حكومەتی هەرێم دەستی لەبنی هەمانەكە گیر بووە، نە خۆی چارەسەری قەیرانی دارایی پێدەكرێت، نە بەغداش دەروویەكی لێدەكاتەوەو ئەو ئەركەی لەكۆڵ بكاتەوە.
ساڵی 2014 دوای ئەوەی ناكۆكییەكانی نێوان بەغداو هەولێر گەیشتە لوتكە، بەبڕیاری نوری مالیكی سەرەك وەزیرانی ئەوكاتی عیراق بەشە بودجەی هەرێم بڕدرا، لەو كاتەشەوە هەردوو لایەنی ناكۆك نەیانتوانی چارەیەك بۆ ئەو گرفتە بدۆزنەوە.
حكومەتی هەرێم لەبەردەم دوو رێگادایە
هەرچەندە بەقسەی ئەشواق جاف پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، بودجەی هەرێمی كوردستان بە بڕیارێكی زارەكی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عیراق بڕدراوەو هیچ نووسراوێك لەئارادا نییە»، بەڵام تائێستا ئەو بڕیارە زارەكییە لەقۆناغی جێبەجێكردندایە.
قەیرانی دارایی هەرێم تەواوی ساڵانی 2014و 2015 درێژەی كێشاو، ئەوا ئەمساڵیشی هاتە سەر، پێناچێت بۆ ساڵی داهاتووش هیچ بەرچاو روونییەك هەبێت، مادام حكومەتی هەرێم پشتی بەنەوت بەستووە، ئێستا لەبەردەم دوو رێگادایە، یا ئەوەتا نەوتەكەی رادەستی بەغدا بكاتەوە، یا ئەوەتا بەو پارەی نەوتە بەشی پێداویستی ناوخۆ بودجە دابین بكات.
حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند رێگایەكی لە بەردەمدایە بۆ ئەوەی خۆی لە قەیرانی دارایی رزگار بكات، یەكێك لەگرنگترین رێگا گەڕانەوەیە بۆ فرۆشتنی نەوت لە رێگەی بەغداوە، بۆ ئەمەش بەرپرسانی هەرێم جەخت لەوە دەكەنەوە، كە لەچوارچێوەی رێكەوتنێكی نوێدا دەبێت كە هیچ هەنگاوێكی بۆ هەڵنەهێنراوە.
سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: «بەدڵنیاییەوە بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەغداوە، دەبێت رێككەوتنێكی نوێ لەنێوان هەردوولاوە ئیمزا بكرێت، بۆ ئەمەش دەبێت گفتوگۆ بكرێت».
وادەی سەردانەكەی وەفدی هەرێم نادیارە
ئەو دەڵێ: «بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەنێوان هەولێرو بەغدا تائێستا هیچ هەنگاوێكی كردەكی نەنراوەو هیچ بەرنامەیەكیش نییە بۆ ئەوەی وەفدی هەرێم بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەغدا بكات بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عیراق».
دواین جار حكومەتی هەولێرو بەغدا لەسەر نەوتو بودجەی هەرێم رێككەوتن مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 2014 بوو، بەڵام رێكەوتنەكە بەمەرەكەبی سەرە كاغەز مایەوەو هیچی لێ جێبەجێ نەكرا.
رێككەوتنەكە بەشێوەیەك بوو، دەبوو حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە بڕی 550 هەزار بەرمیلی نەوتی گێڵگە نەوتییەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆیو پارێزگای كەركوك لەڕێگەی (سۆمۆ)-كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نیشتیمانی نەوتی عیراقەوە هەناردە بكات، لە بەرامبەردا حكومەتی عیراق مانگانە 17%ی بەشە بودجەی هەرێم رەوانە دەكات. حكومەتی هەرێم ئەوكات نەیتوانی پابەند بێت بەئەركەكەی سەرشانیەوە، پێدەچێت ئێستاش بەهەمان شێوە بێت.
عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم دەڵێت: «حكومەتی هەرێم ناتوانێت پابەندبێت بەو رێككەوتنەی لەماوەی رابردوو لەگەڵ حكومەتی عیراق هەیبوو.
بە 11 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە
عەبدلستار مەجید بەو ماڵپەڕەی راگەیاندووە، حكومەتی هەرێم بەهۆی ئەوەی ئێستا قەرزی دوو ساڵی چەند كۆمپانیایەكی لەسەرەو دەبێت بەنەوت بیانداتەوە، بۆیە ناتوانێت لەساڵی داهاتوو رۆژانە بڕی 550 هەزار بەرمیل رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات.
بەپێی قسەی ئەم وەزیرە بێت، كەواتە ساڵی داهاتووش (2017) نابێت هەرێم چاوەڕێی ئەوە بێت لەبەغداوە بەشە بودجەی پێبدرێت.
قەرزەكەی سەر حكومەتی هەرێم خۆی لە 20 ملیار دۆلار دەدات، ئەمەش ئەو زانیارییەیە كە ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان بڵاوی كردەوە.
هەرچەندە بەغدا لە پڕۆژەی بودجەی ساڵی داهاتوودا رێژەی 17%ی بۆ هەرێم دابین كردووە، بەڵام ئەم بەشە گرێدراوە بەڕێكەوتنەكەی دوو ساڵ لەوەوەو بەرەوە كە زەحمەتە جێبەجێ ببێت.
ئەحمەد حاجی رەشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵی: «پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژە بودجەی گشتیی عیراق دانراوەتەوە بە 11 تریلیۆن دینار، بەو مەرجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوتو داهاتە ئیتیحادییەكان رادەست بكات».
״هەرێم پابەندی رێككەوتنەكە نابێت״
ئەحمەد حاجی رەشید ئاماژە بەوە دەكات، بەپێی ئەوەی حكومەتی عیراق لە پڕۆژە بودجەدا پشكی هەرێمی دیاریكردووە، لەبەر ئەوە ئامادەیە بەشە بودجەش بۆ هەولێر بنێرێت، لەبەرامبەردا دەبێت حكومەتی هەرێم، نەوتی بەڕێژەی دیاریكراو لەڕێگەی سۆمۆوە بنێرێت.
بڕیاردەری لیژنەی دارایی، كە پەرلەمانتارێكی كوردە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە دووری زانی حكومەتی هەرێم بتوانێت پابەندی رێككەوتنەكە بێتو بڕی 550 هەزار بەرمیل لەڕێگەی بەغداوە بفرۆشێت، ئەمە جگە لەوەی بەپێی پڕۆژە بودجەكە، «یەكێك لەو بڕگانەی لەناو پڕۆژەی بودجەدا دانراوە دەبێت هەرێمی كوردستان هەر بڕە نەوتێكی زیادەی هەبوو لە 550 هەزار بەرمیلەكە رادەستی حكومەتی ئیتیحادی بكاتەوە، بۆیە بە بڕوای من نە دەتوانێت پابەند بێت بەو یاسای بودجەیەوە، پابەندبوونیشی واتە پاشگەزبوونەوە لەو گرێبەستە نەوتیانەی، یان لەو هاوبەشییەی لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان لەماوەی رابردوو كردوویەتی».
پشتبەستن بەكەرتەكانی تر
ئێستا هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن رێككەوتنی حكومەتی عیراقو هەرێم لەسەر نەوتو بودجە ئەستەمەو ئەگەریش رێككەوتنی نوێ بكەن، پابەندی بەڕێككەوتنەكە لەلایەن هەردوولاوە قورس دەبێت، چونكە هەرێم پابەندی چەند گرێبەستێكی هەیەو حكومەتی عیراقیش بڕی 21 تریلیۆن دینار كورتهێنانی هەیە، كە بە دابینكردنی بودجەی هەرێم كورتهێنانەكەی زیاتر دەكات.
لەبارەی ئەوەی حكومەتی هەرێم لە ئەگەری رێككنەكەوتنی لەگەڵ حكومەتی عیراق چ رێگەیەك دەگرێتە بەر، بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی، عەبدولستار مەجید وەزیری كشتوكاڵ دەڵێت: «چەند رێگەیەك هەیە بۆ چارەسەری بەشێكی زۆر لەقەیرانەكانی، ئەوانیش پشتبەستنە بەكەرتەكانی تری وەك كشتوكاڵو پیشەسازیو گەشتوگوزارو چەند كەرتێكی تر».
وەزیری كشتوكاڵ لەگەڵ ئەوەی پەنابردن بۆ ئەو كەرتانە بەڕێگەیەكی باش دەزانێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی، بەڵام بەدووری دەزانێت حكومەتی هەرێم جگە لەنەوت وەك سەرچاوەی یەكەمی داهات بیری لەڕێگەیەكی تر كردبێتەوە، دەشڵێت: «پێموایە ئەو قەیرانەی لەدوو ساڵی رابردوو هەبووە بەردەوامی دەبێتو ئەگەریش زۆرە قەیرانەكان قووڵتر ببنەوە».
نیقاش