داعش زەیتوونی باشیكی دەناردە سووریا


بەرپرسێكی كشتوكاڵ لە ناحیەی باشیك دەڵێت، لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی شارۆچكەكەیان لەژێر دەستی داعشدا بووە، چەكدارانی داعش زەیتوونی ئەو ناوچەیەیان رنیوە و بەشێكی زۆریان هەناردەی سووریا كردووە.

ناحیەی باشیك سەر بە قەزای حەمدانیەی پارێزگای مووسڵە، دوای دوو هەفتە گەمارۆدان، هەفتەی رابردوو لەلایەن پێشمەرگەوە كۆنترۆڵ كرایەوە. زۆربەی دانیشتووانی ناحیەكە كوردی ئێزدین و بە كشتوكاڵەوە خەریكن. بە تایبەتیش لە بەرهەمهێنانی زەیتووندا پێشەنگن.

نیعمەت ساڵح، جێگری بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ناحیەی باشیك وتی “بەرهەمی ساڵانەی زەیتوون لەم شارۆچكەیە دەگاتە نزیكەی 600 تۆن”. نیعمەت ئەندازیاری كشتوكاڵە و كوردێكی شەبەكی دانیشتووی گوندی فازڵییەیە. ئەو كە داعش هات هەر لە گوندەكەی خۆی مایەوە، بەڵام لە فەرمانگەكەی دەوامی نەدەكرد. 

نزیكەی 70%ی دانیشتووانی باشیك كوردی ئێزدین، 20%یان كریستیان و 10%یشی كوردی شەبەك و عەرەب و توركمانن.

نیعمەت دەڵێت “پێش ئەوەی ئەو ناوچانە بكەونە ژێر دەسەڵاتی داعش، سێ كارگەی دروستكردنی زەیتی زەیتوون لەگەڵ سەدان كارگەی دروستكردنی خۆشكردنی زەیتوون لە ناوچەی باشیك هەبوون، بەرهەمی زەیتوونی باشیك رەوانەی مووسڵ، هەولێر، دهۆك، بەغدا و باشووری عێراق دەكرا، بەڵام دوای هاتنی داعش، بەشێك لە دار زەیتوونەكان بەر بۆردومان كەوتن و سووتان. ئەوەشی مابووەوە چەكدارەكانی داعش بەرەكەیان دەڕنی و دەیاننارد بۆ مووسڵ و سووریا”.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی كشتوكاڵی باشیك، 30%ی خەڵكی ناحیەی باشیك پشت بە زەیتوون دەبەستن. نیعمەت دەڵێت “رووبەرێكی بەرفراوانی خاكی باشیك كراوەتە زەیتوون. ئەگەر وەزارەتی كشتوكاڵ پلانی هەبێ‌، زەیتوونی ئەم ناوچەیە سوودێكی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان دەبێ‌.

سەبارەت بە نرخی زەیتوون، نیعمەت ساڵح گوتی “پێش هاتنی داعش یەك كیلۆ زەیتوون لەناو كێڵگە بە 1000 دینار بوو، بەڵام دوای هاتنی داعش كیلۆی بە 400 دینار بوو. چونكە هەر سێ‌ كارگەكەی زەیتی زەیتوون لە نێو باشیك لەكار كەوتبوون”.

بە گوتەی جووتیارانی ناوچەكە، حەوت جۆر زەیتوون لە باشیك هەیە، جۆرێكیان بە ناوی زەیتوونی باشیك ناوی دەركردووە.

فەیسەڵ ستار، كە جوتیارێكی دەوروبەری باشیكە و 30 ساڵە بە كشتوكاڵەوە خەریكە بە وتی ” خاك و هەوای باشیك بۆ چاندنی زەیتوون زۆر گونجاوە. دار زەیتوون هەیە لەم ناوچەیە تەمەنی 150 ساڵە، نزیكەی حەوت جۆر زەیتوون لە باشیك هەن، جۆرێكی تایبەتمان هەیە كە پێیدەڵێن زەیتوونی باشیك”.
 
رووداو