ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی ئه‌مریکا ده‌ستی پێکرد

 
ئه‌مڕۆ سێشەممە 8-11-2016 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، بەهێزترین کاندیدەکانیش بۆ سەرۆکایەتی ئەمریک ژنێك و بازرگانێكن.



زیاتر لە 220 ساڵە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بە هەمان سیستەم بەڕێوەدەچێت و، سەرۆک چوار ساڵ لە کۆشکی سپی دەمێنێتەوە، هەژموونی ئەمریکاش لەسەر زۆربەی وڵاتانی جیهان وایکردووە، تەواوی وڵاتان بە گرنگییەوە چاودێری هەڵبژاردنەکە بکەن و بۆچوونیان لەوبارەوە بخەنەڕوو.



سەرۆک دوای سەرۆک هاتوونەتە کۆشکی سپی و جێیان هێشتووە، بەڵام نەریت و سیستەمی هەڵبژاردنی ئەمریکا هیچ گۆرانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە. لەگەڵ ئەوەشدا یەکەمین جارە لە مێژووی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا ئافرەتێک و بازرگانێک پێشبڕکێی چوون بۆ کۆشکی سپی دەکەن. 

چەند ویلایەتێک سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا دیاریدەکەن  هەڵبژاردنەکە لە 50 ویلایەت و واشنتۆن دی سی بەڕێوەدەچێت و هەریەکە لەو ویلایەتانەش خاوەن ژمارەیەک دەنگە. بۆ ئەوەی کاندیدێکیش ببێتە براوەی هەڵبژاردنەکە دەبێت 270 دەنگی ویلایەتەکان بەدەست بهێنێت.  سرووشتی کۆمەڵگەی ئەمریکا بەو جۆرەیە لە هەندێک ویلایەتەکان کۆمارییەکان زۆرینەن و لە هەندێک ویلایەتی دیکەش دیموکراتەکان زۆرینەن، بۆیەش چەند ویلایەتێک دەمێننەوە کە سەرۆکی وڵات یەکلایی دەکەنەوە.    لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا هیلاری و ترەمپ بانگەشەیەکی زۆریان لەو ویلایەتە یەکلاکەرەوانە کردووە، راپرسیەکانیش دەریدەخەن رکابەرایەتییەکان بەردەوامن و ئەمڕۆ یەکلایی دەکرێتەوە.
 
سەنتەری توێژینەوەی (ریپیوتەیشن) بە پشتبەستن بە ئەنجامدانی چەندین توێژینەوەی گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ژنێک دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا.