بانكی ناوەندی: ئەمساڵ فرۆشی دۆلار نزیكەی 10 ملیار كەمیكردووە


بانكی ناوەندی عیراق ئاشكرای دەكات كەبەراورد بە ساڵی (2015) ئەمساڵ بری فرۆشی بانكەكەیان لە دۆلار نزیكەی (10) ملیار دۆلار كەمیكردوە. 

بەپێی بەیاننامەیەكی بانكەكەش لە یەكەم رۆژی سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو 17/11/2016 بری زیاتر لە(28) ملیارو (619) ملیۆن و (608) هەزار دۆلاریان لە زیادكردنە رۆژانەییەكانی بانكەكەدا فرۆشتوەو بری فرۆشیش بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو نزیكەی  (10) ملیار دۆلار كەمیكردوە بەو پێیەی لە ساڵی رابردووداو بۆ هەمان ماوە بانكی ناوەندی بری زیاتر لە(38) ملیارو (766) ملیۆن و (892) هەزار دۆلاری فرۆشتبوو.

هەروەك لەبەیاننامەكەدا بانكی ناوەندی عیراق ئاماژەی بەوەداوە كە نرخی فرۆشی هەر دۆلارێك لەو زیادكردنانەدا بۆ حەواڵەی بانكەكانی دەرەوە هەزارو (187) دیناربووەو نرخی فرۆشی هەر دۆلارێكیش بەشیوەی نەقدی بە هەزارو (190) دینار دیاریكراوە.

پیشتریش (عەلی عەلاق ) پارێزگاری بانكی ناوەندی رایگەیاندبوو  ئەو رێوشوێنانە نوێیانەی بۆ پارێزگاریكردن لە یەدەگی بانكەكە لە دراوە گرانبەهاكان و  فرۆشتنی دۆلار گرتویانەتەبەر هۆكاربووە بۆ ئەوە لەمساڵدائاستی فرۆشتنی دۆلار كەم ببێتەوە.