ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی كوردستان بۆ 12% بەرزبۆتەوە


بانكی نێودەوڵەتی ئاشكرای دەكات، ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە لەسەدا 12‌و تەئكیدیش دەكاتەوە كە لەسەدا 75ی ئەو پارەیەی بۆ چاودێری كۆمەڵایەتی دابینكراوە، بۆ خەڵكی كەمدەرامەت‌و هەژار خەرج ناكرێت.

وەفدێكی بانكی نێودەوڵەتی كە لەئێستادا كار لەسەر چاكسازی دەكەن لە حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، هەفتەی رابردوو لەگەڵ لیژنەی‌ كاروباری كۆمەڵایەتی‌ پەرلەمانی كوردستان كۆبوەوە‌و تیایدا تەئكیدیان كردۆتەوە، كە بەهۆی شەڕی داعش‌و دابەزینی نرخی نەوت‌و هەڵومەرجی سیاسیەوە، رێژەی‌ هەژاری لەهەرێمی كوردستان بۆ سەدا 12 بەرزبووەتەوە. 

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ساڵی 2007 رێژەی هەژاری سەدا 4 پۆینت 8 بووەو لەساڵی 2012شدا بۆ سەدا 3 پۆینت 5 دابەزیووە.

وەفدەكەی بانكی نێودەوڵەتی كە نزیكەی 15 مانگە كار لەسەر پڕۆژەیەكی چاكسازی دەكەن‌ تەئكیدیان كردۆتەوە، كێشەی گەورەی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە ئەو بڕە بودجەیەی بۆ چاودێری كۆمەڵایەتی دانراوە، لەسەدا 75ی بۆ خەڵكی كەمدەرامەت‌و هەژار خەرج ناكرێت، بەجۆرێك لەساڵی 2014دا زیاتر لە 360 ملیار دینار بۆ چاودێریی كۆمەڵایەتی خەرجكراوە، بەڵام تەنها لەسەدا 11ی بۆ هەژارو كەمدەرامەتی راستەقینە بووە، لەكاتێكدا دەتوانرا بە نیوەی ئەو پارەیە 50 هەزار دیناریش بۆ هەژارانی راستەقینە زیاد بكرێت.