حكومەتی ئێران بەهۆی زۆری ژمارەی زیارەتكارانی شیعەوە، لە دوو خاڵی سنوریەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عیراق رادەگرێت.
فەرمانگەی گومرگی ئێران لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندوە: كە دوو خاڵی سنوری لەگەڵ عیراق بەڕووی ئاڵوگۆڕی بازرگانیو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگردا داخستووەو بڕیاریداوە كە لەرۆژانی 14 بۆ 21ی ئەم مانگە، هەردوو خاڵی سنوری مهران لە پارێزگای ئیلام و شەلامچە لە پارێزگای خوزستان تەرخان بكات بۆ ئەو زیارەت كارانەی، كە دەیانەوێت بۆ بەشداریكردن لە چلەی ئیمام حسێن سەردانی عیراق بكەن.
وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە: كە رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لە زیارەتكارانی ئێرانی لەو دوو دەروازەیەوە دەچنە عیراق، لەبەر ئەوە بڕیاردراوە كە لەماوەی ئەو 7 رۆژەدا هەردوو خاڵی سنوری مهرانو شەلامچە تەرخان بكرێت، بۆ ڕاییكردنی كاروباری ئەو هاوڵاتیانەی دەچنە عیراق.
بەڕێوەبەری گشتی دەروازە سنوریەكان لە وەزارەتی ناوخۆی عیراق پێشبینی دەكات، بۆ چلەی ئیمام حسێن 3 ملیۆن گەشتیاری ئاینی بێنە عیراقو راشیگەیاندوە: لەگەڵ ئێران رێككەوتوون كە نرخی پێدانی ڤیزا بۆ گەشتیارانی ئاینی 40 دۆلار بێتو رێگەش بە كەس نەدرێت بەبێ وەرگرتنی ڤیزا بێتە ناو خاكی عیراقەوە.