په‌رله‌مان له‌باره‌ى پرسى بودجه‌ كۆدەبێتەوە


له‌ ئێستادا دانیشتنى په‌رله‌مانى عێراق تایبه‌ت به‌ تاووتوێكردنى پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى 2017 به‌رده‌وامه‌، هاوكات وابڕیاره‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆش سه‌رۆكى په‌رله‌مان و فراكسیۆنه‌كان بۆ هه‌مان به‌مه‌به‌ست كۆببنه‌وه‌.

پێش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌وه‌ دانیشتنى په‌رله‌مانى عێراق ده‌ستى پێكردووه‌ و ته‌وه‌رى سه‌ره‌كى دانیشتنه‌كه‌ش تاووتوێكردنى پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى 2017 ى عێراقه‌ و له‌ ئێستاشدا دانیشتنه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌”.

هاوكات وابڕیاره‌ كاتژمێر حه‌وتى ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانى عێراق “سه‌لیم جبوورى” له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان كۆببێته‌وه‌ و ئامانجى سه‌ره‌كى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش پرسى بودجه‌ ده‌بێت.

له‌باره‌ى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم و رێككه‌وتنى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، ئه‌ندامى فراكسیۆنى یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى عێراق “نه‌وزاد ره‌سوڵ” رایگه‌یاند “ده‌بوایه‌ حكومه‌تی هه‌رێم زیاتر په‌رۆشی خۆی نیشانبدایه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به‌تایبه‌ت كه‌ ئێمه‌ وه‌ك په‌رله‌مانی عێراق له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا به‌ره‌و په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2017 ده‌چین، بۆیه‌ پێویست بوو پێش ئه‌وكاته‌ پشكی هه‌رێم له‌ پڕۆژه‌كه‌ جێگیر بكه‌ین، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ ئێستادا سه‌ردانی وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ به‌غدا زۆر گرنگ و پێویسته‌ ئه‌نجام بدرێت”.

رێكه‌وتی 23 ی تشرینی یه‌كه‌می 2016 پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2017 ی عێراق گه‌یشته‌ په‌رله‌مانی عێراق و پشكی هه‌رێمی كوردستانی تێدا جێگیركراوه‌ كه‌ بڕه‌كه‌ی نزیكه‌ی دوانزه‌ تریلیۆن دیناره‌، به‌مه‌ش ئه‌گه‌ر هه‌رێم رێككه‌وتنه‌كه‌ی كه‌ پێشتر له‌گه‌ڵ به‌غدا واژۆی كردووه‌ جێبه‌جێی بكات ئه‌وا بودجه‌كه‌ی بۆ زیاتر له‌ دوو هێنده‌ به‌رزده‌بێته‌وه‌، به‌وپێیه‌ی به‌پێی ڕاپۆرته‌كانی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌ زۆرێك له‌ مانگه‌كانی ڕابردوودا له‌ ڕێی سه‌ربه‌خۆ فرۆشتنی نه‌وته‌وه‌ هه‌رێم مانگانه‌ كه‌متر له‌ 500 ملیار دیناری ده‌ستكه‌وتووه‌ كه‌ كۆی گشتی ساڵه‌كه‌ ده‌كاته‌ 6 تریلیۆن دینار، ئه‌مه‌ش نیوه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌یه‌ كه‌ عێراق ئاماده‌یه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستانی دابین بكات.