لە پارێزگای ھەڵەبجە كارگەی ڕستن و چنینی ھەڵەبجە پێنج ھەزار پارچە جلوبەرگی خستە بازاڕەوە، كە ئەمە یەكەم جارە لە كوردستان كارگەیەكی لەو شێوەیە ھەبێت و بەرھەمەكانی بخاتە بازاڕەوە.
كارگەی ڕستن و چنینی ھەڵەبجە ماوەی زیاتر لە شەش مانگە كراوەتەوە و 730 خانم لەو سنوورە ناویان تۆمار كردووە بۆ ئەوەی لەو كارگەیە فێری ئیشكردن ببن، لە ماوەی چوار مانگی سەرەتادا نزیكەی 200 ئافرەتیان فێری كارەكە كراون و رۆژانە بەدەیان پارچە جلوبەرگی جۆراوجۆر دروست دەكرێن.
ئەحمەد شێخە بەرپرسی كارگەی رستن و چنینی ھەڵەبجە وتی: لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا نزیكەی 200 ئافرەتی ناوچەكەمان فێری رستن و چنین كردووە و لە بەرامبەردا 200 دۆلارمان لە ھەر یەك لەو ئافرەتانە وەگرتووە، لە ماوەی دوو مانگی رابردووشدا لەلایەن ئەو ئافرەتانەوە پێنج ھەزار پارچە جلوبەرگ دروست كراون.
شێخە وتی: ئەو پێنج ھەزار پارچە جلوبەرگەی كە دروست كراون وەك وەفایەكە بۆ پێنج ھەزار شەھیدی ھەڵەبجە، بۆیە ئەو ژمارە و ئەو ڕێژەیە ھەڵبژێدرا و ئەمڕۆ یەكشەم 13ی تشرینی دووەم/نۆڤەمبەری 2016، بە ئامادەبونی ژمارەیەكی زۆر لە ھاووڵاتییان و خاوەن دووكانەكان و سەرمایەداران و بازرگانان خستمانە بازاڕەوە.
خاوەنی كارگەكە ئاماژەی بەوەش دا: ھەر ئەمڕۆ چوار گرێبەستمان لەگەڵ كۆمپانیاكانی جلوبەگ كردووە لە ناوخۆ، بۆ ئەوەی جلوبەرگیان بۆ دروست بكەین، ھەورەھا ئەم جلوبەرگەش بەشێكی دەنێرینە دەرەوە وەك وڵاتانی ئێران و توركیا و چەند وڵاتێكی تر.
شۆخان عەلی یەكێك لەو ئافرەتانەی كە كار دەكات لەو كارگەیە وتی: ماوەی چەند مانگێكە كار دەكەین بۆ دروستكردنی ئەم جلوبەرگانە، كارگەكە ژمارەیەك ئامێری تێدایە، بەڵام ئەمانە كەمن و داخوازییەكان زۆرن، بۆیە بەو ھیوایەی حكوومەت ھاوكاری ئەم كارگەیە بكات بۆ ئەوەی گەورەتر بێت و خەڵكی زیاتر سوودی لێ وەربگرن.
ئەو خانمە وتی: من تەواو فێری ئیشەكە بووم، ئێستە دەرچووی ئەو كارگەیەم، ئیتر دەتوانم لە ھەموو شوینێ دووكانێك دابنیم و ئیش بكەم، لەمەودوا ژمارەیەكی تر دێنە كارگەكە و ئیش دەكەن تا فێر دەبن.