ڕۆژانە بەغدا 26 تانكەر نەوتی سپی 36 هەزار لیتری ڕەوانەی سێ پارێزگاكەی هەرێم دەكات و چاوەڕوانیش دەكرێت لەچەند ڕۆژی داهاتوودا ئەو بڕە زیاد بكرێت.
ئارێز عەبدوڵا سەرۆكی لیژنەی نەوت و گاز لەپەرلەمانی عێراق راگەیاند: حكومەتی عیراق رۆژانە 26 تانكەر نەوتی سپی كە هەر یەكێكیان 36 هەزار لیترە رەوانەی پارێزگاكانی (سلێمانی، هەولێر، دهۆك) دەكرێن.
سەرۆكی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عیراق راشیگەیاند: چاوەڕوان دەكرێت لەناوەڕاستی ئەم مانگەوە ناردنی بەشە نەوتی سپی بۆ پارێزگاكانی هەرێم لەلایەن بەغداوە زیاتر بكرێت، ئەویش بەهۆی هاوردەكردنی نەوتی سپی لەلایەن حكومەتی عیراقەوە.
هاوكات ئارێز عەبدوڵا داوای لەپارێزگاكانی هەرێم كرد كە ئەگەر هەر پارێزگایەك رۆژانە ئەو بڕە نەوتەی لەلایەن بەغداوە رەوانە دەكرێت پێی نەگەیشتوە داواكاری پێشكەش بكەن تا قەرەبوویان بكرێتەوە.
وتیشی: چەند هەفتەیەك پێش ئێستا سلێمانی هەموو نەوتەكەی بەدەست نەگەیشتبوو، بۆیە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاگادار كرایەوە كە داوای قەرەبوو بكەنەوە.