راوێژكاری ئابووری سەرۆك وەزیرانی عیراق دووپاتی دەكاتەوە، حكومەت رەچاوی دۆخی دڵنیای مووچەی فەرمانبەران دەكات و بەدوریشی زانی موچەكانیان دوابكەوێت یاخود دووچاری قەیرانەكان بێتەوە.
مەزهەر محەمەد راوێژكاری ئابووری سەرۆك وەزیرانی عیراق بەماڵپەڕی غەد پرێسی راگەیاندوە، حكومەتی وڵاتەكەی لە بودجەی هەموو ساڵێكدا لێكۆڵینەوەی لە دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران كردوە و بەهیچ شێوەیەكیش ئەو دۆسیەی فەرامۆش نەكردوە چونكە پەیوەندی راستەوخۆی بەژیانی ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیانەوە هەیە، چ فەرمانبەران بێت یان ئەو كەسانەی لەڕووی كۆمەڵایەتیەوە سودمەندن.
وتیشی بەهۆی قەیرانی داراییەوە مووچەی فەرمانبەران، بۆتە ئاستەنگ لەبەردەم حكومەتدا، بەڵام لەرێگەی ئەو چاكسازیانەی كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق پێشكەشیكردوە توانیویەتی بەرەنگاری بێتەوەو تێیپەڕێنێت.
مەزهەر محەمەد بەدوریشی زانی بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتووش مووچەی فەرمانبەران دوابكەوێت یاخود رووبەڕووی قەیرانەكان بێتەوە، رونیشیكردوە پلانیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەو دۆسیەیە داڕشتووەو بەهیچ شێوەیەك پەنا بۆ كەمكردنەوەی مووچە نابەن.