سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەگەڵ حکومەتی میسردا پێکھاتوون لەسەر دواخستنی کۆبونەوەی ئەنجومەنی بەرێوەبردنی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی تایبەت بەبریاردان لەسەر پێدانی بڕی (٤.٨) ملیار دۆلار قەرز بەمیسر.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی دا، ھشام قەندیل سەرۆک وەزیری میسر، رایگەیاند: کۆبوونەوەکە بۆ ماوەی دوو مانگ دواخراوە تا ئەوکاتەی بارودۆخەکە ئارام دەبێتەوە.
دواخستنی پێدانی ئەو بڕە قەرزە بەگورزێک لە قەڵەم دەدرێ بۆ پلانەکانی حکومەت کە ئەو بڕە قەرزە بەپێویست دەزانێ بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییەکان، ئەوەش دوای بڕیارێکی محەمەد مورسی سەرۆکی میسر دێ تایبەت بەگرتنەبەری چەند رێوشوێنێک، لەوانە زیادکردنی بڕی باج لەسەر ٥٠ کاڵا، ئۆپۆزسیۆنی میسریش رەخنەی توندی ئاراستەی مورسی کردبوو لەبەرامبەر ئەو بڕیارەدا.
کەمھێنانی بودجەی میسر بۆ ساڵی ٢٠١٢-٢٠١٣ بەنزیکەی ٢٧ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێ و ئەو وڵاتە بەنیازە نزیکەی ١٤ ملیار دۆلار لە چەندین دەوڵەت و دەمەزراوەی جیھاتی قەرز بکات، لە نێوانیان دا سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، لە ھەوڵێک دا بۆ پڕکردنەوەی کەمھێنانی بودجەو خستنەگەڕی بەرنامەیەکی ئابووری چاکسازی بۆ ماوەی ٢٢ مانگ.