نەوت نییە و لەگەڵ هاتنی زستانیش کارەبای نیشتیمانی کەم دەبێتەوە؟ ئێمە وتمان کە ژیان کورتە بۆیە خەم مەخواردن باش نییە، واباشترە لەبری ئەمە ئەم چەند تەکنیکە بەکار بێنیت تاماڵەکەت گەرم بکەیتەوە:
١. هەوڵ بدە کە شوێنی کەل و پەلەکان بگۆڕێت، بۆ نمونە ئەگەر قەنەفە و کورسییەکان لە نزیک دەرگا یان پەنجەرەن ئەوا هەوڵبدە ستایلی ژوورەکە بگۆڕیت و جێگۆڕکی بە کەل وپەلەکانی بکەیت، ئاشکرایە لە پەنجەرە و دەرگا هەوای سارد دزە دەکات، تۆش کە لە زستان قەنەفە لە نزیک پەنجەرە دادەنێیت دەتەوێت خۆت و ئەوانی تر بکوژیت لەسەرمان؟ بێگومان نا، بۆیە بە بەهانەی مۆدێل خۆت و خەڵک ئەزیەت مەدە!
٢. جگە لە فەرش راخستن لەناو ماڵ دەبێ بەرگی زۆربەی راخەر و پێخەف و پەردە و سەرینەکانیش بگۆڕێت، مەرج نییە گران بەها بن بەڵام دەبێ گەرم وئەستوور بن و ڕەنگیان تۆخ بێت، چونکە ڕەنگی تۆخ توانای هێشتنەوەی گەرمی هەیە و لەهەمان کاتدا لەڕووی دەروونیەوە هەستی گەرم بوونەوە دەبەخشن، ئەوەشت لە بیر بێت کە لە زستان ناتوانیت زوو زوو بەرگی پێخەف و بالیفەکان بگۆڕیت، بۆیە ڕەنگی تۆخ هەڵبژێرە و دڵ لەدڵ مەدە.
٣. هەندێک فێڵی سەیر هەن کە دڵنیاین هەمووان حەزی پێ ناکەن بەڵام ئەم زستانە تاقیبکەنەوە، بۆ نمونە:
– هەندێک برنجی وشک بخەرە ناو گۆرەوەیەکی درێژ و بیخەرە ناو مایکرۆییڤەوە تاگەرم دەبێت، بەر لەخەوتن بیخەرە ناو جێگاکەت و قەدری ئەم گۆرەویە ئەو کات دەزانیت!
– ئەم زانیارییەش سەیرە: گوایە پێکردنی پانکە بەپێچەوانەی میلی کاتژمێر گەرمی دەبەخشیت!
– ئەگەر دەتەوێت کارەبا کەمتر بەکار بێنیت ئەوا نابێت سۆپا و گەرم کەرەوە لە بەفرگر نزیک بێت، چونکە ئەمە وادەکات ئامێری بەفرگرەکە پێویستی بەکارەبای زیاتر هەبێت.
– ئەگەر لە چێشتخانە و گەرماو هەواگۆڕت هەیە، ئەوا بەکیسەیەکی نایلۆن دایانپۆشە بۆ ئەوەی هەوای سارد نەهێنێتەوە ژوورەوە ، خۆ دەبێ بەئەرکی خۆشی هەڵسێت وانییە؟ دە کەواتە هەندێک کون لەنایلۆنەکە بکە با هەواگۆڕکێش بکات.