پێشەکی:
لەگەل دۆزینەوە و دەرھێنانی نەوت لە باشووری کوردستان لە چوارچێوەی دەولەتی عێراق جیۆپۆلۆتیکی ئەم بەشەی کوردستان بە بەردەوامی بۆتە فاکتەرێکی کاریگەر لە ھاوکێشەی سەربازی، سیاسی، ئابووری ناوچەکە و کۆمەلگای نێودەولەتی.
ھەرێمی کوردستان وەکو ھەرێمێکی دەولەمەند بە نەوت و سەرچاوە سروشتیەکان، ئەمرۆ لە نێو ولاتانی ناوچەکە بۆتە گۆڕەپانێکی گەورە بۆ یەکلاکردنەوەی کۆمەلێك ململانێی سیاسی و جیھانی، ھاوکات ترسێکی گەورەشی خستۆتە نێو دڵی ولاتە دراوسێکان، چونکە بەشێك لە ولاتانی دراوسێ دۆزینەوەی نەوت لە ھەرێمی کوردستان بە ھەڕەشە بۆ سەرخۆیان دەزانن و ترسیان لەبوونی یەدەگی نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەیە، کە لە داھاتودا ببێتە فاکتەری بەھێز بۆ بەھێزبوونی پێگەی جیۆپۆلۆتیکی و جیۆستراتیژی ھەرێمی کوردستان.
لە دوای ھاتنی داعش بۆ عێراق و ھێرشکردنی بۆ سەر سنورەکانی ھەرێم زۆرترین فۆکەس لەسەر کەرت نەوت و جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێمە ، ھەم لە ئاستی نێوخۆی ھەرێمی کوردستان، و ھەمیش لە ئاستی ناوەخۆی عێراق و دەولەتانی ئیقلیمی، بەلام ئایا دوای کۆتایی ھاتنی داعش لە جوگرافیەی عێراق بەشیوەیێکی گشتی، و کۆتایی ھاتنی داعش لە سنووری پارێزگای موسڵ جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێمی کوردستان بە چ ئاستێك دەگات لە گەشەکردن و گەشەنەکردندا ؟
ئایا دوای شەڕی داعش کەیسی نەوت لە ھەرێمی کوردستان بەرەو کوێ ھەنگاو دەنێت؟ ئایا ھاتنی داعش بۆ عێراق و دەستپێکردنی شەڕ لەگەل ھەرێمی کوردستان بە درێژایی زیاتر لە 1050 کم2 چ کاریگەری پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی بۆ جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەبووە؟ ئایا دوای داعش نەوتی ھەرێم لە چ ڕویێکەوە بۆ خەلك و حکومەتی ھەرێم گرینگی ستراتیژی ھەیە.
ئایا سیناریۆ و لێکەوتەکانی دوای داعش لەسەر جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێم چی دەبن، و ھەروەھا کام لەم سیناریۆیانە زۆرترین ئەگەری بەھێزی ھەیە. لە دوای کۆتایی ھاتنی داعش لەسەر جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێمی کوردستان بىێتە فاکتەرێکی واقعی سیاسی بەڕێوەبردنی نەوتی؟
چەمك و پێناسەی زاراوەکان:
لێرەدا پێویست دەکات چەمك و زاراوەکانی بە تەواوی شی بکرێنەوە بۆ ئەوەی پەیوەندیێکی ڕاستەوخۆیان بۆ دروست بکەین، وە تاکو بەتەواوی تێکەلکێش بکرێن لەگەل کڕۆکی بابەتەکە، کە بریتیە لە “جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێم لە دوای داعش” ، وە ھەروەھا پێویستیێکی تریش لە تێگەیشتنی ئەم چەمك و زاروانە بریتیە لە ڕاستی و دروستی ئەم زاراوانە لە بەکارھێنانی توێژینەوەیێکی لەم شێوەیەدا.
جیۆپۆلۆتیك:
جیۆپۆلۆتیك و نەوت زۆرترین تێکەلكیشی ھەیە لەگەل یەکتر. جیۆپۆلۆتیك ھەوڵ دەدات فاکتەرەکانی سەقامگیری کەرتی نەوت دیاری بکات جیۆپۆلۆتیکس Geopolitics زاراوەیەکە، کە لەدوو وشەی ئەغریقی پێك ھاتوو ( جیۆ- Geo) بەمانای گۆی زەوی و ( پۆلەتیکس Politics) بە مانای سیاسەت، واتا مانا وشەییەکەی (( سیاسیەتی گۆی زەوەی ))، بەلام دیارە ئەم وشەییە ناوەڕکی زانستی جیۆپۆلۆتیکس ناپێکێت، کە لە بنچینەدا بریتیە لەو تیۆرانەی کە بایەخ بە لێکۆلینەوەی جوگرافی سیاسی دەدن بۆ خزمەتی ئاواتە نەتەوەیەکان بەکاردێن (1)
ئەگەر قول بینەوە لە مێژووی پەروەسەندنی چەمکی جیۆپۆلۆتیك، دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە سەرەتای دەرکەوتنی ئەم چەمکە دەگەرێتەوە بۆ ڕۆدلف کیڵینی Ruodolf Kyllen سویدی، کە لە پەرتوکی Staten Som Lirsfor دەولەت ژیندارێکەThe State as an Organism ، لە سالی 1916 زاینی بلاوی کردوە ، وە ھەروەھا ھاوکات یەکەمین کەسیشە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەم زاراوەی بەکارھێنا.(2)
لە ڕوانگەی ئینسکلۆپیدیای بەریتانیEncyclopedia Britannica جیۆپۆلۆتیك بریتیە لە شی کردنەوەی ئەو ھۆکارە جوگرافیانەی، کە کاریگەری بەھێزیان ھەیە لەسەر سیاسەتی نێودەولەتی.(3) لە ژێر ڕۆشنایی ئەم پێناسەیدا جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێمی کوردستان وەك فاکتەرێکی جوگرافی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری ھەیە لەسەر سیاسەتی نێونەتەوەی. لە لایێکی تریشەوە جوگرافی ناسی ئەمریکی ((ویگریت Weigert)) جیۆپۆلۆتیك برییتیە لە بەکارھێنانی بنەما و پڕۆگرامەکانی جوگرافیایە لە مەجالی ھێزدا. (4) جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێمی کوردستان بنەمایێکی گرینگە بۆ ھێزی جیۆستراتیژی ھەرێم، وە ھەروەھا دوای کۆتایی ھاتنی داعش لە عێراق و سنوورەکانی ناوچە کوردستانیە کێشە لەسەرەکان زۆرترین شیکردنەوە بۆ جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەکرێت.
ناسینی نەوت Oil :
لەگەل دۆزینەوە و دەرھێنانی نەوت لە ناوچە جیاجیاکانی سەر ڕووی گۆی زەوی وەك فاکتەرێکی جوگرافی کاریگەری ڕاستەوخۆی دروستکردوە لەسەر سیاسەتی نێودەولەتی و پێشخستنی جیۆپۆلۆتیك و پەیوەندیە نێودەولەتیەکان و دامەزارندنی دامەزراوە نێودەولەتیەکان.
نەوت یان پیترۆلیۆمی Petroleum لە بنچینەدا وشەیێکی لاتینیە، ھەر لە سەرەتاکانی سەدەی دەیەمەوە پیتڕۆلیۆم یان ڕۆك پێ گوتراوە. بنچینەی ئەم چەمکەش دەگڕێتەوە بۆ ( پێتڕۆس Petrous ) + ئۆلیۆم (Oleum) بە زمانی لاتین پێکھاتووە کە مانای نەوتە، وە ھەروەھا نەوت پێکھاتەیەێکی شلەی سروشتیە، وە ڕەنگێکی زەردی مەیلەو ڕەشە ھەیە، کە لە پێکھاتەکانی چینەکانی ژێر زەوەی ئەدۆزرێتەوە و دروست دەبێت. (5)
سەرەتایی دۆزینەوە و وەبەرھێنان لە کەرتی نەوت بەپێی قۆناغە مێژوویەکان گەشەیکردوە، و ئەم گەشەکردنەش بۆتە فاکتەرێکی جوگرافی لەسەر سیاسەتی گشتی جیھان، بەلام نەوت Oil دوای کۆلینەوە دەردەھێنرێت بە گشتی نەوت بەرھەمێکە کاتێك دێتە بوون و بەرھەم ھێنان بۆ خستنە بازاڕ دوای ئەوە دێت(6)، کە مادەکانی تری لێ جیادەکرێنەوە، چونکە پێکھاتەی نەوت لە ژێر زەوی بەھەموو پێکھاتەکانەوە پێك دێن لە بەرھەمی پەتڕۆڵ Patrol، بەلام ئەگەر چەمکی پیتڕۆلیۆم Petroleum وەك تایبەتمەندیێك بەکاربھێنین، ئەوە بە تەنھا نەوتی خاو دەگرێتەخۆ.
بەشێوەیێکی گشتی کەرتی نەوت Oil Sector پۆلێن دەکرێت بۆ چەند مادەیێکی جیاواز، کە ھەر یەکێك لەم مادانەش بۆ خۆی کاریگەریێکی یەکلاکەرەوەی ھەیە لەسەر بوژانەوەی پیشەسازی وزەی قورس و سوك.
ھەرچی تایبەتە بە دۆزینەوەی نەوت لە باشووری کوردستان مێژووەکەتی دەگرێتەوە بۆ سەد سال زیاتر، بەلام لەماوەی ئەم سەد سالە نەوتی ھەرێمی وەك فاکتەرێکی جیۆپۆلۆتیکی بەھێز نەبوە بۆ جوگرافیەی سیاسی ھەرێمی کوردستان. یەکەمین مورکردنی گرێبەستی نەوتی حکومەتی ھەرێم دەگرێتەوە بۆ سالی 2004 لەگەل ھەر یەك لە کۆمپانیەکانی D.N.O و وایڵد کەتەری نەرویجی. (7)
لە سالی 2006 ئەم دوو کۆمپانیە دوای ئیمزاکردنی گرێبەستیان لەگەل حکومەتی ھەرێمی کوردستان یەکەمین کۆمپانیای نێودەولەتی بوون دەستیان کرد بە دەرھێنانی نەوت لە جوگرافیەی ھەرێمی کوردستان.
لە سنووری ھەرێمی کوردستان 28 کۆمپانیای بواری نەوت کار دەکەن لە ھەرێمی کوردستان، کە لەچەندین کۆمپانیای بەناوبانگی نێودەولەتی بواری نەوت پێك دێن. ئەمەش بنەمایێکی جیۆئابووری و جیۆستراتیژی بۆ ھەرێمی کوردستان دروستکردوە لە ئاستی نێودەولەتی. بڕوانە خشتەی ژمارە (یەکەم).(8)
ھەرێمی کوردستان:
کوردستان وەك ھەرێمێك یان وەکو دەستەواژەیێکی جوگرافی دەگەرێتەوە بۆ ناوەڕاستی سەدەی دوانزەھەم (1150 ی زاینی )، کە لەسەردەمی سەلجۆقیەکاندا بەکارھێنراو (10). لە کۆتایی حوکمڕانی سەلجۆقیەکان سنجاری، یەکێك لە ھەرێمەکانی ناو ناوە کوردستان، بەلام یەکەمین جار لە مێژوودا وشەی کوردستان لە سەدەی چواردە بەکارھێنراوە.
ھەرچی تایبەتیشە بە چەمکی ھەرێم دیدی و بۆچونی جیاواز ھەیە لەسەر چەمکی ھەرێم Region. بەپێی پێناسەیێکی فەرھەنگی مریەم وێبستێر Merriam Webster ھەرێم بریتیە لە ڕوبەرێکی دیاری کراو لە چوارچێوەی دەولەتانی جیھان(11)، وە ھەروەھا ئەم ڕوبەرە لە چەند لایێکەوە لە ڕوبەرەکانی تری دەولەت و دەولەتانی تر جیاوازە. ئەگەر لە ژێر ئەم ڕوانگەیەی پێناسینەی مریەم وێبستێر تێروانین بکەین بۆ ھەرێمی کوردستان لە ھەموو لاینێکەوە جیاوازە لە ھەرێم و ڕوبەرەکانی دەولەتی عێراق و ھەرێمی دەولەتانی ھەرێمی و نێودەولەتی چ لە ڕووی شێوە جوگرافیەکەی، وە ھەروەھا لە ڕوەکانی تری سیاسی و ئابووریدا.
A.J. Herbertson ھربرستۆن بڕوای وایە، کە ھەرێم بریتیە لە تێکەلاوی چەند توخمێك وەك زەوی، ھەوا، ئاو، مرۆڤ، ڕووەك( 12). مەکنزی Mckenzie پێی وایە کە ھەرێم یەکەیێکی جوگرافیەیە، کە چالاکیە ئابووری و کۆمەلایەتیەکان و دانیشتوانەکەی لە دەوری یەك کەوانەی ناوەندی ئابووری و ئیداری دەسورێنەوە.(13) ھەرێمی کوردستانی عێراق بە بەراورد بە ھەرێمەکانی تری ناوەڕاست و باشووری عێراق زۆر جیاوازە، لە ڕووی تایبەتیمەندی جوگرافیەوە، کە بەجۆرێك حالەتی لێکچونەکانی زۆر جیاوازە لەگەل ھەرێمەکانی تری عێراق. لە ژێر ئەم ڕۆشنایەشدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی، کە ئاسایشی ھەر ھەرێمێک خاسیەت و پێکھاتەی جیاوازی خۆی ھەیە.
واقیعی دیفاکتۆی ھەرێمی کوردستانی عێراق ئەو کاتە ھاتە کایەوە، کە دەولەتی فەڕەنسا پرۆژەی ھێنانە کایەوەی یان دروستکردنی ھێلی ئارامی پێشەکەش بە ئەنجومەنی ئاسایش کرد، لە ژێر ڕۆشنایی ئەم پرۆژەیە لە 5 نیسانی 1991 ئەنجومەنی ئاسایش بە بریاری (688) ناوچەیێکی ئارامی لە باکووری ھێلی 36 بۆ کورد دروستکرد تاکو ئەم ناوچەیە پارێزراو بێت لە دەست ڕژێمی صدام حسێن.(14)
خشتەی ژمارە(یەکەم)
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی سامانی سروشتیەکانی حکومەتی ھەرێم لەسالی 2016 لە سنووری ھەرێمی کوردستان. لە 57 بلۆکی جیاوازدا نەوت دەردەھێنرێت بڕوانە نەخشەی ژمارە (1). وە ھەروەھا 28 کۆمپانیای بواری نەوت کار دەکەن لە ھەرێمی کوردستان.
نەخشەی ژمارەی (1)
نەخشەی بلۆکە نەوتیەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق
کاریگەری داعش لەسەر جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێم:
دوای دروستبوونی داعش و دەستکردنی بە فراوانخوازیەکانی لە بەشێکی زۆری جوگرافیەی سوریا و باکوور و ڕۆژئاوای عێراق لە سەرەتایی سالی 2014 وایکرد جیۆپۆلۆتیکی نەوت بەشێوەیێکی گشتی لە ڕۆژھەلاتی ناوەڕاست بە فۆرمێکی نوێترو جیاوازتر دەربکەوێت،بەلام ھەرچی تایبەتە بە جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێمی کوردستان کاریگەری ھاتنی داعش بۆ عێراق و کۆنتڕۆلکردنی شاری موسڵ لە لایان داعش لە 10 حوزەیرانی سالی 2014 توانی لە ماوەیێکی کورتدا کاریگەریەکە ببێتە ھۆی ئەوەی نرخی نەوت گۆڕانی بەسەر دابێت لە بازارەکانی جیھاندا.
دوای ڕاگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی نرخی نەوت کرایە کارتێکی سیاسی نێوان ولاتانی ھەرێمی بە تایبەتیش عەرەبستانی سعودی و کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەم ململانیەش بووە فاکتەرێکی سەرەکی لەسەر جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێمی کوردستانی عێراق، بەلام ئەم کاریگەریەش تەنھا حالەتی نێگەتیڤی نەھێنا بوون بەلکو لایەنی پۆزەتیڤیشی ھەبوو.
بۆیە دەکرێتە بلێین کاریگەری دروستبونی داعش و ھاتن و کۆنتڕلکردنی ناوچە سونیەکان و بەشێکی زۆری ناوچە کوردستانیە کێشە لەسەرەکان لایەنی سودمەندیشی بۆ جیۆپۆلۆتیکی ھەرێمی کوردستان تێدابوە، بەلام دەبێت بزانین لایەنە باشەکان چین، وە ھەروەھا لایەنە خراپەکانیش چین. بۆیە لێرەدا ھەردووك لایەنەکە دەخەینە ڕوو.
یەکەم: لایەنە باشەکانی.
لەوانیە بە بڕوای بەشێك لە کەسانی پسپۆڕو تایبەتمەند لە جیۆسیاسی نەوت ئەستەم بێت لایەنە باشەکانی ھێرشەکانی داعش بۆ سەر جیۆپۆلۆتیكی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەستنیشان بکەن، بەلام لەوانیە ئەمەش تەواو زانستی و بابەتی واقعی نەبێت، چونکە یەکێك لە خاسیەتە باشەکانی کاریگەری داعش لەسەر نەوتی ھەرێم بریتی بوو لەوەی، کە نەوت تاکە سەرچاوەی نەخشە ئابووری حکومەت بێت پڕ مەترسیترین قەیرانی دارایی و بەڕێوەبردنی ئابووری بەدوای خۆی دێنێت (15)، وەك ئەوەی لە واقعی بەرێوەبردنی ھەرێمی کوردستان تاقی کرایەوە ڕوویدا. یەکێکی تر لە تایبەتمەندیە باشەکانی دروستبون و ھاتنی داعش بۆ عێراق لەسەر جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێمی کوردستان پێکدێت لە کۆنتڕۆلکردنەوەی بەشێکی زۆری ناوچە کوردستانیە کێشە لەسەرەکان لە لایانی ھێزەکانی پێشمەرگە، کە ھاوکات دەولەمەندن بە یەدەگی یەکجار گەورەی نەوتی لە ئاستی عێراق و ناوچەکە.
دووەم: لایەنە خراپەکانی.
ئەگەرلایەنە خراپەکانی ھاتنی داعش بەشێوەیێکی گشتی لە ئاستی دەولەتانی ئیقلیمی یەکجار زۆربن، ئەوە پشکی شێر بە ھەرێمی کوردستان دەکەون لە ئاستی نێوخۆی ھەرێمیش بەر کەرتی نەوت دەکەون. بۆیە ئەگەر بێین کاریگەریە خراپەکانی داعش لەسەر جیۆپلۆتیکی نەوت دیاری بکەین ئەوە بەقەد بیرە نەوتەکانی و تانکەرەکان زۆرن، بەلام ھەندێك خاسیەتی سەرەکی ھەن کە داعش بووە ھۆی کاریگەری لەسەر جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێمی کوردستانی عێراق. کە لێرەدا ھەول دەدەین دەست نیشانیان بکەین.
یەکەم کاریگەری ھاتنی داعش بووە بە ھانەیێکی سەرەکی بۆ بە تالان بردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، کە ھەر رۆژێك داتایێك بلاودەکرێتەوە، کە بە مانایێکی تر ئەستەمە بتوانێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت. دووەم ھۆکارێکی تری ھێرشەکانی داعش بۆ سەر سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان لەسەر نەوت بەشێوەیێکی گشتی لە ئاستی ولاتانی بەرھەمە ھێنەری نەوت. بریتی بوو لە دابەزینی نرخی نەوت بە ھەرێمی کوردستانیشەوە، بڕوانە خشتەی ژمارە (1). ھەرچەند ئەمە بڕوای بەشێك لە چاودێران و پسپۆڕانی تایبەت بەم کەیسە دوورە لە ڕاستی، کە داعش بویتە ھۆی دروستکردنی قەیرانی دارایی لە ھەرێمی کوردستان واقعەکەش بە مانایێکی تر ڕاستە، چونکە ئێستا نرخی نەوت لەسەروی 50$ دۆلارە،(16) بەلام بۆ ئەم قەیرانە دارایی ھەر بەردەوامە، و تا دێت درێژەش دەکەشێت.
جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێم لەبەردەم سیناریۆی جیاواز دا:
دوای دەرپەڕاندنی داعش لە عێراق بەشێوەیێکی گشتی، وە ھەروەھا ناوچە کوردستانیە کێشە لەسەرەکان بەشێوەیێکی تایبەتی جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێم خۆی دەبینێتەوە لەبەردەم کۆمەلێك سیناریۆ و لێکەوتی جیاواز، کە ھاوکات بەشێك لەم سیناریۆیانەش پەیوەندیان ھەیە بە کاروباری نێوخۆی جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێم و نێوخۆی ململانێ سیاسیەکانی ھەرێم، وە بەشێکیشی پەیوەندی ھەیە بە کێشەی نەوتی نێوان ھەولێر و بەغدا.
لە لایێکی تریشەوە دوای کۆتایی ھاتنی داعش لە عێراقدا جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەبێتە فاکیەرێکی جوگرافی کاریگەر لەسەر پەیوەندیە سیاسیەکانی لە ئاستی دەولەتانی ناوچەی و نێودەولەتی، ئەم فاکتەرە جوگرافیەش خۆی دەبینێتەوە لەبەردەم کۆمەلێك سیناریۆ و لێکەوتی جیاواز چ لە ناوەخۆی ھەرێمی کوردستان بێت یان لە ئاستی دەرەوەی ھەرێم دابێت. بۆیە لێرەدا ھەول دەدەین ھەندێك لەم سیناریۆ لە ئاستی جیاوازدا دەست نیشان بکەین، کە لە دوای کۆتایی ھاتنی داعش ڕوبەڕوی جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەبنەوە، کە پێك دێن لەمانەی خوارەوە:
یەکەم : ململانێی نێوخۆیەکانی ھەرێم.
ڕۆژانە زۆرترین قسە و لێکدانەوە دەکرێت لە میدیای ھەرێمی کوردستان لەسەر ناشەفافی وردەکاریەکانی کەرتی نەوت بە تایبەت لە فرۆشتن و دەستخستنی داھات و چەندین لایەنی تری پەیوەندیدار بە دۆسیەی ناشەفافی نەوت لە ھەرێمی کوردستان ( 17). ناشەفافی ھەبوونی گەندەلی زۆر گەورە لە کەرتی نەوت لە ھەرێمی کوردستان. ئەم ھەرێمە بەرەو تونێلێکی تاریك دەبات لە سەقامگیری سیاسی و ئابووری و یاسایی دامەزاوەی حکومەتی.
یەکێك لە سیناریۆ بەھێزەکانی جیۆپۆلۆتیکی نەوت لە دوای داعش لە ئاستی نێوخۆی جوگرافی ھەرێم بریتیە لە ھەلوێست وەرگرتنی ھێزو لایەنە سیاسیەکانی ھەرێم و خەڵك لە ئەنجامی بەردەوامی ھەبوونی گەندەلی لەم مەجالەدا، کە ئەم ھەولوێستەش فشارێکی توند دەست پێدەکات لەسەر ئەم کەرتە، وە ھەروەھا ئەم لێکەتە بە دووریش نابێت لە کاردانەوەی توندی خەڵك یان بە مانایێکی تر ھەلوێستی رێگری کردن لە بەردەوامی ھەناردەکردن و وەبەرھێنانی نەوت بە زەبری چەك. یەکێکی تر لە سیناریۆ کانی تر لەسەر جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێمی کوردستان بریتیە لەشەڕی لایەنە سیاسیەکان، و ئەم شەڕە سەر بکێشێت بۆ لایەنی سەربازی بە تایبەت لە نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان PKK و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق یان زۆنی زەرد و زۆنی سەوز کە ئەوەش دەبێتە ھۆی پوکانەوەی جیۆپۆلۆتیك و جیۆستراتیژی نەوت لە ھەرێمی کوردستان.
بەلام دەکڕێت کەیسی نەوت لە ئاستی نێوخۆی ھەرێمی کوردستان بەم شێوەیە بمێنێتەوە، و بەردەوام بێت لەم جۆرە ئیدارەدانە، چونکە ئەم جۆرە بەرێوەبردەنەش بێ پالپشت نیە چ لە ئاستی نێوخۆی ھەرێمی کوردستان، و چ لە ئاستی دەولەتانی ئیقلیمی و نێودەلەتی، چونکە ھەموو ئەم لایەنە گرینگانە بەرژەوەندیێکی تێکەلکێشیان ھەیە لەگەل یەکتر لە دابەشکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان. بۆیە دەکرێت بلێین یەکێك لە سیناریۆ بەھێزەکانیش لەسەر جیۆپۆلۆتیکی کەرتی نەوتی ھەرێم بریتی دەبێت لەم شێوە بەرێوەبردنە ناشەفافە.
دووەم: ململانێی ھەرێم و بەغدا.
بەشێکی زۆری سەرئەنجامی ململانێی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی بەغدا. لە کەرتی نەتەوە دەستی پێکرد، و سەرچاوەی گرت بە تایبەت دوای ئەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەنەبوو داھات و سەرچاوەی نەوتی تەسلیم بە خەزێنەی بەغدا بکاتەوە.( 18 )
دوای ئەم بارودۆخە حکومەتی ھەرێمی کوردستان یەك لایەنە دەستی کرد بە فرۆشتنی نەوت لە ڕێگای بۆڕی نەوتی جەیھان بڕوانە نەخشەی ژ (2) و فرۆشتنی بە تانکەر لە ڕێگای ھەردووك خالی سنووری ئێران و تورکیا.
نەخشەی ژمارە (2) ھێلی بۆڕی ھەرێم بۆ بەندەری جەیھان
دوای کۆتایی ھاتنی داعش لە نەخشەی جوگرافیەی عێراق مانەوەی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەولەتی عێراق، و بەردەوامبونی قەیرانی دارایی و بەڕێوەبردنی ئابووری. ململانێی نێوان بەغدا و ھەرێم تونتر دەبنەوە، لەسەر مەلهفی نەوت، ئەمەش سەر دەکەشێت بۆ سیناریۆی جیاواز لە نێوان ھەردووك لادا.
لە سیناریۆ نزیکەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا لە دوای داعش، کە کاریگەری ھەبێت لەسەر جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێمی کوردستان بریتی دەبێت لە ھەلوێست و کاردانەوەکانی حکومەتی عێراقی بەشێوەیێکی گشتی، و ھەروەھا کاردانەوەی توندی حکومەتی بەغدا بەرامبەر بیرە نەوتەکانی ناوچە کوردستانیە کێشە لەسەرەکان بە تایبەتی. دوای ئەوەی لە دوای ھاتنی داعش بۆ ئەم ناوچانە دەستی بەسەر داگرتن. ئەم کاردانەوەی بەغدا لەگەل ھەرێم سەر دەکەشێت بۆ دروستبونی ناکۆکی سیاسی و سەربازی لەسەر جوگرافیەی نەوتی ئەم ڕوبەرەی ناوچە کوردستانیە کێشە لەسەرەکان. ئەمەش جیۆسیاسی نەوتی لە ھەرێم و ناوچە بەرەو قۆناغێکی تر ھەنگاو دەنێت.
لە کۆتایی سالی 2016 ھەرێمی کوردستان نزیکەی 20% نەوتی عێراق ڕاستەوخۆ خۆی دەفرۆشێت، کە 57 بلۆکی نەوتی دەگرێتەوە، بەلام لە ئەنجامی فرۆشتنی ئەم ڕێژەیەدا بەپێی بەلگەی جیاواز لە حیزبە سیاسیەکان و بەشێکی میدیا ھیچ داھاتێکی دیارکراوی ئەم فرۆشتنەی نەوت ناگەڕێتەوە بۆ داھاتی حکومەت مەبەست لێی خزمەتکردنی خەلك بێت.( 19)
یەکێکی تر لە سیناریۆکانی تری نێوان بەغدا و ھەرێم بریتی دەبێت لەوەی، کە بەغدا ڕاستەوخۆ مامەلە بکات لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان لە ئەگەری پابەند نەبوونی حکومەتی ھەرێم و حکومەتی نەغدا بە ڕێکەوتنی نەوتی. ئەم واقیعە دوای ئەوەی پڕۆژەیێك لە لایان فراکسۆنی بزونتەوەی گۆڕان پێشکەش بە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی کرا(20). ئەمەش کاردانەوەی توندی میدیای بەدوای خۆی داھێنا لە لایان پارتی دیموکراتی کوردستان لایەنگرانی ئەم حیزبە لە تۆڕە کۆمەلایەتیەکان، کە گوایە ئەمە خیانەتی نیشتمانیە. بەلام بەشی زۆری خەلکی ھەرێمی کوردستان بەگشتی، وە لایەنگرانی چوار لایەنە سیاسیەکی تر ناشەفافی کەرتی نەوت بەم شێوەیەی ھەیە خۆی دەبینێتەوە لە خیانەتی نیشتمانی.
سەرئەنجامی ھەر یەکێك لەم سیناریۆیانەی نێوان بەغدا و ھەرێمی کوردستان لەسەر ململانێ کەرتی نەوت ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر پێگەی جیۆپۆلۆتیکی و جیۆستراتیژی ھەرێمی کوردستانەوە، و لە لایێکی تریشەوە ناتوانین ئەو سیناریۆش فرامۆش بکەین لەسەر جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێم، کە ئەگەری ڕوودانی ھەیە کە دوای کۆتایی ھاتنی داعش لە جوگرافیەی عێراق بریتی دەبێت لە نزیكبونەوەی بەغدا و تورکیا لەسەر کۆمەلێك مەلهفی پەیوەندیدار بە چارەنوس لە نێوان خۆیاندا بە تایبەت لەسەر دابەشکردن و پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندیە سیاسی و ئابووریەکان کە ئەمەش ڕاستەوخۆ و ناڕستەوخۆ کاریگەری دروست دەکات لەسەر جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێمی کوردستان بە حالەتی پوکانەوە.
سێیەم: ململانێی ئیقلیمی و نێودەولەتی :
بەشێوەیێکی گشتی داھاتووی کەرتی نەوت لە دوای کۆتایی ھاتنی داعش لە جوگرافیەی ڕۆژھەلاتی ناوەڕاست. پەیوەندی دارە بە سیناریۆ و ململانێ جیاوازەکانی دەولەتانی ھەرێمی و ولاتە زلھێزەکانی جیھان. لەم سۆنگەشەوە جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەشێك دەبێت لە یەك لاکردنەوەی ململانێی دەولەتانی ھەرێمی و دەولەتە زلھێزەکان لە ئاستی کۆمەلگای نێودەولەتی. عادەتەن لە ئەنجامی نزیکبونەوەی دەولەتانی بەرھەم ھێنەری نەوت جیۆپۆلتیکی نەوتی ھەرێمی کوردستان خۆی دەبینێتەوە لەبەردەم سیناریۆی جیاوازدا.
بە ئەگەر ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیەکانی عێراق، یەکێك لە فاکتەرە کاریگەریەکانی پوکانەوەی سەر جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێم خۆی دەردەخات .یان ئەگەر ھاتوو بارودۆخی تورکیا لە ڕووی ئەمنیەوە بەرەو خراپ بوون ھەنگاوی نا، ئەو کات ئوتوماتیکی جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەرەو پوکانەوەیێکی گەورە دەڕوات، چونکە زەمانەتی بۆڕی نەوتی جەیھان تەنیا لە ڕێگای سەقامگیری ئاشتی نێوخۆی باشووری تورکیاوە دەگاتە حالەتی پاراستن.
ئەگەرێکی تری لێکەوتەکانی سیناریۆی ھەرێمی و نێودەولەتیەکان دوای داعش خۆی دەبینێتەوە لە ڕێکەوتنی سیاسی و ئابووری و سەربازی لە نێوان ولاتانی ھاوسنوور لەگەل ھەرێمی کوردستان، ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێم. دەکرێت ئەوە لەوە تێبگەین کە ھەر ڕێکەوتنی جیۆسیاسی نێوان تورکیا، عێراق، ئێران، سعودیا و لایەنەکانی تر دەبێتە مەترسی بۆسەر جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێمی کوردستان، چونکە ئەگەر ھاتوو ئەم دابەشکردنە لەسەر جوگرافیەی سیاسی ناوچەکە بوو، یان لە لایێکی تریشەوە بووە ھۆی دروستبوون و پەرەسەندنی زیاتری ململانێ نێوان ولاتانی ھەرێمی و نێودەولەتی لە ڕۆژھەلاتی ناوەڕاست دوای داعش جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێم دەبێتە فاکتەرێکی سەرەکی بۆ قوربانیدانی شەڕی وەکالەتدار، کە تاکو ئێستاش دەتوانین بلێین ھەرێمی کوردستان بەشێکە لە دابەشکردنی ھێزی وەکالەتداری دەولەتانی ناوچەکە.
ململانێی نێودەولەتی و ھەرێمی دوای داعش لە ناوچەکە ھۆکارێکی تر دەبێت لە دابەشکردنی جوگرافیەی ھەرێمی کوردستان ئەمەش سەر ئەنجام دەبێتە دابەشبوونی بەرێوەبردنی سیاسەتی نەوتیش لە ھەرێمی کوردستان، چونکە یەکێك لە ئەگەرە بەھێزەکانی دوای داعش لەسەر ھەرێم بریتیە لە دابەشبوونی ھەرێم بۆ دوو ئیدارەی جیاواز لە بەرێوەبردنی ئابووری و سیاسی و سەربازی و سیاسەتی نەوتی.
ئەنجامەکان:
1- یەکەمین جار لە مێژوودا سەلجۆقیەکان وشەی کوردستانیان بەکار ھێناوە لە سەدەی چواردەھەم. زۆربەی ھەرێمەکان لە ڕووی خاسیەت و توخمی سروشتی و مرۆیی جوگرافی لە یەکترەوە جیاوازن لەسەر ڕوخساری زەوی. ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بنەما جیۆپۆلۆتیکیەکان جیاوازترە لە چاو ھەرێمەکانی تری عێراقی، وە دیفاکتۆی ئێستای ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە بۆ دوای سالی 1991.
2- گەشەکردنی چەمکی جیۆپۆلۆتیك و لە دایکبوونی تیۆرەکانی فاکتەرێکی سەرەکی بوو بۆ خۆ جیاکردنەوەی لە زانستی جوگرافیای سیاسی، وە ھەروەھا مێژووی چەمکی جیۆپۆلۆتیك سەد ساڵی ڕەبەقی تێپەر کردوە. فاکتەرە جوگرافیەکان ھۆکار گەلێك بوون بۆ بەستنەوەی جیۆپۆلۆتیك بە سیاسەتی نێودەولەتی.
3- دۆزینەوەی نەوت بووە ھۆکارێك بۆ ئەوەی جیۆپۆلۆتیك و پەیوەندیە نێودەولەتیەکان تێکەلکێش بن، و لە وشەی پەتڕۆل و نەوت دوو وشەی جیاوازن لە یەکترەوە لە ڕووی تایبەتمەندی و پێکھاتەوە. گەشەسەندنی چەمکی نەوت و جیۆپۆلۆتیك لە ڕووی کاتەوە نزیکن لە یەکترەوە.
4- دۆزینەوەی نەوت لە ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە بۆ ناوەڕاستی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو. یەکەمین وەبەرھێنانی نەوتی لە ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە بۆ سالی 2006، کە کۆمپانیای DNO نەرویجی بوو. لە سنووری ھەرێمی کوردستان 28 کۆمپانیا نێودەولەتی لە بواری نەوت کار دەکەن، کە زۆرترینیان کەندی و ئەمریکی و بریتانین، وە ئەم کۆمپانیانە لە 57 بلۆکی نەوتی کار دەکەن.
5- دروستبوون و ھاتنی داعش بۆ عێراق سەلمێنەری سەرەکی بوو لە دەرخستنی فەشەلی سیاسەتی نەوتی لە ھەرێمی کوردستانی عێراق. ھێرشەکانی داعش و پاشەکشە پێکردنی لە لایان ھێزەکانی پێشمەرگە بووە فاکتەرێك، کە بیرە نەوتەکانی ناوچە کوردستانیە کێشە لەسەرەکان بکەونە دەست جکومەتی ھەرێمی کوردستان.
6- دروستبوون و ھێرشەکانی داعش لە سالی 2014 و سالی 2015 بووە ھۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازرەکانی جیھاندا، کە تاکو خوار 30$ دۆلاری ئەمریکی دابەزینی بەخۆیەوە بینی. کۆتایی ھاتنی داعش لە عێراق جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێمی کوردستان خۆی دەبینێتەوە لەبەردەم گەورەترین ململانێی نێوخۆی و ناوچەی و نێودەولەتی.
7- دوای داعش ململانێ نێوخۆیەکانی ھەرێمی کوردستان دەگەنە ئاستێکی مەترسیدار لە شەڕی سیاسی و میدیای بە جۆرێك، کە چارەسەر نەکرێت سەر دەکەشێت بۆ دابەشبوونی ھەرێمی کوردستان بۆ دوو ئیدارەی جیاواز.
8- ململانێیەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا لەسەر کەیسی نەوت دەگاتە ئاستێکی مەترسیدار بەشێوەیێکی گشتی، و گەڕانەوە و نەگەڕانەوەی بیرە نەوتە ناوچە کوردستانیە کێشە لەسەرەکان بەشێوەیێکی تایبەتی. دوای کۆتایی ھاتنی داعش و کەمبونەوەی مەترسیەکانی ئەم ھێزە لەسەر ئاسایشی عێراق حکومەتی بەغدا دەست دەبات بۆ زۆر کارتی جیاواز بۆ فەشەل پێھنانی کەرتی نەوتی ھەرێمی کوردستان.
9- لە ئەگەر نزیکبونەوەی ولاتانی بەرھەمھێنەری نەوت و پاراستنی بەرژەوەندیە نەوتەیەکانی عێراق. فاکتەرێك دەبێت لە پوکانەوەی نەوتی ھەرێم لە ڕووی کریاڕەوە. پاراستنی بۆڕی نەوتی جەیھان لە باشووری تورکیا تەنیا لە ڕێگای ئاشتیەوە بەرجەستە دەبێت بۆ ھەرێمی کوردستان. ململانێی ولاتانی ئیقلیمی و دەستپێکردنی شەڕی چەکداری بە وەکالەت فاکتەرێك دەبێت لە پوکانەوەی جیۆپۆلۆتیکی ھەرێمی کوردستان
لیستی سەرچاوەکان:
1- پڕۆفیسۆر دکتۆر ئازاد محەمەد ئەمین نەقشەبەندی، جیۆپۆلۆتیکس و تیۆری شاول کوھین، گۆڤاری سەنتەری برایەتی، ژمارە2، سالی یەکەم، ئەیلولی سالی 1997، 15.
2- ڕێباز محمد محمود، جیۆپۆلەتیکی خۆرھەلاتی ناوەڕاست، چاپی یەکەم، چاپخانەی نارین، سالی 2012، ڵ9.
3 – Merje Kuus, The Ashgate Research Companion to Critical Geopolitics, p 192, on the website :
https://books.google.com.pg/books?id=fnPeCwAAQBAJ&pg=PA192&lpg=PA192&dq
4- Marc Andre Matten, Imagining a Postnational World: Hegemony and Space in Modern China, p 18, on the website:
https://books.google.com.pg/books?id=HNY6DQAAQBAJ&pg=PA18&lpg=PA
5- گۆڤاری وزە، محمد فاتح، نەوت لەسەرەتای دروستبوونیەوە تا پڕۆسەی دەرھێنان و بەرھەمھێنان. ژمارەی یەکەمی شوباتی سالی 2015، ڵ 137.
6- Bennett H. Wall, Oil Industry, on the website:
http://www.history.com/topics/oil-industry
7- DNO Drilling New Tawke Wells on Back of Profitable Second Quarteron the website:
http://www.dno.no/en/investor-relations/announcements/2016/dno-drilling-new-tawke-wells-on-back-of-profitable-second-quarter/
8- List of International Oil Companies in Iraqi Kurdistan، on the website:
http://www.iraq-businessnews.com/list-of-international-oil-companies-in-iraqi-kurdistan/
9- نەخشەی بلۆکە نەوتیەکان، مۆڵەتەکانی کارکردن و ژێرخانی ووزە، وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی ھەرێمی کوردستان لەسەر پێگەی ئەلیکتڕۆنی:
http://mnr.krg.org/index.php/ku/licenses-energy-infrastructure
10- وەرگێر عبدللە حسن زادە، دوکتۆر، عبدالرحمن قاسملو، کوردستان و کورد، لێکۆلینەوەیەکی سیاسی و ئابووری، ھەتاوی 1973، ژمارە(4)، بنکەی پێشەوا، ڵ11
11- Merriam Webster, Simple Definition of re