوەو رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە.