باشماخ بوو بە سێیەم دەروازەی ترانزێتی ئێران


بەختیار رەحمانیپوور بەڕێوەبەری گشتیی گومركەكانی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان ئاشكرای كرد، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی باشماخ زیادی كردووە و ئێستە دەروازەكە بە سێیەم دەروازەی ترانزێتی ئێران هەژمار دەكرێت، سەرەڕای ئەوەی كە لە رووی ترانزێتەوە قەبارەی بازرگاناییەكەی تا رادەیەك دابەزیوە.

ئەو باسی لەوە كردووە كە هەوڵەكانیان بەگەڕ خستووە تا لەرووی ئاڵوگۆڕی بازرگانی پەرەی زیاتر بە دەروازەكە بدەن و زۆربەی كارەكان بە ئەلیكترۆنی بكەن.

بە گوێرەی ئامارێك كە رەحمانیپوور ئاماژەی پێ كرد لە حەوت مانگی رابردوودا بە قەبارەی ١٨٤ ملیۆن دۆلار شتومەك بە كێشی ٣٤٣ هەزار تۆن لە رێگەی دەروازەكانی پارێزگای سنەوە  بۆ دەرەوە ترانزێت كراون و نێردراونەتە وڵاتانی تر.

ئەو باسی لەوەش كرد كە لەرووی بەهای شتومەكەوە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو دابەزین تۆمار كراوە. هەر لە حەوت مانگی رابروودا توانای دەروازەی نیودەوڵەتی باشماخ كە كەوتووەتە سنووری مەریوان ملیارێك و ٥٦٧ ملیۆن دۆلار بووە كە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو ٣٠% دابەزیوە.

سەرەڕای ئەم دابەزینە هێشتا دەروازەكە بە سێیەم دەروازەی ترانزێتی ئێران هەژمار دەكرێت.

دەروازەی باشماخ لە دیوی هەرێمی كوردستان كەوتووەتە سنووری پێنجوێن و بەشێكی بەرچاو لە پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق لەو دەروازەیەوە دابین دەكرێت.