بانكی‌ ناوه‌ندیی‌ عێراق لقی‌ خۆی‌ له‌ سلێمانی‌‌و هه‌ولێر ده‌كاته‌وه‌

 
بانكی‌ ناوه‌ندیی‌ عێراق بڕیار ده‌دات، جارێكی‌ تر لقی‌ خۆی‌ له‌ شاره‌كانی‌ سلێمانی‌‌و هه‌ولێر بكاته‌وه‌، به‌رپرسانی‌ بانكه‌كه‌ش ده‌ڵێن: لقه‌كانی‌ بانكه‌كه‌ راسته‌وخۆ ده‌به‌سترێنه‌وه‌ به‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌ له‌ به‌غداد.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ بانكی‌ ناوه‌ندیی‌ عێراق ئاشكرای‌ كردوه‌، عه‌لی‌ عه‌لاق پارێزگاری‌ بانكی‌ ناوه‌ندی‌، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رێكه‌وته‌وه‌، بۆ كردنه‌وه‌ی‌ لقی‌ بانكه‌كه‌ له‌ هه‌رێمدا.

دامه‌زراوه‌ی‌ مه‌دا له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌كه‌وه‌ بڵاویكردۆته‌وه‌، بانكی‌ ناوه‌ندی‌ سه‌رله‌نوێ‌ لقی‌ خۆی‌ له‌ هه‌ردوو پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و هه‌ولێر ده‌كاته‌وه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ساڵی‌ 2014دا به‌هۆی‌ كۆمه‌ڵێك كێشه‌وه‌ دایخستن.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، بانكی‌ ناوه‌ندیی‌ عێراق‌و به‌رپرسانی‌ هه‌رێم رێكه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌، لقه‌كانی‌ بانكه‌كه‌ له‌ سلێمانی‌‌و هه‌ولێر، راسته‌وخۆ ببه‌سترێنه‌وه‌ به‌به‌غداده‌وه‌‌و له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی‌ فیدراڵدا بن.

پێشتر به‌هۆی‌ كێشه‌ی‌ داراییه‌وه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و به‌غداد، بانكی‌ ناوه‌ندیی‌ عێراق لقه‌كانی‌ خۆی‌ له‌ سلێمانی‌‌و هه‌ولێر داخست، بانكی‌ ناوه‌ندی‌ هۆكاره‌كه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌، كه‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ هه‌رێم ده‌ست وه‌رده‌داته‌ كاروباره‌كانیان.