زیاتر لە نیوەی کۆچبەرانی سووری لە ئەڵمانیا بێکارن


 رێژەی بێکاری لەنێو کۆچبەرانی سووری لە ئەڵمانیا گەیشتووەتە لەسەدا 50، بەڵام بەشێکی کۆچبەران کاریان دەستکەوتووە، ئەوەش لەڕێگەی تۆڕێک کە کرێکار و خاوەن کار بەیەکدی دەگەیەنێت و کار بۆ کۆچبەران دەدۆزێتەوە.

ناجی نەجمە، پەنابەرێکی سوورییە و خەڵکی دیمەشقە، کە لە ئەڵمانیا مافی پەنابەریێتی وەرگرتووە و کار دەکات، ئەو یەکێکە لەو  سەتان هەزار کۆچبەرەی شەڕ ئاوارەی کردووە، بەڵام هەلی کاری دەستکەوتووە.

بەپێی نووسینگەی کاری ئەڵمانی، بێکاری لەنێو کۆچبەرانی سووری لە ئەڵمانیا رێژەکەی زۆر بەرزە، بەجۆرێک نیوەی کۆچبەرانی سووری لەو وڵاتە بێکارن، هەر بەپێی ئەو نووسینگە ئەڵمانیە، نزیکەی 400 هەزار کۆچبەری سووری لە ئەڵمانیا بەداوی کاردا دەگەڕێن، کە دەکاتە رێژەی لەسەتا حەوتی ئەو کەسانەی داوای پەنابەریێتی دەکەن لەو وڵاتە.