تیپی پێشڕه‌وی شانۆی دوای ٤٣ ساڵ کاره‌کانیان هه‌ڵپه‌سار

له‌ ئاگاداری نامه‌یه‌کدا تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردی ڕایده‌گه‌یه‌نن که‌ چیتر ناتوانن درێژه‌ به‌کاره‌کانیان بده‌ن وه‌ دوای ٤٣ ساڵ له‌کارکردن کاره‌کانیان هه‌ڵده‌په‌سێرن.
ئاگاداریه‌که‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات” چل‌و سێ ساڵ لەمەوبەر تیپەکەمان دامەزرا. هەر لە یەکەم بەرهەمەوە بینەرانمان تێگەیشتن کە ئەوان نە تەنها سەرچاوەی ئیلهامی کارەکانمانن، بەڵکو ئێمە خەمخۆریشیانین. لە گەرمەی تۆقاندنی رژێمی تکریتییەکاندا کەسمان بە سەددامی نەگوت: بە سمێڵی مەردانەت قەسەم. لامان چاکتر بوو فایلمان لە ئەمن لە خانەی نەیاراندا بێت، لەوەی لەگەڵ ڕەوەی کاسەلێساندا لەبەر مونەزەمەدا پەیمانی وەفاداری نوێکەینەوە”.
ئه‌مه‌ش ده‌قی ئاگادارێه‌که‌یه‌:
 

ئاگادارییەک لە لایەن “تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردی” یەوە

چل‌و سێ ساڵ لەمەوبەر تیپەکەمان دامەزرا. هەر لە یەکەم بەرهەمەوە بینەرانمان تێگەیشتن کە ئەوان نە تەنها سەرچاوەی ئیلهامی کارەکانمانن، بەڵکو ئێمە خەمخۆریشیانین. لە گەرمەی تۆقاندنی رژێمی تکریتییەکاندا کەسمان بە سەددامی نەگوت: بە سمێڵی مەردانەت قەسەم. لامان چاکتر بوو فایلمان لە ئەمن لە خانەی نەیاراندا بێت، لەوەی لەگەڵ ڕەوەی کاسەلێساندا لەبەر مونەزەمەدا پەیمانی وەفاداری نوێکەینەوە.

دوای هاتنە بەرمەیدانی دەسەڵاتی حیزبە کوردییەکان پاش ڕاپەڕینە مەزنەکەی ١٩٩١، دەرکەوت کە کاربەدەستانی نوێ عەوداڵی کەسێکن سووڕیان بۆ بدا، لەوەی هونەری قاڵدراو بەرێتە سەر تەختەی شانۆ. ئێمەیش کە بۆ ئەسڵییەکانمان نەکرد، ملکەچی قەڵبەکانیش نابین.

بۆ ماوەیەک هەرزە یارمەتییەکی دارایی هەندێلایەنی ڕەسمی‌و نیمچە ڕەسمی بەشی ئەوەی تیا ئەبوو کە کرێخانوی بارەگای تیپی پێ دابین بکرێ‌و لە کاولبوون قوتاریکا. بەڵام ئەمەیش قوڕی پیا درا. ئەوسا ئەندامانی تیپ لە گیرفانی خۆیان ئەم کرێخانوەیان هەڵئەسووڕاند، یاخود دۆست‌و لایەنگرانی تیپ دەستی یارمەتییان بۆ درێژ ئەکردین، ئەمەیش جێی ئەوپەڕی قەدرزانینە. بەڵام بە سینیگێڕان کەس گوزەرانی بۆ ناچێتە سەر. ئەوسا گەیشتینە دووڕیانی ئەوەی کە بڕیارو هەڵوێستێکی بنەڕەتانە ناچارییە، با نابەدڵیش بێت.

لە ٢٤ ی تشرینی یەکی ٢٠١٦ دا دەستەی بەڕێوەبەری تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردی دوا کۆبوونەوەی ئەنجامداو، بە کۆی دەنگ ئەندامانی ئەم دەستەیە لەسەر ئەوە کۆک بوون کە هەڵپەساردنی تیپ تا کاتێکی نادیار ڕاگەیەنن.

لە ساتی بڵاوبوونەوەی ئەم ئاگادارییەوە تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردی چالاکی نەماوەو، کەس بۆی نییە بە ناوی ئەم تیپەوە بدوێ.

پڕبەهاترین سامانی تیپ، واتا ئەرشیفەکەی، کە میراتیی ئەندامە کۆچکردوەکانێتی، لگەڵ مۆرو کەرسەی تردا لە ماڵی دوا سەرۆکی تیپ کاک “مستەفا ئەحمەد” پارێزراوە، بۆ ئەوەی فەوتان‌وتەزویرکردن زەفەری پێ نەبەن.

دەستەی بەڕێوەبەری “تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردی”

٢٤ /١٠/٢٠١٦