بەوتەی بەرپرسێكی وەزارەتی كارەبای عیراق، ساڵانە دانیشتووانی عیراق بڕی 10 ملیار دۆلار وەك كرێی موەلیدە ئەهلییەكانی تایبەت بە پێدانی كارەبا خەرج دەكەن. بەڵام بەپێی پڕۆژەیەكی وەزارەتەكەیان لەمەودوا بە نرخێكی كەمتر كارەبای هەمیشەیی بۆ هاووڵاتیان دابین دەكەن.
موسعەب مودەریس وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عیراق روونیدەكاتەوە، بەپێی بەدواداچوونەكانیان ساڵانە عیراقییەكان بڕی 10 ملیار دۆلار بە خاوەن موەلیدە ئەهلییەكانی كارەبا دەدەن، لە بەرامبەر پێدانی كارەبای موەلیدە، كە ئەو پارەیە زۆرەو دەتوانرێت لە بواری دیكەی ستراتیژیی خزمەتگوزاریدا سەرف بكرێت.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كارەبا دەڵێ: «پڕۆژەیەكمان چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە لەو رێگەیەوە دەتوانرێت 24 سەعات كارەبا بۆ هاووڵاتیان دابین بكرێت بەنرخێكی زۆر كەمتر لە نرخی ئەمپێری موەلیدە ئەهلییەكان».
ئاماژەی بەوەشدا، ئەو پڕۆژەیە راستەخۆ لەلایەن حكومەتی عیراقییەوە سەرپەرشتی دەكرێتو وەك هاوكارییەك بۆ هاووڵاتیان دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە. بەجۆرێك هەوڵ دەدرێت بۆ هەر ماڵێك 10 ئەمپێر دابین بكرێتو بتوانێت بەشێكی زۆر لە پێداویستییە كارەباییەكانی بەكاربهێنێت.
وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عیراق ئاشكرای دەكات، ئێستا هەردوو بەرەی كەرخو رەسافەی شاری بەغداو پارێزگاكانی كەربەلاو بەسرەو ناسریەو سامەراو نیوەی پارێزگای كوت خراونەتە سەر ئەو پڕۆژەیە.
وتیشی: «ساڵانێكی زۆرە پێدانی كارەبا بە هاووڵاتیان یەكێكە لە كێشە گەورەكانی عیراق، كە نەتوانراوە چارەسەری بنەڕەتی بۆ بدۆزرێتەوە، ئەمە لەكاتێكدا لەدوای ساڵی 2005ەوە حكومەتی عیراق بودجەیەكی زەبەلاحی بۆ كەرتی كارەبا لە عیراق تەرخان كردووە.».
کوردستانی نوێ