بازرگانانی کورد گەمارۆی رووسیا و سووریا دەشکێنن


بازرگانانی کورد لە کوردستانی رۆژئاوا گەمارۆی هەردوو وڵاتی رووسیا و رژێمی سووریا لە شاری حەلەب لە باکووری سووریا دەشکێنن.
 
بەهۆی ئەوەی بەشێک لە شاری حەلەب کەوتووەتە ژیر دەسەڵاتی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا، سوپای رووسیا و رژێمی سووریا وێڕای بەردەوام تۆپبارانکردن، گەمارۆیەکی توندییان خستووەتە سەر ئەو ناوچانە، کە هاووڵاتییانی مەدەنی زەرەرمەندی یەکەمن لە گەمارۆکە.
 
سەرچاوەیەک لە ساری حەلەبەوە بە رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)ی راگەیاندووە، کە ئەو کارەی ئەو بازرگانانە، وێڕای سوودی بازرگانیی بۆیان، کارێکی مرۆڤایەتیشە بەوەی نان و خواردن بۆ ئەو هاووڵاتییانە دابین دەکەن، کە هەردوو وڵاتی رووسیا و سووریا دەرگای هەموو هاوکارییەکیان لەسەر داخستوون.
 
شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە، لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 400 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.
 
لە مانگی ئەیلولی 2015 وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، کە بە مەبەستی بۆردومانکردنی بنکە و بارەگاکانی داعش، سوپای رووسیا بەشداریی شەڕ لە سووریا دەکات، بەڵام هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان پێیانوایە، فڕۆکە جەنگییە رووسییەکان تەنیا بنکە و بارەگاکانی نەیارانی رژێمی سووریا بۆردومان دەکەن.