توركیا: هاوردەكردنی كارەبا بەڕێژەی لەسەدا 30 كەمیكردوە


بەگوێرەی ئامارە ڕەسمیەكانی حكومەتی توركیا، هاوردەكردنی كارەبا بەڕێژەی لەسەدا 30 كەمیكردوە‌و لەماوەی 9 مانگی سەرەتای ئەمساڵدا تەنها بەبڕی 155 ملیۆن دۆلار وزەی كارەبای كڕیووە. 

ئامارە رەسمیەكانی توركیا ئەوەشیان خستۆتەڕوو، لە 9 مانگی یەكەمی 2015دا وڵاتەكەی بڕی 4 ملیارو 654 ملیۆن كیلۆ وات كارەبای لە وڵاتانی یۆنان و بوڵگاریاو جۆرجیاو ئێران كڕیووە، بەڵام لەهەمان ماوەی ئەمساڵدا بەڕێژەی لەسەدا 30 كەمیكردوە‌و تەنها 3 ملیارو 244 ملیۆن كیلۆ وات كارەبای لە یۆنان و بوڵگاریاو ئازەربایجان كڕیووە. 

ئەوەشی روونكردۆتەوە: تێچوونی ئەو كارەبایەی توركیا لە 9 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا كڕیویەتی، تەنها 155 ملیۆن‌و 81 هەزار دۆلار بووە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە تێچووی كڕینی كارەبا لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا 290 ملیۆن و 417 هەزار دۆلار بووە، بەوپێیەش تێچووی كڕینی كارەبا لەماوەی ئەمساڵدا بەڕێژەی لەسەدا 46 كەمیكردوە.