له‌م مانگه‌وه‌ مامۆستایان پاره‌ی هاتوچۆ وه‌رده‌گرن

 
سه‌رۆكی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌م مانگه‌وه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی له‌لایه‌ن كۆمپانیای GIZ ی ئه‌ڵمانیاوه‌ بۆ مامۆستایانی هه‌رێم ته‌رخانكراوه‌ خه‌رجده‌كرێت.

عه‌بدولواحید محه‌مه‌د، سه‌رۆكی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان راگه‌یاند: بڕیاره‌ له‌م مانگه‌وه‌ ده‌ستبكرێت به‌خه‌رجكردنی پاره‌ی كۆمپانیای GIZ ی ئه‌ڵمانی بۆ مامۆستایان و پێدانی پاره‌كه‌ش وه‌ك هاوكارییه‌كه‌ بۆ كرێی هاتوچۆی مامۆستایان.

وتیشی:  به‌پێی دووری و نزیكی شوێنی وانه‌وتنه‌وه‌كه‌ی مامۆستایان بڕی پاره‌كه‌ گۆڕنكاری به‌سه‌دا دێت و ئه‌و مامۆستایانه‌ی كه‌ دووری شوێنه‌كه‌یان له‌ 20كم بۆ 40كم ه‌، بڕی پاره‌كه‌یان بریتی ده‌بێت له‌ 50 دۆلار، بۆ هه‌ر مانگێك، هه‌روه‌ها ئه‌و مامۆستایانه‌ی كه‌ دووری هاتوچۆیان له‌ 40كم بۆ 50كم ه‌، بڕی پاره‌كه‌یان بریتی ده‌بێت له‌ 75 دۆلار و ئه‌و مامۆستایانه‌شی كه‌ هاتوچۆیان له‌ 50كم زیاتره‌ بڕی 100 دۆلار وه‌رده‌گرن.

سه‌رۆكی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان راشیگه‌یاند: به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كه‌ هه‌یه‌ بڕیاره‌ كۆمپانیای GIZ ی ئه‌ڵمانی بۆ شه‌ش مانگ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ خه‌رج بكات و به‌دوو به‌ش بێت، واتا هه‌رسی مانگ و به‌شێك دابه‌شبكرێت و چاوه‌ڕوانیشده‌كرێت له‌م مانگه‌دا به‌شی یه‌كه‌م كه‌ پاره‌ی سێ مانگی هاتوچۆی مامۆستایان ده‌كات دابه‌شبكرێت.