كۆمپانیای گلینكۆری سویسری هەوڵدەدات رێككەوتنێكی پێنج ساڵە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان ئیمزابكات، بەشێوەیەك پارەی بەقەرز پێبداتو دواتر لەڕێی نەوتەوە وەریبگرێتەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردۆتەوە، كە لەئێستادا كۆمپانیای گلینكۆر لە هەوڵی كۆكردنەوەی 550 ملیۆن دۆلاری قەرزی گەرەنتی كراوە بە نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەمە لەكاتێكدایە كە پێشتر كۆمپانیاكانی ڤیتۆڵو پێتراكۆ و ترافیگورا، لەسەر بەرپرسیارێتی خۆیان نزیكەی دوو ملیار دۆلاریان لە بانكەكان قەرز كردوەو داویانە بە حكومەتی هەرێم، لەبەرامبەر پێدانی نەوت پێیان، بەنرخێكی كەمتر لەنرخی بازاڕ.
ئەمە یەكەمجار نیە ئەو كۆمپانیایە قەرز دەداتە هەرێمی كوردستان، بەڵكو لەسەرەتای ئەمساڵدا بڕی 300 ملیۆن دۆلاریدا بە حكومەتی هەرێمو مانگانەش حكومەتی هەرێم بەبڕی 25 ملیۆن دۆلار دەداتە ئەو كۆمپانیایە.
كۆمپانیای گلینكۆر پێشبینی دەكات، گرێبەستێكی پێنج ساڵە لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئیمزابكات بۆ كڕینی نەوتەكەی بەپێدانی پارەی پێشەكی، بەشێوەیەك كە دانەوەی پارەكە بە نەوت زیادبكرێت، بەجۆرێك لەمانگی كانونی دووەمدا یەك كەشتی نەوتو لە شوباتو ئازاردا 2 كەشتی نەوتی پێبدرێت، هەروەها لە نیساندا چوار كەشتیو لەمانگی ئایاریشدا زیاد بكرێت بۆ شەش كەشتی، كە ئەوەش دەكاتە چارەكێكی هەموو ئەو نەوتەی كوردستان هەناردەی دەكاتو نرخەكەی زیاترە لە ملیارێكو 700 ملیۆن دۆلار لەساڵێكدا، هەروەها لەتەواوی 5 ساڵەكەشدا بەهاكەی دەگاتە 8 ملیار دۆلار، ئەوەش بەنرخی ئێستای نەوتی كوردستان كە نزیكەی 40 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك.