هەوڵدەدرێت بەغدا پابەندبكرێت


پەرلەمانی عیراق خوێندنەوەی ڕاپۆرتی لیژنەی دارایی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2017، بۆ ڕۆژی دوو شەممە دوادەخات‌و پەرلەمانتارێكی كوردیش دەڵێت، لە هەوڵی ئەوەداین حكومەتی عیراق پابەند بكەین، بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانەوە. 

هەرچەندە بڕیاربوو لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عیراقدا، ڕاپۆرتی لیژنەی دارایی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە ساڵی 2017 بخوێنرێتەوە، بەڵام بەهۆی زۆری بڕگەكانی نێو دانیشتنەكەوە، كات نەما بۆ ئەوەی ڕاپۆرتەكە بخوێنرێتەوە، لەبەرئەوە سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراق بڕیاریدا، خوێندنەوەی ئەو ڕاپۆرتە بۆ رۆژی دوو شەممە دوابخرێت.

لەوبارەیەشەوە (ئەحمەدی حاجی ڕەشید) بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق  راگەیاند: وەكو نوێنەرانی كورد كۆدەنگین لەسەر ئەوەی كە چەند گۆڕانكاریەك لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2017ی عیراقدا بكرێت، لە هەوڵی ئەوەشداین كە چۆن حكومەتی هەرێم پابەندكراوە بە هەناردەكردنی نەوتەوە، حكومەتی عیراقیش پابەند بكرێت بە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانەوە.