وەزارەتی بازرگانی عیراق ئاشكرای دەكات، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عیراقو ئێران لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 2 ملیارو 500 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندوەو بەزیادكردنی هەناردەی بەرهەمە نەوتیەكانو وزەی كارەبای ئێرانەوە، قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵاتە دەگاتە 20 ملیار دۆلار.
وەزارەتی بازرگانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكردوە: ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان عیراق و ئێران بەڕێژەیەكی زۆر زیادیكردووە، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو شەراكەتەی لەنێوان كەرتی تایبەتی هەردوولا هاتۆتە ئاراوە، یان لەچوارچێوەی هاوردەكردنی راستەوخۆی شمەكی ئێرانیەوە.
ئاماژەی بەوەشكردوە: كە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان بەغداو تاران لەساڵی 2015دا زیاتر لە 6 ملیار دۆلار بووە، لەو بڕەش 50 ملیۆن دۆلاری هەناردەی عیراق بووە بۆ ئێران، هەناردەكانی ئێرانیش خۆی دەبینێتەوە لە ئۆتۆمبێلو پارچەی یەدەگو بەرهەمی پلاستیكیو تەختەو شوشەو ڕستنو ئامێرو خۆراكو كەرەستەی بیناسازی.
سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەمساڵیش، وەزارەتی بازرگانی عیراق دەڵێت، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا قەبارەی بازرگانی نێوان عیراقو ئێران گەیشتۆتە 2 ملیارو 500 ملیۆن دۆلار، بەزیادكردنی هەناردەی بەرهەمە نەوتیەكانو وزەی كارەبای ئێرانیش، قەبارەی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بۆ نزیكەی 20 ملیار دۆلار بەرزدەبێتەوە.