بەهۆی پچڕانی تەزوی كارەباوە هەناردەی نەوتی كەركوك بۆ توركیا كەم دەكات


 سەرچاوەیەك لە نەوتی باكوور ئاشكرایكردوە، بەهۆی بچڕانی هێڵی كارەباوە قەبارەی هەناردەكردنی نەوت لە كێڵگەكانی كەركوكەوە بۆ توركیا كەمیكردوە.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردۆتەوە، بەهۆی بچڕانی وزەی كارەباوە بەراورد بە مانگی رابردوو بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوتی خاوی كەركوك لەرێگەی ئەو بۆریانەی كەنەوت بۆ توركیا دەگوازنەوە بەشێوەیەكی بەرچاو كەمیكردووە.

وتیشی لەئێستادا رۆژانە 100 هەزار بەرمیل هەناردە كرێت، ئەوەش لەكاتێكدایە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو رۆژانە 133 هەزار بەرمیل رەوانەی بەندەری جەیهانی توركیا كراوە.

كەمبونەوەی هەناردەی نەوتی كەركوك لەكاتێكدایە كۆمپانیای سۆمۆ رایگەیاندوە، مانگی رابردوو حكومەتی عیراق لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە 3 ملیۆن و 871 هەزار بەرمیل نەوتیان هەناردە كردوەو لەو ژمارەیەش 3 ملیۆن و 276 هەزاری لەبەندەرەكانی باشوورەوە روانەكراوەو 595 هەزاری تریشی لەرێگەی توركیاوە بووە.